هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەمبوڵ

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2019-06-23     1431

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماری‌و ئۆپزسیۆن لە تورکیا، لە هەڵبژاردنە دووبارەکەی شارەوانیی ئەستەمبوڵدا، بۆ جاری دووەم لە بنعەلی یلدرم-ی کاندیدی ئەردۆغان‌و دەسەڵاتی بردۆتەوە.
پێشەکی با ئەوە بڵێم کە من وەک کوردێک هیچ هیوایەکم بە هیچ یەکێک لەو دوو کاندیدە نەبووەو نیە. یڵدرم کاندیدی دەسەڵاتێکە کە ئەگەرچی لەسەرەتادا خۆی وا نیشان دا دەیەوێ کێشەی کورد لە باکوور بە رێگەیەکی دیموکراتییانە چارەسەر بکات، بەڵام زۆری نەبرد، کاتێک پێگەی خۆی قایم کردو بۆی دەرکەوت کورد تەنها بە مەرجی چارەسەرەی بنەڕەتیی کێشەکەی‌ ئامادەیە پشتیوانیی لێبکات‌و نابێتە کۆیلەی، لە سەرۆکە ناسیونالیست‌و رەگەزپەرستەکانی تورک خراپتر، یان لانیکەم رێک وەکو ئەوانی بە کورد کردو بەبەرچاوی جیهانی سەدەی بیست‌و یەکەمەوە هەرچی بەردەستی کەوت وێرانی کرد.
هەرچی ئیمام ئۆغڵو-ی رکەبەریشە، کاندیدی (جەهەپە) حیزبەکەی مستەفا کەمال ئاتاتورکەو هیچ مافێکی راستەقینە لەبەرنامەی سیاسیی ئەو حیزبەدا بۆ کورد بوونی نیە.
بەڵام ئەوەی وادەکات بردنەوەی "ئۆپۆزسیۆن" لە دەسەلاتی تورکیا باشترو ئیجابیتر بێت ئەوەیە، دۆڕاندنی ئەستەمووڵ لووت شکاندنێکی گەورەیە بۆ حیزبی دەسەڵاتدارو خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە بە هەموو توانایەکەوە هەوڵدەدەن دیکاتۆرییەتێکی دیکە لە تورکیادا بسەپێنن، دیکاتۆرییەتێک کە لە رووی ئازادی‌و مافەکانی مرۆڤ‌و مافی کوردیشەوە، ئەگەر لەوانی پێش خۆی خراپترو ترسناکتر نەبێت، ئەوا بێگومان هیچی لەوان کەمتر نیە. دیکتاتۆرییەتێکە بە ناوی ئاین‌و ئیسلام‌‌و ئیمانەوە دەیەوێ حوکمی رەهای حیزب‌و سەرۆکەکەی بسەپینێت‌و بە جۆرێک لەجۆرەکان مۆدێلی تورکە عوسمانییەکان لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا دووبارە بکاتەوە، دیارە لەپێش هەمووشیانەوە لەکوردستاندا.
لێرەشەوە پێم وایە هەڵوێستی پارتی گەلانی دیموکراتی (هەدەپە)، بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆن، لەم ساتەوەختەی مێژووی تورکیادا، هەڵوێستێکی راست‌و عەقلانی‌و ئازایانە بوو. هەڵوێستێک کە بە گەمەەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەیەکی کاتی‌ بەڕووی عەبدوڵڵا ئۆجەلانداو رێگەدان بەەوەی لەگەڵ پارەێزەرەکانی دیدار بکات، بێ هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەرێکی راستەقینەی کێشەی کورد لە باکوور، هەڵنەخەڵەتاو ستراتیجییانە بیری کردەوە: لەم ساتەوەختەدا گرنگترین ئەرکی سیاسیی ئەوەیە رێگە لە دیاکتاتۆرریەتێک بگیرێ کە دەستی بە خوێنی دەیان هەزاران هاوڵاتیی کوردی بێدەرەتان سوورە، چونکە هەتا ملاملانێ‌و پەراوێزی فرەیی‌و مانۆری سیاسی لەئارادا بێت، هیوایەک بە گۆڕانکاری‌و بەرەپێشچوون دەمێنێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×