خۆپیشاندان‌و رقی خەڵک‌و بێباکی دەسەڵات

شۆڕش حاجی
  2020-12-11     516
خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە نیشانەی ئەوپەڕی بێزاریی خەڵکی کوردستانە لەو بارودۆخەی کە تێیدا دەژین‌و بەڵگەی توڕەییانە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و حوکمڕانیی کوردی‌. شێوەی خۆپیشاندانەکانیش نیشانەیەکی تری نائومێدبونی نەوەی ئەمڕۆیە بەهەر هەوڵ‌و شێوازێکی تر لەپێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری‌. ئەم حاڵەتەش لەخۆوە نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکو لە ئەنجامی دابەشبونی یەکجاریی کۆمەڵگاکەمانە بۆ چینێکی ژمارە کەمی دەوڵەمەندی لەخۆڕازی‌و لەخۆبایی، کە زۆربەیان دەسەڵاتدارو بەرپرسەکانی کوردستانن، لەگەڵ چینێکی برسی‌و کەم دەرامەت کە زۆرینەی خەڵکن. چینی یەکەم لە جیهانێکی تایبەت‌ بەخۆیان‌و جیاواز لە جیهانی زۆرینەی خەڵکدا دەژین. شێوەی ژیان‌و بیرکردنەوەو ماڵوحاڵی ئەوان جیاوازە لە هی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان.
دیارە گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکانی هەرێمی کوردستان چیتر نەبونی‌و سوکایەتی پێکردن لەو دەسەڵاتدارانە قبوڵ ناکەن، کە ساڵەهای ساڵە لەسەر حسابی رەنج‌و مافی ئەوان خۆیان‌و خێزانەکانیان ژیانێکی شاهانە دەبەنە سەر. ئەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانە تەنیا داوای ژیان‌و کارو کەرامەت دەکەن، کە سادەترین مافی هەر مرۆڤێکی ئەم سەردەمەیە. ئەو گەنجانە دەزانن کە لەدوای راپەڕینەوە فەرمانڕەواکانی باشوری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەمەندترو خەڵکیش هەژارترو گەنجو لاوەکانمان نائومێدتر دەبن.
ڕوداوەکانی ئەم چەند رۆژە بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە ئەم تەوژمە نوێیە یان دەبێتە مایەی هەڵتەکاندنی ئەم سیستم‌و شێوازی حوکمڕانییەی ئێستای باشوری کوردستان، یاخود مێخی نائومێدییەکی گەورەتر لە ناخی گەنجەکان دادەکوتێ. ئۆباڵی هەر دەرەنجامێکی نەخوازراو لە ئاییندەدا لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە، کە ئومێدو هیوای خەڵکیان بۆ ژیانێکی باشتر بەبا دا.
بۆیە ئەرکی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌‌و ئەخلاقی هەمو کەسێکی نیشتمانپەروەرو مرۆڤدۆستە کە پشتیوانی لە داواکاری رەوای خۆپیشاندەران بکات لە پێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری ریشەیی، تاکو هاوڵاتیانی هەرێم ژیانێکی شەرەفمەندانە بەرنە سەرو بژێوییەکی شایستەیان هەبێت.
دیارە ئەرکی لەپێشینەی ئەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانەی کوردستانیش ئەوەیە کە ریزەکانی خۆیان رێک بخەن‌و بەرنامەی کارو نەخشەی ئاییندە بەهەست‌و بیرێکی نیشتمانپەروەرانە دابڕێژن. هەروەها پێویستە وەک نەوەیەکی بەرپرس‌و شوێن ئومێدی دواڕۆژی گەلەکەمان بەشێوازێکی مەسئولانە داواکارییەکانیان‌ بخەنە رو؛ هیوادارم ئامرازی جێبەجێکردنی نەخشەی گۆڕینەکەیان دور بێ لە توندوتیژی‌و تێکدانی ژێرخانی هەرێمەکەمان‌و بێڕێزیکردن بەرامبەر مرۆڤ‌و بەهاکانی مرۆڤایەتی. هەروەها ئەرکی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆ بەرگریکردنە لە خەڵک‌و خاکی کوردستان نەک کوشتن‌و ئازاردانی هاوڵاتیان‌و پشتیوانیکردن لە نادادپەروەری.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، کە ئەگەر ئەمجارەش دەسەڵاتدارانی کوردستان لەڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە ئەم خۆپیشاندانانە سەرکوت بکەن، ئەوا دور نیە ئەو گەنجە یاخی‌و توڕەو ناڕازییانە لە ئاییندەدا بیر لەبەکارهێنانی هەمان ئەو ئامرازانە بکەنەوە کە دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنیان بەکاری دەهێنێ. ئەو کاتەش گەلەکەمان توشی کارەساتێکی گەورەتر دەبێ‌و لێکەوتەکانی ئەو شێوازی روبەڕوبونەوەیە لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی کوردستانە کە چاوو گوێ‌و هەستیان لەئاست راستییەکان‌و داواکانی خەڵک‌ داخستوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×