کوردستان لەسەر بورکان
هۆشیار عەبدوڵا
2021-07-16   1214
لانیکەم چوار (هەڵبەتە زۆرترن) کارتێکەر و پێدراوی سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەرەکی پێمان دەڵێن هەرێمی کوردستان لەسەر بورکانی تەقینەوەیەکی سیاسیی و جەماوەری گەورەیە، بە هەمان ناونیشانی ئەو کتێبەی گەورە نوسەری عەرەب هەیکەل نوسیویەتی کە تورەیی گەلانی ئێرانی دژی رژێمی شاهنشایی پێشبینی کردبوو (ایران فوق برکان).
یەکەم: لە ئاستی سیاسی.
ئەگەر تەنها بەرەی نارەزایەتی ناو ئەو سێ حزبە سەرەکیە بە نمونە وەربگرین کە حکومەتیان پێک هێناوە و لە دەسەڵاتدان دەتوانین بڵێین؛ نارازییەکانی ناو پارتی لە رازیەکان زیاترن، نارازیەکانی ناو یەکێتی لە رازیەکان زیاترن، نارازیەکانی ناو گۆڕان لە رازیەکان زیاترن. جیا لەوەی کەسایەتی و هێز و حزبی تر هەن بە فەلسەفە و تێروانینی جیا جیا دژ و موعارەزەی مۆدیلی دەسەڵاتی ئەو سێ حزبەن.
دوەم: لە ئاستی ئابوری.
بنەمای سەرەکی و یەکەمی حوکمڕانی لە دنیای ئێستادا ئابورییە، دەسەڵاتدرانی کوردستان لەسەر حسابی دەوڵەمەند کردنی بنەماڵە و حزبەکانی خۆیان ئابوری هەرێمیان وەک کیانێکی دەستوری لە عیراقدا بە تەواوی تەپاندوە، چەندین ساڵە نەوت دەفرۆشن کەچی لەبری ئەوەی پارەی دانراویان هەبێ زیاتر لە قەبارە و توانای دەولەتێک قەرزارن یا قەرزیان لە سەر ئێستا و ئایندەی خەڵکی هەرێم کردۆتە ماڵ، بە سێ چوار سەرچاوەی جیای داهات ناتوانن موچە بدەن، بە درێژایی ئەو ماوەیە نەک ئابوریەکی بەهێز بەڵکو ئەلف و بێی دامەزراوە ئابورییەکانیشیان بونیادنەناوە. بە کورتیەکەی بە مۆدێلی کلیپتۆکراسی (حوکمڕانی چەتەکان) ئیدارەی هەرێم ئەدەن.
سێهەم: لە ئاستی کۆمەڵایەتی.
لە ساڵی ۱۹۹۱ ەوە هیچ وەختێک تورەیی و بێزاری و بێهیوایی خەڵکی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم وەک ئێستا هەڵنەکشاوە.
بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی رابردوو نمونەیەکی زەقی ئەو بێزاریەیە جیا لە خۆپیشاندانی بەردەوامی خەڵکی ئەو ناوچانە بە تایبەتی کە ئێستا بادینانیشی گرتۆتەوە و پارتی ناچار بوە دەیان چالاکوان و مامۆستا و رۆژنامەنوس بە نایاسایی بخاتە زیندانەوە. کەواتە لە ئاستە کۆمەڵایەتیەکەش گریمانەی تەقینەوەی جەماوەری لە ئاستێکی بەرزدایە.
چوارەم: لە ئاستی دەرەکی.
تا پێش روداوەکانی کوشتنی رۆژنامەوانان و داخستنی پەرلەمان و ریفراندۆم لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرێم عێراقێکی تر بوو، وردە وردە ئەو وێنەیە گۆڕا، سەنگی ناوی هەرێم لە پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە بە زلهێزانیشەوە گۆڕا، کار گەیشتە ئەوەی لە کەیسی چالاکوانانی بادینان ناوی کونسولخانەی زلهێزان بزرێنرێ.
جگە لە هاوکێشەی ناوخۆیی و هەڵەکانی بکەرە سیاسیەکانی هەرێم، لە ئاستی دەرەکی و هەرێمایەتیشدا هیچ کات هەرێم هێندە لاواز نەبوە. بەتایبەتی کە رازی بون یان بە سیاسەتی هەڵەشەی خۆیان وایانکردوە هەرێم ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان زلهێزانی وەک ئەمریکا و ئێران، ئەوە جگە لە تەراتێنی بەردەوامی پڕ مەترسی تورکیا.
چارەسەر؛
هیچ گومانێک نیە لەوەی کە مۆدێلی حوکمڕانی ئێستای هەرێم دەبێ گۆڕینی ریشەیی تێدا بکرێ چونکە ناتوانێ بەم هەمو شکستەوە لە ئیدارەدانی ژیانی خەڵک بەردوام بێ. ئەوەش ڕونە کە لە هەرێمدا ئەزمونی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا (بەتایبەتی جۆری بەشداری لە کابینەی ۹ )و ئەزمونی هێزی تری دوای گۆڕانیش ( بەتایبەتی هاوپەیمانی) بێهیوایەکی قوڵیان لای نەک خەڵکی ئاسایی بەڵکو نوخبە جۆراجۆرەکانیش دروست کردوە بەلام چارەسەر کۆڵنەدان و تێهەڵچونەوە و بەردەوامییە.
ئەو ناڕەزایەتییە فراوانە سیاسییەی هەیە لەگەڵ ئەو نارەزایەتییە کۆمەڵایەتیە پێکەوە دەتوانن بەرەیەکی سیاسیی فراوان لە دژی کۆی رێساکانی حوکمڕانی هەرێم سەرپێ بخەن، ئەوەش حەتمەن کار و پێشمەرجی زۆر و سەختی دەوێ، دیارترینیان ئەوەیە کە لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەو بەرە سیاسیە نوێیە لە پێناوی دروستکردنی بەرەیەکی رزگاری نیشتیمانیی باوەڕی قوڵ بە کاری پێکەوەیی بهێنن و هەمو ناکۆکی و جیاوازیەکی رابردوو وەلا بنێن و لە سەر بنەمای لاپەرەیەکی نوێ، چاویان تەنها لە ئێستا و ئایندە بێ، بۆ ئەوەش دەبێ بە خێرایی جوڵە و گفتوگۆی فراوان و بونیاتنەر سەرپێبخرێ.