ئەمڕۆ (١/٣) یادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ئاوێنەیە. ئاوێنە سەرەتا وەک رۆژنامەیەکو پاشان وەک کۆمپانیایەکی میدیایی مۆڵەتی وەرگرت. پلانمان ئەوە بو بەرۆژنامەیەک دەست پێبکەینو هەنگاو بەهەنگاو کارەکانمان فراوان بکەین.
بەگیرفانی بەتاڵەوە دەستمان بەکارکرد. لەراستیدا ئەگەر پشتیوانیی ژمارەیەک وەبەرهێن نەبووایە کە بڕوایان بەگرنگیی میدیای ئازادو متمانەیان بە توانای ستافەکەمان هەبوو، ئەستەم بوو بتوانین هیچ شتێک بکەین. دیارە نابێ رۆڵی پشتیوانیی رێکخراوە ئەوروپاییەکانیش لەبیر بکەین، کە هەر لەسەرتاوە هاوکاریی ماددیو تەکنیکیی گرنگیان کردین. جگە لەوانەش ئەو کاتەی دەستمان پێکرد، واتە ساڵی ٢٠٠٦ سەردەمی گەشەسەندنی ئابووریو کرانەوەی بازاڕی کوردستان بوو، پەیتا پەیتا کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەهاتنە کوردستان. ململانێی بازرگانی هەلی کاری زۆرو بوارێکی فراوانی بۆ بازاڕی ریکلامو میدیا کردبۆوە، بۆیە هیوامان زۆر بوو بتوانین بەخێرایی جێگەی خۆمان بکەینەوە.
لەم روەوە تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوویش بووین. زۆری نەبرد گۆڤاری (ئاوێنەکان)و رۆژنامەی (ئاوێنەسپۆرت) دەستیان بەبڵاوبوونەوە کرد. پاش (٤-٥) ساڵ گەیشتنیە ئاستێک کە بتوانین لەسەرپێی خۆمان بووەستینو پێویستمان بەهاوکاریی رێکخراوەکان نەمێنی.
بەڵام بەداخەوە، زۆری نەبرد لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریدا، هەمو هەلومەرجەکان پێچەوانە بوونەوە. لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا، ئێمەش ناچاربوین کارەکانمان بچوکتر بکەینەوە. سەرەتا ئاوێنە سپۆرت راگیرا، پاشان گۆڤاری ئاوێنەکانو سەرەنجام ساڵی رابردو پاش کۆبونەوەی قەرزێکی زۆری چاپخانە لەسەرمان، ناچاربووین رۆژنامەکەش راگرین. بەهیوای بەردەوامی بۆ ماڵپەڕی ئاوێنە.
سوپاس بۆ هەكو ئەوانەی لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ، بەهەر شێوەیەک بوبێ، هاوکارییان کردین. سوپاس بۆ وەبەرهێنەکان، بۆ رێکخراوەکان، بۆ ئەو نوسەرو رۆشنبیرانەی کە هەمیشە بەهەڵوێستو نوسینو بۆچونەکانیان پشتیوانمان بون. سوپاس بۆ ئەو رۆژنامەنوسە گەنجانەی لەخۆبوردووانەو زۆرجار بەموچەی کەمو تەنانەت بێ مووچەش لەگەڵمان بەردەوام بونو ئەمڕۆ زۆربەیان ناوی دیاری ناو میدیای کوردین.
سوپاسێکی تایبەتیش بۆ خاوەنو کارمەندانی چاپخانەی کوردستان، کە هەمیشە ئاوێنەیان بە هی خۆیان زانیوەو سەرباری پێپارەییو دواکەوتنمان هەرگیز روویەکی گرژیان نیشان نەداین.