ڕۆژی 19ی ئەم مانگە (نیسانی 2024) موقتەدا سەدر لە یەپامێكدا كە بەناوی "خودای محەمەد و عەلی" دەستیپێكردوە، پشتئەستور بەوەی ناوی ناوە "زۆرینەی نیشتمانی میانڕەو"، داوا دەكات بە یاسایەك، 18ی هەمو مانگێكی حاجیان (ذي الحجة)، بكرێتە پشوی فەرمی، ئەمەش هاوتای "ڕۆژی غەدیرە".
سەدر لە داواكەیدا هانی باڵە سیاسییەكەی دەدات (ڕەوتی نیشتمانی شیعی) كە هەمو رێگایەكی ئاشتیانەو یاسایی بگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی پشوی "غەدیر" لە پەرلەمان، بە دوای ئەوەشدا "موحسین مەندەلاوی" سەرۆكی ئێستای "ئەنجومەنی نوێنەران"، پرۆژە یاسایەكی لەوبارەیەوە لە پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەدرییەكانەوە وەرگرت و خستییە ڕێككاری یاسایی، ئەمەش بوەتە هەوێنی مشتومڕێكی قوڵ لە نێو چالاكانی هەردو پێكهاتەی شیعەو سوننە لە عێراق پاش ساڵانێك لە ئۆقرەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵگایی.
سەرچاوە متمانەدارەكانی هەردو ئایینزای شیعەو سوننە لەوەدا كۆكن؛ پاش حەجی ماڵئاوایی(١٠ك/٦٣٢ز)، پەیامهێن لە ناوچەیەك كە پێی دەوترێت "غەدیری خوم"، وتاری داوە بۆ حاجیان و جەختی لەوەكردوەتەوە: ئەو مەولای هەركەس بێت ئەوە "عەلی"ش بە هەمانشێوە (من كنت مولاه فعلي مولاه)، بەڵام هەردولا لەبارەی ماناو ڕاڤەی ئەم فەرمودەیە ناكۆكی و ناجۆری و دژیەكی زۆریشیان هەیە.
سەرچاوە و گێڕانەوە شیعییەكان ئەم پێشهاتەی "غەدیر" و فەرمودەكە بە بناغەو سەرچاوەی تیۆریای "ویلایەت" دادەنێن كە تێیدا "عەلی كوڕی ئەبو تالیب"ی ئامۆزا و زاوا و كەسی نزیكی پێغەمبەر كرابێتە دەمڕاست و پێشەواو جێگرەوە لە پاش ئەو، بەڵام دواتر "غەدری لێكراوە". بەلای سوننەكانیشەوە فەرموەدەكە جگە لە سەلماندنی خۆشەویستی "عەلی" هیچ ئاماژەیەكی لەو چەشنەی تێدا نییە شیعە دەیڵێن و جێنیشینی (خیلافەت) بەجێهیڵراوە بۆ شورا، ئەوەشی لە "سەقیفەی بەنی ساعیدە" ڕویدا لە پاش ئۆغری پەیامهێن لە دانانی “ئەبوبەكر” بە جێنشین، هیچ خەوشوخاڵێكی تێدا نییە و ئەوە هەق و ڕاستییە شەرعییەكەشە.
بە پێچەوانەی گێڕانەوە شیعییەكان لە بیروباوەڕی باوی سوننەدا "باشترین كەس لە پاش پەیامهێن “ئەبوبەكر” پاشان “عومەرە"، بەڵام لە بەراورد لە نێوان "عوسمان و عەلی" دەرفەت و بوارێكی بچوكی تێدایە جێگۆڕكێییان پێ بكرێت ئەویش تەنیا لە فەزڵ و چاكەدا نەك ڕیزبەندی خیلافەت، ئەمەش كۆڕای قوتابخانە سوننەكانی لەسەرە و بەلای ئەوانە هیچ كات "عەلی" لەپێشر نییە لە ئەبوبەكر (الصدیق) و عومەر (الفاروق)، ئەمەش خاڵی بەریەككەوتنە لەگەڵ "غەدیر".
هەندێك لێكدانەوە هەنگاوەكەی سەدر دەخنە چوارچێوەی "مزایدة"كردن بەسەر ڕكابەرە شیعەكانی لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پابەندی بە سروت و پرسە شیعییەكان، هەندێكی تر دەیگێڕنەوە بۆ كاریگەریی دورەپەرێزی و دابڕان و نەخوێندنەوەی لێكەوتەی پێداگرییەكە لەسەر بە پشوكردنی غەدیر، لە بەرامبەریشدا هیچ لە شیعە ڕكابەرەكانی تا ئێستا بە "بەڵێ" یان "نەخێر" لەسەر ئاستی فەرمی و ئاشكرا وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام باوەڕێك هەیە تێپەڕاندنی یاسای "بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی و لادانە سێكسییەكان" لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە وەڵامی "مزایدة"ی سەدر بێت، ئەوەش هەیە ئەم یاسایەی تر لەبارەی لەشفرۆشی كۆدەنگی ئیسلامی و كۆمەڵگایی زیاتری لەسەرە.
كێشەی بەجەژن و بە پشوكردنی "غەدیر" تەنیا لەوە نییە بۆنەیەكی جێگە مشتومڕ و ناكۆكییە لەنێوان دو پێكهاتە مەزهەبییە سەرەكییەكەی عێراق بەڵكو دو ئاڵۆزی گەورەی تێدایە:
_ بە فەرمیكردنی شرۆڤەی شیعی بۆ "غەدیر" لەسەر ئاستی دەوڵەت، دژی چیرۆك و ڕیوایەتی سوننەكانە بۆ عەقیدە و مێژوی پاش سەردەمی پەیامهێن.
_ لێشاوێك فەتوای نێو سەرچاوە دێرین و نوێیەكانی شیعە بەردەستن لەسەر ئەوەی هەركەس بڕوای بە ویلایەتی "عەلی" نەبێت كە سەرچاوەكەی "غەدیر"ـە ئەوە لەبەرەی بێبڕوایانە و یان لانیكەم باوەڕەكەی مۆڵەقە و بەر سۆز و بەخشینی خودا ناكەوێت، بەم پێیەش ئەگەر سوننەكان بە "غەدیر" ڕازیبن بە جۆرێك لە جۆرەكان دەشێت وەها لێكبدرێتەوە كە دەچنە ژێرباری تەكفیركردنی خۆیان!
لەم كێشمەكێشە كراوە ئاڵۆزەدا چارەسەرێكی سێیەم هەیە كە "غەدیر" لە پارێزگا شیعەكان بكرێتە ئاهەنگ و پشو لە ڕێگای ئەنجومەن خۆجێییەكانەوە، بەبێ ئەوەی لەسەر ئاستی دەوڵەت بگشتێنرێت، بەڵام هەندێك لە شیعەكانی تر دەڵێن: چما ئێمە بۆ "نەورۆز" و سەری ساڵی زاینی و بۆنە ئیسلامییەكانی تر پشومان قبوڵە بەڵام كە نۆرە هاتوەتە سەر بۆنەكەی ئێمە لە زۆر لاوە ڤیتۆ بەرزكراوەتەوە!
مشتومڕی غەدیر كە ئێستا ناوەندی میدیایی و سیاسی عێراقی پێوە سەرقاڵە، یەكێكە لە دەرهاویشتە و قەیرانەكانی نەبونی دیدگا بۆ بەرێوەبردنی وڵاتی فرەچەشن و فرەپێكهاتە، چونكە ئەگەر ئەمە تێپەڕێت چەندین بۆنە و ڕۆژی تری پڕ ئیشكال هەیە دەشێت ببنە هۆكاری پێكدادان و بەریەككەوتن لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكان، ئەمەش پێویستی بە عەقڵ و سەلیقە و بەرنامەی جیاكردنەوەی سایدەكانە بەجۆرێك هەر پێكهاتە و بازنەیەكی كلتوری و ڕۆشنبیری لە عێراقدا مافی پابەندییان بە باوەڕ و سروتی خۆیانەوە هەبێت لە فەزای تایبەتدا، بەبێ ئەوەی هەوڵبدەن بیگشتێنن بەسەر هەمویدا و بیكەنە پشویەكی فەرمی و گشتی بە تۆپزی.