یەکەم: نۆمانگە کابینەی نۆیەم پێکھاتوەو وەزیری سامانە سروشتیەکانی نیە، یەک کەسیش لە حکومەت و پەرلەمان قسەناکات.
دوەم: ھەمو کارنامەو پلانی ئابوری و دارایی و چاکسازی وەزیری دارایی بوە بەبەرزرکرنەوەی یاداشتێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەشکوم دڵی نەرم بێت و موچەی ئەم مانگە ڕەوانەبکات! ئەدی مانگەکانی داھاتو؟
سێیەم: ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە شوێنە دەگمەنەکانی دونیا کە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان بەرگری لەحکومەت بکەن. ئەلفوبێی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری چاودێری و لێپرسینەوەیە لەحکومەت نەوەک بەرگری لێکردنی.
چوارەم: دوای ئەوەی بۆ نزیکەی پێنج ساڵ دەچێ جێگری سەرۆک وەزیرانە، قوباد تاڵەبانی وەکو ڕۆژنامەنوسێک داوا دەکات نەوت شەفاف بێت! زەحمەت نەبێت لەگەڵ کێتە؟
پێنجەم: ئاماژەکان پێمان دەڵێن: ئەو ھەمو ئیدیعاو بانگەشەیەی بۆ سەرۆکی کابینەکە کراو دەکرێ، بەشێکە لە ململانێی ناوخۆیی حیزب نەوەک چاکسازی ڕاستەقینە.
شەشەم: فراکسیۆنی گۆڕان باس لە مەلەفی نەوت دەکات، بەبێ ئەوەی بڵێت: بۆ وەزیری سامانە سروشتیەکانمان نیە؟ ئایا دەشێ باس لە نەوت و شەفافبونی بکەیت بەبێ وجودی وەزیرو وەزارەت؟
حەوتەم: وەزیری دارایی گۆڕان لەگۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی: حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی شەفاف ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردو. کەواتە: لەچەند ساڵی ڕابردودا، گۆڕان ھاوڵاتیانی چەواشەکردوە کە وتویەتی: نەوت شەفاف نیە! بەڕاست ئێوە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنتان ھەیە یاخود تەسلیمبون بە ئیرادەیان؟
ھەشتەم: سندوقی داھاتە نەوتی و گازیەکان کەلەساڵی ٢٠١٥ەوە یاساکەی لەپەرلەمانەوە دەرچوە، سەرۆکی ئەم کابینەیە بەنیازنیە دروستی بکات و یەکێتی و گۆڕانیش بەیەک وشە باسی ناکەن.
بەکوردی و کورتی: ئەم کابینەیە و زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم خولە، لە ڕاستگۆیی و جێباوەڕیدا، سەلماندیان کۆپیەکی خراپی محەمەد سەعید سەحافن.