هێڵە گشتیەکانی نەخشەرێگای چاکسازیی لەهەرێمی کوردستان

جەلال جەوهەر
  2020-02-04     864
یەکەم / قۆناغی ئامادەسازی
١/ پرۆژەی چاکسازی، پرۆژەیەکی ئینسانی و هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی، کارگێڕی و ئەمنی و سەربازیە، بەهەموو ئیسڵاحخوازانی ناو دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، و بە پشتگیری تەواوی خەڵکی کوردستان، و بەهاوکاری و یارمەتی هەموو ئیسلاحخوازانی ناو هێزو لایەنەکان، وبەهاوکاری راستەوخۆ وناراستەوخۆی رێکخراوەکانی مەدەنی و میدیاو راگەیاندنەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە دەکرێ و تەواو دەبێت، (مەبەست لە ڕێکخراو و ڕاگەیاندن و ناوەندی سەربەخۆیە).

2/ پشتگیری خەڵکی کوردستانیش کاتێک ئامادە دەبێت، کە زەرەرمەند و زوڵم لێکراوی میللەتەکەمان بەهۆی گەندەڵیەوە، بە تەواوی وشیار بکرێنەوە لەسەر پرسی گەندەڵی و زیانەکانی بۆ سەر ژیان و گوزەران، و ناو و ناوبانگی میللەت و وڵاتەکەمان.
پرۆسەی وشیار کردنەوەی کۆمەڵیش لەسەر پرسی گەندەڵی، بەڕێگای دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن و زانکۆکان دەبێت ( ئەگەر چی لە ئێستادا لە ئاستی پێویستدا نین)، جگەلە دام و دەزگاکانی پەروەردە،.......، ئەو ئیسڵاحخوازانەی ناو حیزب و ڕێکخراوە مەدەنیانە و ڕاگەیاندن و میدیای ئازاد کە دەستیان لە گەندەڵیدا نەبوە و نیە، ئەتوانن ڕۆڵی گرنگ ببینن لە وشیار کردنەوەو ئامادە کردنی خەڵکی کوردستان، چونکە حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئاستی ماف و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون لە ماوەی ڕابردوو، بۆیە جۆرێک لە نائومێدی و بێ بڕوایی دروست بووە بە حکومەت و دەسەڵاتداران، لەبەر ئەوە پێویستە کاری لە پێشینەی حکومەت و کابینە، ئەوە بێت، ئەو پەیوەندییە چاک بکاتەوە، و هەنگاوی عەمەلی بنێت بۆ دروست کردنی بڕواو متمانە و ئومێد لەلای خەڵک، بۆ مسۆگەر کردنی پشتگیری خەڵک بۆ جوڵانەوەی چاکسازی لە هەرێم.

3/ پرۆژەی چاکسازی ویست و ئیرادەیەکی سیاسی و بڕوایەکی بەهێزی ئیسڵاحخوازانی ناو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، و ئەو لایەنانەی دەوێ کە لەسەرەوە باسمانکرد، چونکە تەوژمێکی بەهێزی پێچەوانەی ویستی چاکسازیش هەیە لەهەرێمی کوردستان. بەرەی گەندەڵکاران بەهێزن، بەڵام بەرەیەکی بێ بڕوان، گەر بەرەی ویست و بڕوای ئیسڵاحخوازان پشتیان بەویست و ئیرادەی خەڵک بەست.

4/ چاکسازی بەرنامەو نەخشەی وردی دەوێ، دەبێ حکومەتی هەرێم، لەرێگای دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی چاکسازی، و بە هاوکاری و یارمەتی دام و دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و دادوەری، و لایەنەکانی تر لە خەڵک و هێزە سیاسیەکان و رێکخراوەکان و راگەیاندن و میدیاکاران، بەرنامەو نەخشەی وردو تەواو ئامادە بکەن.

5/ لەبەر ئەوەی گەندەڵی بەجۆرێکی زۆر مەترسیدار شۆڕبۆتەوە بۆ ناو دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێم، و بەشێک لە چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا، بۆیە چاکسازی بەر لەهەموو شتێک، یاسایەکی بۆ چاکسازی هەمەلایەنە پێویستە، و بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، دامەزراوەیەکی پێویست دەبێ لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی هەرێم بەگشتی.

6/ پرۆژەی چاکسازی توانایەکی مرۆیی هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی، کارگێڕی و ئەمنی و سەربازی دەوێ، لە ئیسلاحخوازانی سیاسی ، یاساناس، ئابوریناس، وپسپۆرو شارەزا لە کاروباری دارایی و کارگێڕی و ئەمنی و سەربازی، و پسپۆرو شارەزا لە بوارەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، وسەرجەم سێکتەرەکان.

7/ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بەوە دەبێ، سود لە ئەزمونی گەلان و دەوڵەتانی دونیا وەربگرێ، بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی کە شتێک نزیکی و لەیەکچونمان هەیە لەگەڵیان، بەو شێوازانەی کە لە بەرژەوەندی پرۆژەی چاکسازیدایە لە هەرێم.

8/ چاکسازی وەک بەرنامەو پرۆژەیەکی هەمەلایەنەو فرە رەهەند، پێویستی بەماوەیەکی زۆر، و پشویەکی دریژ هەیە. چاکسازی سەرکەوتوو لەدونیاشدا هەر بە پشوی درێژ جێبەجێ کراوە، ودەیان ساڵی ویستوە. چاکسازی پرۆژەیەکی درێژخایەن و بەردەوام وبێ کۆتاییە، قۆناغ بە قۆناغ، هەنگاو بە هەنگاو ئەنجام ئەدرێ و جێبەجێ دەکرێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×