ماوەیەکە جارێکی
تر بابەتی (بەناو!) "رێکخستنەوەی میدیای کوردستان"و "کۆتایی هێنان
بە فەوزای میدیای کوردی" سەریهەڵداوەتەوە. گوایە گەیشتن بەم ئامانجەش لە رێگەی
دامەزراندنی (ئەنجومەنی باڵای میدیا)وە دەبێت کە جگە لەوەی پرۆژە یاسایەکی بۆ پێشنیارکراوە،
کۆڕو کۆنفرانسیشی بۆ دەگیرێ و پروپاگەندەیەکی بەرفراوانی بۆ دەکرێ.
دوور نیە هەندێک
لەوانەی پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکەن، دڵسۆزی میدیای کوردی و ئازادیی بیروڕادەربڕین
بن و بەهیوا بن لەم رێگەیەوە خزمەتێکی بکەن، بەڵام گومانیشم لەوە نیە هەندێک لایەن
و خەڵکێکی زۆریش لەگەڵیان، مەبەستیانە کۆت و بەندکردن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی
رادەربڕین بکەنە یاساو "شەرعییەت!"ی پێبدەن.
پێش ئەوەی قسە لەسەر
پرۆژە پێشنیارکراوەکە بکەین، با لە خۆمان بپرسین: ئایا لەسایەی ئەم سیستمە سیاسییەی
هەرێمدا ئەنجومەنێکی باڵا، کە وەک لە پرۆژە یاساکەدا پێشنیارکراوە، لەلایەن پەرلەمانەوە
دادەمەزرێت و دەسەڵاتی پێدەدرێت، دەتوانێ زامنی ئازادیی رۆژنامەگەری بێت لە
کوردستاندا؟
پێم وایە گەڕانەوەیەکی
خێرا بۆ ئەزموونی چەند ساڵی رابردوومان لەگەڵ دەستەو ئەنجومەنەکاندا، بە "نەخێر"
وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە.
لە هەموو دنیادا
دەسەڵاتی (دامەزراندن) و (متمانەدان) بە دەستەو ئەنجومەنە باڵاکان دەدرێت بە پەرلەمان
بۆ ئەوەی لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەرباز بکرێن و سەربەخۆییان هەبێت لە
بڕیارداندا. بەڵام لە کوردستاندا خودی پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان
و دەسەڵاتی جێبەجێکرندایە، بۆیە گومان لەوەدا نیە هەر دەستەو ئەنجومەنێک لە پەرلەمانەوە
دروست بکرێت، بەهەمان سیستمی بەش بەشێنە لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بەشدەکرێت،
دەبێتە پاشکۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هیچ هیوایەک بە سەربەخۆیی بڕیارەکانی نیە. رەنگە
هەر لەبەر ئەوەیش بێت لە پرۆژە یاساکەدا دەسەڵاتی (راگرتن) و تەنانەت (وەرگرتنەوەی
مۆڵەت!) دراوە بە ئەنجومەنی باڵای میدیا. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە یاسای رێکخستنی
کاری رۆژنامەوانیدا سزا بەسەر دەزگا رۆژنامەوانییەکاندا ناسەپێنرێت، بەڵکو بەسەر کەسەکاندا.
پاشان ئەو بەڕێزانە
مەبەستیان چیە لە "رێکخستنەوەی ئەو فەوزایەی لە میدیای کوردیدا هەیە"؟!
کێ ئەو فەوزایەی دروست کردووە؟
هەموومان دەزانین
پتر لە (٩٠٪)ی کەناڵەکانی راگەیاندن لە کوردستاندا (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلکترۆنی)،
یا راستەوخۆ سەر بە بەرپرس و حیزبە دەسەڵادارەکانن، یاخود لە "سێبەر"ی ئەوانداو
بە پارەو بەپێی سیاسەتی ئەوان کار دەکەن. جگە لە رۆژنامەو کەناڵە گەورەو دیارەکان،
رۆژانە ماڵپەڕی "بێ دایک و باوک"ی نوێ و، لاپەڕەی سۆشیال میدیای نەناسراو
کە بە ئاشکرا دیارە سەر بە کام حیزب و کام لایەنی سیاسین، لە رێگەی ریکلامی زۆروزەوندی
سۆشیال میدیاوە خۆیان نمایش دەکەن. کارو کاسبیی ئەمانە بریتییە لە: هێرش کردنە سەر
نەیارەکان بەزمانێکی زۆر ناشرین، هەڵبەستنی هەواڵ، چەواشکردنی رایگشتی. تەنانەت هەندێک
زانیاری باس لەوە دەکەن، حیزب هەیە لەشکرێک جنێوفرۆشی دامەزراندووە کە مانگانە
مووچەیان دەداتێ، تەنهاو تەنها ئەرکیان ئەوەیە هێرش بکەنە سەر نەیارەکان و دەنگە
ئازادەکان بە زمانێک کە مرۆڤ بێزی لێدەکاتەوە. هەر ئەوانەش سەرچاوەی سەرەکیی ئەو
پاشاگەردانییەن کە ئەو بەڕێزانە باسی دەکەن.
بۆیە ئەگەر بەڕاستی
ئامانجی ئەو بەڕێزانە ئەوەیە کۆتایی بەم پاشاگەردانییەی میدیاو سۆشیال میدیای
کوردستان بێنن، با بڕۆن گوشار بخەنە سەر حیزبەکانی خۆیان و پێیان بڵێن بەرۆکی میدیا
بەردەن و ئەم کارە بۆ رۆژنامەنووسەکان جێبێڵن. کە ئەمەیان پێ ناکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە،
جگە لە بەرتەسک کردنەوەی ئەو پەراوێزە بچووکەی ئازادیی بیروڕادەربڕین کە ئەمڕۆ لە
هەموو کاتێک زیاتر لەژێر هەڕەشەدایە، بە هیچ ئەنجامێک ناگات. ئەگەر مەبەستیشیانە فەرمانگەو
دامەزراوەیەکی نوێ دامەزرێنن بۆ بەخشینی پۆست و پلەو پایەو مووچەی بەرز بە چەند کەسێک،
ئەوا رێگەی تر گەلێک زۆرن، تکایە با بە ناوی میدیاو ئازادی رۆژنامەگەرییەوە نەیکەن.