کاک هۆشیار عەبدوڵا لێرەدا بوەستە

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2020-01-31     2136

دژایەتیکردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، بزینسێکە تەمەنی نزیک بۆتەوە لەشەست ساڵ و سەدان ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەی بۆ بەکوشت دراوەو چەندین کەسیشی پێ دەوڵەمندبوە. نمونەی دیاری ئەم دیاردەیەش: یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕانە. کەدواتر ھەردو حیزب سەلماندیان، ھەمان ڕەفتارو کردراەکانی پارتی دوبارە دەکەنەوەو کۆپیەکی خراپی پارتین. ھۆشیار عەبدوڵا دیارترین فیگەری نوێی بەڕواڵەت دژ بە کلتوری پارتی و بە ڕەفتار چونیەکە. چۆن؟ 

 


حیزبی بنەماڵەو تەوریسی سیاسی 
یەکەم: هۆشیار عەبدوڵا نەک دژ بە دەسەڵاتی بنەماڵەنیە، بەڵکو ئەندازیارو داھێنەری تەوریسی سیاسییە لە ناو گۆڕان. پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ھەمو بەڵگەو ڕوداوەکان شاھیدن کە ناوبراو لەگەڵ حەمە تەوفیقی ھاوڕێ و ھاوپەیمانی، زۆرترین ڕۆڵیان بینی لە ئیفلیجکردنی دامەزرواوەکانی گۆڕان و بزوتنەوەکەیان کردە ئەسیری کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا.  لەدو دانیشتنی ٢٠١٧/٥/١٨ و شەوی ٢٠١٧/٦/٢٢، لەگەڵ ئەم کاک هۆشیارەو کۆمەڵێک گەنجی تر کۆبوینەوە، ناوبراوو ژمارەیەک لەگەنجانی ئامادەبوو حەمە تەوفیق، زۆر سەرسەختانەو بێ پەردە، بەئەجێندایەکی دیاریکراوە  کاریاندەکرد بۆ تەسلیمبکردنی موتڵەقی بزوتنەوەکە بە کوڕەکانی ڕێکخەری پێشو.
دوەم: ناوبراو یەکێک بوو لە پلانداڕێژەرانی قوتدانی میدیاو دامەزراوە داراییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن کۆمپانیای وشەوە. ڕەنگە زۆرێکتان وتارەکەیتان لەبیرمابێت کە بەناونیشانی "گردەکە هی کێیە" و چاوپێکەتنەکەی لە کەی ئێن ئێن، چۆن بەرگری لە تاپۆکردنی گردەکەکردوە. ناوبراو پشکی شێری بەردەکەوێت لەگەڕانەوەی کەی ئێن ئێن بۆ کۆمپانیای وشە. 
سێیەم: لەوەڵامی ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ٢٠١٧/٨/٣٠، کاک هۆشیار یەکێک بوو لە نوسەرانی ڕوونکردنەوەکەی کوڕەکانی ڕێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێک بوو لەوانەی پێداگری کردبوو کە نەنوسن گردەکە هی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەپشتیوانی ئەم و کۆمەڵێک بەناو گەنجی تر ئەوەی ئێستا لەگۆڕان دەگوزەرێت هاتۆتە ئاراوە. 
چوارەم: بەناوی کەمکردنەوەی ستافی کەی ئێن ئێن، هۆشیار عەبدوڵا ڕۆڵێکی یەکجار دیارو خراپی بینی لەتەسفیەو دەڕپەڕاندنی چەندین کادیری باش و بەتوانای کەناڵەکە.
پێنجەم: لەسەروبەندی هەڵبژاردنەوەی خانەی ڕاپەڕاندندا مانگی ٧ی ٢٠١٩، فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغداد بەنیازبوون بەیاننامەیەک لەسەر خانەی ڕاپەراندن و بەرپرسەکانی بڵاوبکەنەوەو هەموو شکستەکانی ئێستای گۆڕان بخەنە ئەستۆی خراپی ئەدائی ئەوان. پێشنیارێک ھەبوە باسی تەوریسی سیاسیش بکرێت وەک ئافاتێکی کارەساتبار بۆ گۆڕان، بەڵام لەبەرئەوەی کاک هۆشیارو یەک دوو برادەری تر رازینەبوون باسی تەوریس بکرێت، نوسینی بەیاننامەکە ھەڵوەشاوەتەوە. 
شەشەم: یەکێک لەبیانوەکانی ھۆشیار عەبدوڵا و گروپی تەوریس: ئەگەر گردەکە بکرایە بەناوی بزوتنەوەکە و کەسانی ترەوە، ئەوا دابەشیان دەکردو ھەرکەسەیان پشکی خۆی دەبرد. بەڵام بۆ وەبیرھێنانەوە: سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێشنیاردەکات بۆ چوار لەبرادەرەکانی کە گردەکە بکەن بەناوی ھەر پێنجیانەوە (بەخۆشیەوە)، بەڵام ھەرچواریان پێشنیارەکەیان ڕەتکردوەتەوە. ئەو چوار کەسایەتیە ھەمویان لەژیاندا ماون. کەواتە ئەگەر تەماعێک لەو گردەدا ھەبوبێت، ئەوکات قبوڵیان دەکرد. 
تەوریسی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان جەڵدەیەکی سیاسی و عەقڵی بوەو ھەمو بەڵگەو ڕوداوەکان نیشانی دەدەن کە ھۆشیار عەبدوڵا گەورەترین ڕۆڵی ھەبوە لەم پرۆسەیەداو تەسفیەی ڕاجیاوازەکان. ئایا ئێستە بە چ جورئەتێکەوە باس لەلاوازبونی گۆڕان دەکات و دژ بە حیزبی بنەماڵە قسەدەکات؟ لەگەڵ گروپێکدا، ڕۆڵێکی هێجگار خراپی گێڕا تا سەرەنجام گۆڕانیان کرد بەم حیزبەی کە ئێستا هیچ کەس بەغیلی پێنەبات. ئایا بازرگانی کۆمپانیای وشەو لۆکس، چ جیاوازیەکی ھەیە لەگەڵ ھەردو کۆمپانیای نۆکان و کار؟! 

 


گۆڕان و حکومەت 
یەکەم: ھۆشیار  عەبدوڵا لەم ڕۆژانەدا نوسیبوی سیستمی سیاسی لەهەرێم (کلیبتۆکراسیە-حوکمڕانی چەتەکانە)، باشە ئەگەر حوکمڕانی چەتەکانە، حزبەکەی جەنابت ئیشی چییە لەوێ؟ ئەی چۆن بەڕێزت قبوڵتکردووە لەحزبێکدا بیت کە بەشێکە لەسیستمی چەتەیی و جێگری سەرۆکی ھەرێم و چوار وەزیری گرنگی لەلایە کە گرنگترینیان وەزیری دارایی و ئابوریە؟ 
دوەم: لەنوسینێکی دوای ئەوەدا، ناوبراو دەنوسێت "خۆمن نەمووتوە گۆڕان لەحکومەت بێتە دەرەوە، بەڵام بێدەنگی مانای خۆکوژییە". ئێمەش دەزانین مەبەستەکەی تۆ هەر ئەوەیە قسەبکەیت، تۆ هەر زوو وتت "خۆشبەختانە بڕیاری چوونەحکومەتی گۆڕان بووە بە بڕیاری هەموان". ئێستاش قسەو ڕەخنەکانت هەر بۆئەوەیە بەخەڵک بڵێیت من جیاوازم و هەڵوێستم هەیە. ناهەقیشت نییە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەپێشەو پیاو دەبێت زەخیرەیەک بخات. ئاشکرایە هەموو کاسبی و هونەری بەڕێزتان بریتیە لە قسەوتن بە پارتی، ئەگەر ئەوەتان لەدەست وەرگرنەوە حیکایەتێکی ترتان نامێنێت بۆ خەڵکی بکەن. ئەگەر وانیە: بێزەحمەت ئەجێنداو بەرنامەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ حکومڕانی بڵاوبکەنەوە. 
چوارەم: ئەم قسە وتنەی کاک هۆشیار بە پارتی  تائێستا چی گۆڕیوە لەدۆخی خەڵک؟ بەڵام دۆخی خۆی باش گۆڕیوە! دژایەتیکردنی پارتی بە قسەدەکرێت یان پێشکەشکردنی مۆدێلێکی سیاسی جیاوازتر لەوان؟ ئێوە نەک ئەمەتان نەکرد، بەڵکو زۆر ناشرینتر لاسایتان کردنەوە.
پێنجەم: هەموو ئەم هەرایەی ماوەیەکە کاک هۆشیارو هەندێک لەبرادەرەکانی دەیکەن دژی پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، کۆمەڵێک ئامانج و بەرژوەندی تایبەتی لەپشتەوەیە. هەندێک لەوانەی لەناو گۆڕان پشتیوانی دەکەن چاوەڕوانن پۆستەکانی تر وەربگرن، هۆشیار عەبدوڵاو برادەرەکانی تریشی خەڵک گەرمدەکەنەوەو ئامادەیان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق. لەمە بترازێت دوورو نزیک پەیوەندی نییە بەچاکسازی و بەرژوەندی خەڵکەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×