یەکەم: ”بارەگای
بارزانی“ وەڵامی عەبادی دەداتەوە؟! زیادکردنی ئەم دامەزراوەیە لەھەرێمدا، دەبێتە داھێنانێکی
تری پارتی بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە سەدەی بیست و یەکدا!
دوەم: لەساڵیادی
کارەساتی ھەڵەبجە، ئەردۆغان لەتویتەر دەنوسێت: ”کارەساتی هەڵەبجە پەڵەیەکی رەش بو لەمێژوی
مرۆڤایەتیدا“. دەسەڵاتەکەی خۆی بەشدارە لەزیندانیکردن و کوشتنی سەدان کورد لهتورکیاو
سوریاو ڕوخاندن و وێرانکردنی چەندان گەڕەک و شارو شارۆچکەدا، بەڵام ناڕەحەتە بە کوژرانی
دانیشتوانی ھەڵەبجە؟
سێیەم: بەرپرسی
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ میشێڵ ڤیڤۆرکا نەخشە ڕێگای پاریس و کوردستان دادەڕێژنەوە!
دوفاقی یەکێتی لەوەدایە: لەیەککاتدا سپۆنسەری (پرۆژەی ڕۆشنگەری و دابڕان)و بزوتنەوە
سەلەفیەکان دەکات. ژمارەیەک نوسەریش خۆیان لەو ڕاستییە گێلدەکەن کە حیزبی کوردی شەڕی
نفوزو ھەیمەنە دەکات، نەک پرۆژەو کارنامەی جدی!
چوارەم: سەرۆکی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ٢١٧/١١/٢١، نوسی: ماڵئاوا ئێن ئاڕ تی! ئێن ئاڕ تی-م فرۆشتوە
بە کۆمپانیایەکی بیانی و پەیوەندی بە منەوە نەماوە. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستەش ئەم کەناڵە نەک نەفرۆشراوەو
ھی نەوەی نوێیە، بەڵکو خەریکی بە پاڵەوان و فریادڕەسکردنی خاوەنەکەیەتی، کە کەسی یەکەمی
نەوەی نوێیە. ئەبێت ئەم برادەرە چ میسداقیەتێکی ھەبێت و چ متمانەیەکی پێ بکرێت؟
پێنجەم: ھادی عهلی
دەڵێت: ”قورسایی یەکگرتو بەقورسایی کورسییەکانی پەرلەمان ئەژمار ناکرێت“. ئەمە ھەمان
لۆجیکی پارتی و یەکێتییە. جا ئەگەر وایە ئیتر ھەڵبژاردن بۆ ئەنجامبدرێت؟ ئەی زەحمەت
نەبێت جگە لە دەرکەوتنی کۆمەڵێک سیاسی بازرگان و دەوڵەمەند، داھێنانە گەورەکەی حیزبی
کوردی چییە، تاکو بەبێ کورسییەکانی پەرلەمان قورساییەکەی بپێوین؟
شەشەم: جارێکیان
سکرتێری پێشوی یەکێتی وتی: ”بە ھاوسەرەکەمم وتوە ئەوەندە ھەژارین، ئەگەر بمرین مەگەر
شارەوانی بماننێژێت؟!“ بەڵام پاش مردنی، ٧٥ ملیۆن دۆلار لەمەزارەکەیدا خەرجدەکرێت!
ئایا سلێمانی و حیزبەکەی سکرتێری گشتی، دژ بە بنەماڵە و تەقدیسکردن نەبون؟ ئەی ئێستا
چی دەگوزەرێت و چی ڕوئەدات؟ خەڵکینە سلێمانی پێویستی بە شەقامی سەدمەتری و قوتابخانەی
نوێ ھەیە یان بە پرۆژەی مام؟!
حەوتەم: فازیل
میرانی وتی: ”گۆڕان پاش نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە“. ئەم ئیھانە گەورەیە بە ڕێکخەری
پێشوی گۆڕان و بزوتنەوەکەی، بەبێ ھیچ وەڵام و کاردانەوەیەکی جدی بڕیاربەدەستانی ئێستەی
گۆڕان تێپەڕی! وەڵامەکە زۆر ئاسانە: خاوەن بڕیارەکانی گۆڕان، ڕابردو و ئێستاو داھاتوی
بزوتنەکەوەیان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان و ژمارەیەک پۆست لە کابینەی
نۆیەمی حکومەتدا ئەولەویەتیانە!
ھەشتەم: وەزارەتی
ناوخۆ دەڵێت: ”جگە لە دەمانچەو کڵانشکیۆف، دەست بەسەر ھەمو چەکێکدا دەگیرێت“. بەڕاست
تاوانە ڕۆژانەییەکانی کوشتن و بڕین و ئازاردان و دزیکردن، بە فڕۆکە و تانک و ھەلیکۆپتەر
و ئاڕ پی جی دەکرێن، یاخود بە دەمانچە و کڵاشینکۆف؟
نۆیەم: عهلی قەرەداغی
دەڵێت: ”ڕۆژئاوای کوردستان پرۆژەیەکی زایۆنیستی ئەمریکییەو پێویستە لەناوببرێت“. چەند
ناشرینە مرۆڤ ئیدیعای عەقڵ و ویژدان و میانەڕەوی بکات، بەڵام لەگەڵ ھاوفیکرەکەی: مامۆستا
سەید ئەحمەد، ببنە برغویەک لە ماشێنە ستەمکارو
تاکڕەوەکەی ئەردۆغاندا.
دەیەم: دیل بە
دیلی یەکێتی و پارتی لەماوەی ڕابردودا، ناشرینترین داھێنانی ئەم دوحیزبەیە، وەک ھەمیشە
ئاسایش و دادگاکانی ھەردولاش وەک دو بارەگای حیزبی مامەڵەیان کرد. وەک پیشەی ھەمیشەیشیی،
داواکاری گشتی بێدەنگ بو؟!
یازدەیەم: نەوەی
نوێ: ”ھەر حیزبێک لەگەڵ دەسەڵات دانیشێت، مامەڵەی ھاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵ دەکەین“.
ئەم وتەیە تەعبیر لە تێنەگەیشتن و چەواشەکارییەکی گەورە دەکات لە چەمکەکانی: دەسەڵات
و دانوسان و پێکەوەژیان، ھاوکات پۆپۆلیزمێکی عەیار بیست و چوارە. لەھەموشی کارەساتتر،
پاش چەند ھەفتەیەک لەم بەیاننامەیەی نەوەی نوێ، سەرۆکەکەیان کۆنفرانسێکی سازدا بەناوی:
پێکەوەژیان؟!
دوانزەیەم: ”لەڕۆژی
لێپرسینەوەدا، ئاڵای عێراق لەبەردەکەم بۆئەوەی خودا بزانێت کە پێشتر لە دۆزەخ بوم“
(نوسراوی سەر مۆتۆرسایکڵێک). دەبو ئەم پەیامە کورتە پڕمانایەی ھاوڵاتیەکی ئاسایی عێراقی،
ھەمو شەھادەدارو ئەفەندی و سیاسییە مەغرورەکانی عێراقی بھێنایەتە گۆ، نەک سەرقاڵی کۆنفرانس و کۆبونەوەی بێماناو بێدەرەنجام
بن.