گۆڕان چۆن بەشداری لەحکومەتی هەرێمدا دەکا؟

شۆڕش حاجی
  2019-01-11     1091


گۆڕان چۆن بەشداری لەحکومەتی هەرێمدا دەکا؟
بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی جەماوەری سیاسییەو گۆڕانکاریی لەسیستمی حوکمڕانی‌و چاکسازی لەجومگەکانی دەسەڵات لە کوردستانی عیراق ئامانجی سەرەکییەتی. بزوتنەوەی گۆڕان، تا ئەم ساتە وەختەش، خەباتی مەدەنی بە شاڕێی گوڕانکاری دەزانێ لەکوردستانی عیراق. لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەش بەرنامەی سیاسی‌و شێوازی کاری خۆی داڕشتوەو بەو پێیەش هەنگاوەکانی داهاتوی دیاری دەکات. بۆیە، هەر هەوڵێک کە لەپێناوی جێبەجێکردنی ئەو ستراتیجەدا بێ گۆڕان پشتیوانی دەکاو هەر هەنگاوێکیش لەو ئامانجەی دور بخاتەوە رەتیدەکاتەوە. گفتوگۆو دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە ئەو خانەیەو بزوتنەوەی گۆڕان بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات.



بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم‌ یان بون بە ئۆپۆزیسیۆن دو بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم گۆڕاندا
دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەکان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ دەستیپێکرد. لە کەسیش شاراوە نیە، کە هەڵبژاردنەکان پڕ بون لە تەزویرو ساختەکاری‌. هەروەها رێژەیەکی کەمی هاوڵاتیان بەشداریان لەو پرۆسەیەدا کرد. ‌هەر بۆیە ژمارەی کورسی‌و دەنگی راگەیانراوی لایەنە سیاسییەکان گوزارشت لە سەنگ‌و پێگەی راستەقینەی لایەنەکان ناکەن. سەرەڕای ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی، بەرپرسیارانە پێشوازی لە بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ.


گۆڕان کاتێک بەشداری دەکا کە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی کاری ئەو کابینەیە بۆ ئەوەی کار بۆ جێبەجێکردنی بکات
بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم‌ یان بون بە ئۆپۆزیسیۆن دو بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا. هیچکام لەو دو بژاردەیەش سەد لە سەد باش‌و ئەوەکەی تر بەتەواوی خراپ نیە تاکو بتوانرێ بە ئاسانی یەکێکیان هەڵبژێردرێ. هەردو بژاردەکە لایەنی باش‌و خراپی هەیەو دور نیە لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی هەر بژاردەیەکیان وا دەرنەچێ کە چاوەڕوان دەکرێ. بەڵام ئەوەی کە پرەنسیپێکی نەگۆڕە لای بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، کە هەر شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێ‌و لەگەڵ ئامانج‌و بەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەک بگرێتەوە ئەوە دەکاو ئەگەر وا نەبێ رەتیدەکاتەوە.



بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک بەشداری لە حکومەتی داهاتوی هەرێمدا دەکا کە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی کاری ئەو کابینەیە بۆ ئەوەی داکۆکی لێبکاو کار بۆ جێبەجێکردنی بکات. بەرنامەیەک کە پاکێجەکانی چاکسازی‌و، بەنیشتیمایکردنی دامەزراوەکانی هەرێم‌و، هەنگاونان بۆ گێڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر بۆ سەر هەرێم‌و، باشکردنی بژێوی خەڵك‌و خزمەتگوزارییەکان‌و بنبڕکردنی گەندەڵی بەپێی خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو لەخۆ بگرێ. هەروەها کە پێگەی گۆڕان لەو کابینەیە وەک شەریکێکی راستەقینە مسۆگەر بکرێت.



ناکرێ‌و نابێ چیتر چاوپۆشی لەوە بکرێ کە دوای بیستوحەوت ساڵ لە حوکمڕانی کوردی ئێستاش حکومەتی هەرێم خاوەنی هێزی چەکداری نیشتیمانی‌و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی نەبێ‌و ئەزمونەکەمان، کە بە خوێن‌و فرمێسکی سەدان هەزار کەس بەدەست هاتوە، هەمو ساتێک لەبەردەم ترس‌و دڵەراوکێی ئەگەری بەکارهێنانی هێزی چەکداری حیزبی‌ دژ بەیەک‌و لەتکردنی ئەو بەشە بچوکەی هەرێم دابێ، کە لە نیوە کەمتری خاکی کوردستانی عیراق پێکدەهێنێ؛ یان داهاتی هەرێم نادیار بێ‌و بڕەکەی بە پێشبینی‌و بۆچونی ئەم‌و ئەو بخەمڵێنرێ؛ یاخود ئاو کارەباو خزمەتگوزاری تەندروستی‌و پەروەردە لە نزمترین ئاستدا بن‌. ناکرێ‌و نابێ چیتر کار بۆ سەربەخۆیی دادگاکان نەکرێ‌و سەرەڕای بونی هەزاران پارێزەرو یاساناس‌و سەدان دادوەری شارەزاو دڵسۆز، کەچی هاوڵاتیان متمانەیان بە سیستمی دادوەری لە هەرێم نەبێ.



با کێبڕکێی لەمەودواو پێوەری بەهێزیی حیزبەکان ئەوە بێ کە کێ لەو پرسە نیشتیمانییانەدا سەرمەشق دەبێ. هەر کەس‌و لایەنێکی سیاسی ئەگەر دەیەوێ پشتیوانی هاوڵاتیان‌و ستایشی مێژو بەدەست بهێنێ، وا چاکە کار لەسەر ئەم چمکانە بکات. بزوتنەوەی گۆڕان بەو چاوە تەماشای روداوەکان‌و دانوستان‌و ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات.



هەر بۆیە، ئەگەر ئاراستەی گفتوگۆکان بەو ئاقارە بێ‌و ئەو نیەتە لە لایەنی بەرامبەر بەدی بکرێ، ئەوا جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەرێنی لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت دەداو کاندیدی بەرکەوتەی پۆستەکانی خۆی دەستنیشان دەکا. بەپێچەوانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەجاران شێلگیرانەتر وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر داکۆکی لەو پرەنسیپانە دەکاو هەمو شێوازێکی خەباتی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. چونکە ئەو داواکاریانەی گۆڕان لە خزمەتی گەلەکەمان‌و بەرەو پێشبردنی ئەزمونەکەمانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×