پێنجی ڕەشی ئەیلول....؟

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2024-09-07     181

‏‎یەک: بۆ دەبێ ڕوداوەکەی ڕۆژی پێنجی ئەیلولی ٢٠٢٤ی شاری سلێمانی، بەراورد بکرێ بە شەشی ڕەشی ئەیلولی ١٩٣٠ و بە قەولی مەلا بەختیار ببێتە "پێنجی ڕەشی ئەیلول و خاڵی وەرچەرخان"؟

‏‎دو: بەڵام لەساڵانی ڕابردودا، ناوبراو بێدەنگ بووە یان بەشدار بووە لەھەموو تاوان و ناعەدالەتی و تەسفییاتە حیزبیەکانی ئەم زۆنەو ھیچیان لای ئەو نەبون بە ڕۆژی ڕەش و خاڵی وەرچەرخان؟

‏‎سێ: نمونەی ئەو تاوانانە؛ تیرۆرکردنی کۆمۆنیستەکان لە نەوەدەکان، تەسفیەکردن و دەرپەڕاندنی باڵی ڕیفۆرمی ناو یەکێتی لە سەرەتای دوو ھەزارەکان، تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمەو چالاکوانانی کوردانی ڕۆژھەڵات، نانبڕاوکردن، تەزویری ھەڵبژارن، دەمانچە دابەشکردن، کوشتن و بریندارکردن و گرتن و لێدان و ھەوڵی تیرۆرکردن و ھەڕەشەکردن لە ڕوداوەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و ڕۆژانی دوایی، ڕاپۆرتی پلینیۆمی یەکێتی ٢٠١٣، دەرپەڕاندنی بەرھەم ساڵح و گروپەکەی لە حیزب، بون بە بەشێک لە شانۆگەری ژەھرخواردن و تەسفیاتی حیزبی ھەشتی تەمموزی ٢٠٢١.....ھتد.

‏‎چوار: چەند ساڵێکە، کاک مەلا بەختیار و ھاوڕێکانی، بونەتە ئەسپەکەی تەروادەی پارتی لە سلێمانی، بەڵام واخۆیان نمایش دەکەن کە گوایە "چەپی نوێن". لەچەپی کۆن زۆر سەرکەوتوبون، نورەی چەپی نوێیە!

‏‎پێنج: سەرەڕای بێدەنگی و بەشداربوونێکی سەرەکی لە تاوانەکانی حیزبەکەت چ لەناو حیزب و چ لە دەرەوە، خۆت لێبووبێتە فریشتەو گیڤاراو ڕوداوە تراژیدیەکانی ڕابردوو سپی بون، بەڵام ئەمەی بەرامبەر خۆت ئەنجامدرا زۆر "ڕەشە" و "خاڵی وەرچەرخانە"!.

‏‎شەش: بێگومان شێوازی بەڕێوەچون و ڕێکارە یاساییەکانی ڕوداوەکە، نادیموکراتی و نایاساییە. ھاوکات کەسێک کە لەحیزبدا نەمابێ، مافی حیزبە کە بەشێوازی مەدەنی و یاسایی، ئیجرائاتی بەرامبەر ئەنجامبدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×