دو ڕۆژی دیكە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، پاش تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر ئەزمونێکی هاوشێوە کە پڕی پێشهات بو، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاواز بكات لەوانی تر. لە نێو تەوەرە فرەڕەهەندەكانی هەڵبژاردندا ئەم چەند تەوەرەیە دەشێت جێگەی هەڵوێستە و تێڕامان بن:
1_ هەڵمەتی هەڵبژاردن:
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024 دا هەندێک لایەنی ئەرێنی و لە هەمان کاتیشدا هەندێك لایەنی نەرێنی هەبون كە لێكەوتەیان لەسەر پرۆسەكە و دەرهاویشتەكانیییەوە دەبێت:
لایەنە ئەرێنییەکان:
_ ئاستی بەریەککەوتنی گوتار تا ڕادەیەك زۆر بەرز بو، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە توندوتیژی و پەلاماردان لە هەڵمەتەكەدا شیاوی باس نەبو بەراورد بەو جۆش و خرۆشە، ئەمەش پێشهاتێکی باشە بۆ گۆڕینی میکانیزمی ململانێ لە وڵاتێکدا کە هێزی چەکداری جۆراوجۆری تیایەو هێشتا کاریگەرە بە لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ و هەمیشە تارمایی شەڕی بەسەرەوەیە.
_ لە هەڵمەتەکاندا بەکارهێنانی خەبات و ڕابردو زۆر پاشەکشەیانکرد، لە بەرامبەردا گفت و بەڵێنەکان دەربارەی ئێستا و داهاتوی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵكشان، کەمتر "خەباتی شاخ" و "قوربانی" و "شەهیدان" کرانە کەرەستەی هەڵمەتەکان کە نەوەی ئێستا زۆر تێی ناگەن و زۆرجاریش موزایەدە و زێدەڕۆیی و ئاوەژوکردنی تێدەکەوێت.
_ سەركردە و بەرپرسەكان ناچاربون گرنگی بە ڕایگشتی بدەن و بچنە ناو خەڵك و كۆبونەوە جەماوەرییەكان گرنگی زۆریان پێدەدرا، ئەمەش گەڕانەوەی گرنگییە بۆ ڕای خەڵك كە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەوان سەرچاوەی شەرعیەت بن.
_ سەرباری پەرتەوازەیی زۆری لیستە ڕكابەرەکان، جەمسەرگیرییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن بون ئەمەش دەشێت بۆ وێستگە و قۆناغی تر پەرەی پێ بدرێت. حوکمڕانی ئەگەر عەیار 24یش بێت، ڕێسای یاریی دنیای ئێستا وایە کە دەبێت هاوکێشەکە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێکبێت و ناکرێت و ناشێت هەموی لە حوكمڕانیدا بەشداربێت.
لایەنە نەرێنییەکان:
_ بەرزکردنەوەی سەقفی گفت و بەڵێنەکان گەیشتنە ئاستێک دەشێت دواتر ببنە هۆكاری بێهیوایی زیاتر، بەتایبەت ئەوکاتەی بە دڵنیایی کە لانیکەمی ئەو گفتانە جێبەجێ نابن.
_ شەڕە قسەو بەریەککەوتنی توند سەرباری لایەنی باشی بەتاڵکردنەوەی حەماسەت و تەزو کراوەیە بەڕوی ئەگەری خراپیشا کە دوبارەبونەوەی ئەزمونی تورکیا و ئێرانی دراوسێیە، پرۆسەی سیاسی ئەم دو وڵاتە پڕیەتی لە شەعبەوییەت و شەڕە قسە، بەڵام بارودۆخ لەسەر ئەرزی واقیع تا ڕادەی زۆر هەروەک خۆیەتی و ناگۆڕێت.
_ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا چەمکی زۆر ئاوەژوکران و فریودان و زانیاری نادروستی زۆر دەرخواردی خەڵک دران، تێكەڵكردنی زۆر هەبون لەنێوان ئەرکی پەرلەمان و ئەرکی حکومەت، ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش دواتر ئاسان نییە و پاش هەڵبژاردن یەخەی پەرلەمانتارانی دەرچو دەگرێت، کاتێکیش کە بە دڵنیایی ناتوانن ئیشی حکومەت بکەن دەکەونە بەر ڕەخنە و تەنانەت نەفرەتیش.
_ لە هەڵمەتەکاندا ڕاستییەک فەرامۆش کرا کە وتنی لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکان نەبو، ئەویش ئەوەیە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مەحکومە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بۆ موچە و بودجەش هەر چاوی لە دەستی بەغدا دەبێت و چیتر کوردستان سەرچاوەی تەشریعی دەستکراوە و خاوەن ئابوری و دارایی سەربەخۆ نییە، بەرچاوڕونی ئەوتۆش لەبارەی هاوکێشەی هێز لەسەر ئاستی فیدراڵی بە خەڵک نەدرا کە زیاتر لە هەموشت لە ئێستادا كاریگەریی لەسەر كوردستان هەیە.
2_ گرێی بەشداریكردن و بایكۆتكردن:
كێشەیەكی گەورەی هەڵبژاردن لە كوردستان و دنیا پاشەكشەی رێژەی بەشداریكردنە. لە كوردستاندا بەپێی هەندێک ڕاپرسی نێوخۆیی و هەندێک ئاماژەی دیکە، ڕێژەی خەڵکی دودڵ و ڕاڕا دەربارەی هەڵبژاردن کەم نین، بەشی زۆری ئەمانەش پاساو و هۆکاری خۆیان هەیە کە زەقترینیان چەقبەستنی دۆخی هەرێم و سوڕانەوەیەتی لە نێو بازنەیەکدا بەبێ هەبونی ئاسۆیەکی ڕونی دەربازبون. بەڵام بۆ بەرچاوڕونی ئەم توێژە ڕەنگە ئەم چەند ڕاستییە گرنگ بن:
_ ئەزمونی خولەکانی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەت چوارەم و پێنجەم پێمان دەڵێن؛ نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە و بەرچاو بکرێت لە خولی شەشەم، تەنانەت لە خولی حەوتەم و دوای ئەوەش، ئەگەر زەمینەی تر نەڕەخسێت و لەسەر ئاستەکانی دیکە ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بەشێکی زادە و دەرهاویشەی ژێرخانە کۆمەڵایەتی و بنیاتە کولتورییەکەیە و تەنیا دەنگدان نایگۆڕێت.
_ ڕاستییەکی تر هەیە کە تا هەنوکە هیچ بەدیلێکی دیکەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەکە و دنیادا نییە، عەرەب قسەیەکیان هەیە بۆ ئێمەش کت و مت ڕاستە "إما الانتخاب أو الانقلاب"، بژاردەی دوەمیشیان (كودەتا) لە کوردستاندا ڕودانی تاڕادەیەک لە مەحاڵەوە نزیکترە چونکە ئێمە لە چوارچێوەی سیستمێكی تایفی عێراقیداین كە هەمیشە مەترسیمان لەسەرە، جگە لەوەش زیاتر لە جەمسەرێکی دەسەڵات و زیاتر لە گروپ و دەستەیەکی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش لە كوردستاندا هەن و لە خاڵی كۆتاییدا ڕگرن، هەروەها ڕونە کودەتاش تەنیا بەسەر یەک لایەنی شمولیدا دەکرێت کە هەمو شت تەنیا و تەنیا خۆی بێت نەك ئەو تێكچڕژانەی ئێستا.
_ ڕێگاکانی گۆڕانکاریی فرە و جۆراوجۆرن و پشو درێژی پێویستە، هەر هیچ نەبێت دەشێت هەڵبژاردن وەک ڕاپرسییەکی جەماوەری لەبارەی خواست و ویستی دەنگدەر و هەڵوێستی خەڵک لە کارو ئەدای لایەنە سیاسییەکان تەماشا بکرێت و خەڵک لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆیان بگەیەنن بەتایبەت كە بەشداریكردن هیچ قورس نییە و تێچوی نییە لەسەر دەنگدەر و هەمو ئاسانكارییەكی بۆ كراوە.
_ سەرباری هەمو ئەمانەش ویستی بەشداریکردن یان بایکۆتكردن؛ بڕیارێکی زۆر تایبەتە و هەر چۆنێک بێت هەر دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و شیاو نییە هیچ بەرەیەک پلار لەوی دی بدەن و جگە لە توركیا ڕەنگە كەم هەڵبژاردن هەبن لە دنیا كە رێژەی بەشداریكردن بچنە سەرو 50%.
3_ قۆناغی پاش هەڵبژاردن:
ڕەنگە سەرقاڵی هەڵمەتەكان و لۆكاڵی بونی گوتارەكان هەندێك لە دەوروبەرمان دایبڕیبین، لە ئێستادا ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی (ترەمپ بەتایبەت ئەگەر بگەڕێتەوە)، دەیانەوێت نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنن. ئەم نەخشەیە لە دەریای ناوەڕاستەوە تا ناو عێراق درێژ دەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران و باڵ و تەواوكەرەكانی لە ناوچەکە بە هەمو توانایەک کە هەیانە بەرگری دەکەن و دەیانەوێت شکست بەم پرۆژەیە بهێنن، لەم نێوەنەشدا کوردستان لەگەڵ ئەو ململانێ جیۆسیاسییەدا یەخانگیرە و کەشتییەوانی باشی دەوێت لە گێژەڵوکە و تەوژمە چاوەڕوانکراوەکان بیپەڕێنێتەوە، بۆیە گرنگە بەخێرایی گرێی هەڵبژاردن و ئاڵۆزییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێپەڕێنین و بچینە سەر پەڕەی سپی پاش هەڵبژاردن. زۆر گرنگە پرۆسەکە هەر دەرەنجامێکی هەبێت بەخێرایی قبوڵبکرێت، هەر لە ئێستاشەوە مشوری ڕۆژی پاش جێگیرکردنی ئەنجامەکان بخورێت، چونکە ڕونە کە دەوڵەتانی ناوچەکە بەتەنیا ناتوانن بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوەو ئەوەتا هەمو خەریکی جەمسەرگیری و هاوپەیمانێتین، ئیتر ئەبێ هەرێمێکی بچوک لە نێو دەستورێکی کاڵ و خاوی دەڵەمەدا چۆن بە پەرتەوازەیی و بەبێ دیگایەكی ڕون بتوانێت.