شەڕی خێڵەكان لەقۆناغێكی نوێدا
نەبەز گۆران
2019-07-30   908
نیگامان دەخەینە سەر رووداوێكی نوێ، كە لەم ماوەیەدا لەسەر شاشەكان خرایە بەرچاومان. پاش كوشتنی كارەكتەرێكی _میت_ی توركی، كە لەبەرگی دیبلۆماتكاردا خۆی ناساندبوو، لە هەڵمەتێكدا كۆمەڵێك كەس دەستگیركران. زۆری نەبرد بەشێكیان هێنرانە سەر شاشەكان و، وەك تاوانباری كردەكە بە ئێمە ناسێنران. لەناو تاوانباركراوەكاندا، كارەكتەرێكی تێدابوو نەوەی (كەریم خان). پاش ئەم دیمەنە، سەرۆك خێڵی _هەركی_ هەڕەشەی بەرگری لە مانەوە و شكۆی خێڵەكەی كرد. ئێمە بۆ زیاتر ناساندنی ئەم شەڕە نوێیە، كەمێك دەچینەوە ناو مێژوو، پاشان لەوێوە دەگەڕێینەوە بۆ ئێستا، بۆ ئەوەی وێنەكە بە باشی بێتە بەرچاومان و بزانین ئەم شەڕە نوێیە چییە.
بۆ زیاتر روناكی خستنە سەر دیوە تاریكەكە، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە (كەریم خان) كێیە؟ بۆچی نەوەیەكی وەك تاوانبارێك هێنرایە سەر شاشە؟ شەڕی خێڵەكان لەناوچەی ئیماراتی _بادینان_، كە ئێستا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حیزبی پارتییە، مێژووێكی دورو درێژی هەیە. شەڕەكان لەو ناوچەیە هیچ كات بە سەركەوتنی خێڵێك بەسەر خێڵێكی دیكە كۆتایی نەهاتووە و، هەر خێڵە و لە قەڵەمڕەوی خۆی باڵادەست بووە. پێش دروستبوونی حیزب، شەڕی خێڵی _بارزانی_ و كۆمسیۆنی خێڵی _بەڕۆژییەكان_ نەیتوانی لەبەرامبەر خێڵە نەیارەكانی دەسەڵاتی فراوانبكات و، سنووری قەڵەم رەوی خۆی گەشە پێبدات. بەڵام دروستبوونی حیزب و گواستنەوەی دەسەڵاتی خێڵ بۆ ناو دامەزراوەی حیزب و پاشان بە خێڵكردنی دامەزراوەی حوكومی، هەم دەسەڵاتی ئەو خێڵەی زۆركرد و هەم خێڵەكانی دیكەش ناچاربوون، لەژێر هەیمەنەی ئەو دەسەڵاتەدا بچنە دۆخی مت بوونەوە، بەڵام لەم رووداوەوە رەنگە ئیدی تێگەیشتنی خێڵەكان بۆ دەسەڵاتە حیزبی و حوكومییە چنراو بەخێڵەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
سنووری دەسەڵاتی خێڵی _برادۆستییەكان_ كەریم خان_ سنوورێكی فراوانە. پشتێنەیەكی ئەمنیان هەیە دەیانبەستێتەوە بە سنووری دەسەڵاتی _پەكەكە_ و پاشان كەوتونەتە ناوچەیەكەوە، بەناوچەی سێگۆشە ناسراوە. لە _سیدەكان_ەوە دەست پێدەكات تا _قەبری زاهیر_ ئەو قەبرە كەوتوەتە سەر سێگۆشەكە و هەرسێ وڵاتی _ئێران و عێراق و توركیا_ پێكەوە دەبەستێتەوە و هیچ خێڵێكی دیكە ناتوانێت لەو قەڵەمڕەوەدا دەسەڵاتی هەبێت. ئەم سنوور و پشتێنە ئەمینە، بۆ ئەو خێڵە وایكردوە بە درێژایی شەڕەكانیان لەگەڵ خێڵی_بارزانییەكان_ چ لەسەردەمی كۆن، چ لەسەردەمی دەسەڵاتی حیزب لە _ئەیلول_ چ لە سەردەمی نوێدا، ئامادەنەبن بكەونە ژێر باری هەیمەنەی خێڵی _بارزان_ییەكان. ئەمما لە ئێستادا نەوەیەكیان گلێنراوە بە رووداوێكەوە و لەسەر شاشەكان دەركەوتووە، كە تۆمەتبارە بە رووداوەكە، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێك لەلایەن خێڵەوە لەو بارەیەوە بدرێت.(ئێمە ناتوانین بڕوا بەو سیناریۆیە بكەین، نەوەیەكی _كەریم خان_ بەو هەموو سەرمایەیەوە، سەرقاڵی دارشتنی نەخشەی كوشتنی _میت_ێك بێت. چونكە ئەم ماڵە سەرمایەدارن و سەرمایەكەشیان هی ئێستانییە و ئەشێت ئێستا زیاتر گەشەی كردبێت. كۆمەڵێك كۆمپانیایان هەیە، كە ئەم كۆمپانیایانە بەژرەوەندییەكانیان دەیانبەستێتەوە بە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی توركیا و، خۆشیان لە بەریتانیان و ئەمریكا و چەندین شوێنی دونیا، خاوەن سەرمایە و بزنسی گەورەن، هەمان ئەو نەوەیەی _كەریم خان_ لەسەر شاشە بینیمان، خاوەنی چەندین كۆمپانیا و سەرمایەیە و ناچێتە ناو لۆژیكەوە بزنسمانێكی وا سەرقاڵی ئەوەبێت كاری كوشتن بەرامبەر بە سیخورێك ئەنجام بدات. گومانەكە لێرەوە دەست پێدەكات و كەمێكیش كۆمیدییە بزنسمانێكی ئەم كارەبكات.)
پێدەچێت بە فۆڕمێكی دیكەوە، شەڕە كۆنەكان زیندوكرابنەوە. ئەو شەڕەی باپیر و باوكەكان كردیان و كەسیان نەیتوانی سەركەوێت بەسەر ئەویتردا، ئەمڕۆ نەوەی سێهەمی خێڵ بیكەن و بیانەوێت لەرێگەی دەسەڵاتی حیزبی و دەسەڵاتی حوكومییەوە، بەسەر نەیارەكانیان سەركەون. لێ، ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نییە. كاتێك سەرۆك خێڵی_هەركی_ هەڕەشەی پاراستنی شكۆی خێڵ دەكات، ئەم هەڕەشەیە لەخۆوە نییە. پێكهاتەی خێڵەكانی قەڵەمڕەوی ئیمارەتی _بادینان_ كە هەمان قەڵەمڕەوی ئێستای حیزبی پارتییە، جیاوازە لە پێكهاتەی خێڵەكانی قەڵەمڕەوی ئیمارەتی_بابان_ كە هەمان قەڵەمڕەوی ئێستای یەكێتییە. لە ئیمارەتی _بادینان_ تا ئەم چركەساتەش خێڵ بە پتەوی و مەركەزی ماوەتەوە. شوێنێك هەمیشە تاكی فەرامۆشكراو بۆیدەگەڕێتەوە تابیكاتە هێزێك لەپشت خۆیەوە، خێڵە. ئەشێت لە سنووری قەڵەمڕەوی _بابان_ خێڵ بەهۆی شارەوە كەمێك لاواز و پەرتەوازەبووبێت، ئەگەرچی هەموو بەهارێك ڤیستیڤاڵی بۆ سازدەكرێت تا سەرلەنوێ گەشە بەخۆی بداتەوە و وزەیەك بخاتەوە بەرخۆی بەرامبەر بە هێزی شار. بەڵام لە سنووری _بادینان_، شار نەیتوانیوە خێڵ پەرتەوازە بكات و كاڵی بكاتەوە، شار بووە بە شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی خێڵ و هێزی خێڵ گەورەترە لەو فەرهەنگەی شار دەیەوێت دروستی بكات. بۆیە كاتێك سەرۆك خێڵی_هەركی_ دەبینێت نەوەی (كەریم خان) لەسەر شاشەیە و وەك تۆمەتبارێك پیشاندەدرێت، ئیدی كۆی خێڵە نەیارەكانی _بارزانی_ییەكان، دەكەونە خۆیان و ترسیان لە شكانی شكۆیان دەبێت.
ئەو هەڕەشانە، تەنها هەڕەشەی خێڵێك نین، هەڕەشەی كۆی خێڵە كانی تریشە بۆ سەر دەسەڵاتە حیزبییەكەی خێڵی _بارزان_ی. دەزانن ئەگەر لەشوێنێكدا ئەم هەیمەنەیە رانەگرن، چارەنووسی كۆی خێڵەكانی دیكەش، هەمان چارەنووسی نەوەی( كەریم خان)ی دەبێت. جارێكی دیكە و بە فۆڕمێكی دیكە شەڕی خێڵەكان زیندودەبێتەوە. ئەشێت ئەمڕۆ رووبەرووی _برادۆستییەكان_بووبێت و سبەی خێڵێكی دیكە، بەڵام ئەو پێكهاتە بەهێزەی خێڵ لەو ناوچەیە، بەم رووداوە سەرلەنوێ لەسەر خوانی خێڵ كۆدەبنەوە، بۆ بەرگریكردن لە شكۆی خێڵ. خێڵەكانی ئەو ناوچەیە لە دونیابینی خێڵەوە دەزانن، كە شكۆی خێڵ شكا، شكۆی ئەو ژیانەیان دەشكێت مێژووێكی دورو درێژی هەیە. ئەشێت ئەم نەوەی سێهەمە، كە لەدەسەڵاتدان، وا وێنای پێكهاتەی كۆمەڵگە بكەن، دوو شاری بچوك، كە هێشتا شارنین، مرۆڤی نوێ و كۆمەڵگەی نوێی دروستكردوە و خێڵ هێزەكەی جارانی نەماوە، بەڵام لەراستیدا شار نەمرۆڤی نوێی دروستكردوە و نە هێزی خێڵی كەمكردوەتەوە، هێزی خێڵ كاتێك دەردەكەوێت كە ترسی لە شكۆی هەبێت، لەو چركەساتەدا خێڵ هەستی بەترس كرد، كۆدەبێتەوە و هێزەكەی خۆی پیشاندەدات.
ئەو سیناریۆیەی لە شاشەكان بینیمان كەمێك ناشارەزایی تێدایە. وەك رۆژنامەنووسەكانی حیزبی پارتی و، پەرچەكرداری هێزەكەی بڵاوبووییەوە، سیناریۆكە جێگای گومانە پەردەیەك بەسەر حەقیقەتێكدا دراوە و شەڕێكی چەند رەهەند لەپشتییەوەتی. شەڕێك ببێتە كەرەستەیەكی ئایدۆلۆژی، بۆ پاڵپشتیكردنی _توركیا_ دژی هێزەكانی _پەكەكە_ پاشان شەڕێك بۆ لێدان لەو خێڵانەی لە رووبەروو بوونەوەی خێڵی _بارزانییەكان_دا، هیچ كات ملیان نەداوە و، بەرگریان كردوە و هەمیشە پێچەوانەی رێگاكانی ئەوان رۆیشتوون. ئەم رووداوە، شەڕێكی ناوخۆی و دەرەكەی پێكەوە گرێدەدا. بەڵام ئەوەی زۆر مەترسییە بۆ حیزبی پارتی، شەڕی خێڵەكانە. چونكە دەزانێت، دواجار _پەكەكە_ حیزبێكی ئایدۆلۆژییە و ئەشێت لەگەڵی بكەوێتە گفتوگۆوە، بەڵام خێڵەكان دونیایەكی تایبەتن و بەم شكۆشكاندنەیان، كێشەی گەورەتری بەدوادادێت. ئەوەی كە زۆر مەترسییە بۆ سەر دەسەڵاتە حیزبی و خێڵەكییەكەی پارتی لەو ناوچانە، نە حیزبەكانی ناوخۆن، نە حیزبەكانی دەرەوە، بەڵكو ئەو خێڵە گەورانەن، كە ئێستا هەست بە لاوازی خۆیان دەكەن و دەكەونە خۆیان بۆ بەرگریكردن لە هێزی خۆیان و دەیانەوێت جارێكی دیكە شكۆی خۆیان دەرخەنەوە. بزانین لەم شەڕەنوێیەدا بەرامبەر ئەو خێڵانە چی روودەدات و ئەمجارە كێ سەردەكەوێت بەسەر ئەویتردا.(هەرچەندە بڕوام وایە، لە ئێستاوە پارتی وەك كەرەستەی خێڵی بارزانییەكان، هەوڵی گفتوگۆ دەدەن لەگەڵ ئەو خێڵانە و نایانەوێت بگاتە ئەو وێستگەیەی ترس لەسەر دەسەڵاتەكەیان دروستبكەن. ئەمما شكاندنی شكۆی خێڵی _برادۆستی_یەكان لە رێگەی پیشاندانی نەوەیەكی _كەریم خان_ەوە وەك تاوانبار، دەبێتە چیرۆكێكی نوێ بۆیان و نازانین كۆتاییەكەی چ پەرچەكردارێكی لەگەڵدا دەبێت.)