لە ژیانی خۆمدا سێ جار ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووم. جاری یەکەم شەستەکانی سەدەی رابردوو بوو، ئەو کاتە زۆر منداڵ بووم و شتێکی ئەوتۆم لە بیر نەماوە. جاری دووەم ساڵی ٧٤-٧٥ بوو، پاش شکستی شۆڕشی ئەیلول بە ئاوارەیی لە شنۆ و نەغەدە گیرساینەوە. سێهەم جار دوای ئەنفال بوو، ئەو کاتەی رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی و سوپا زەبەلاحەکەی ناوچە ئازادکراوەکانی داگیرکردو ناچاری کردین جارێکی تر پەنا بۆ رۆژهەڵات بەرین.
لە هەموو شکست و قەیرانەکانی باشووردا هەمیشە رۆژهەڵات پشت و پەنامان بووە. لە برسێتیدا نانیان بۆ دابین کردووین، لە شەڕەکاندا تیماری بریندارەکانیان کردووین، لە کارەسات و نەهامەتییەکانماندا باوەشی گەرمیان بۆ کردووینەتەوەو دەرگای ماڵەکانیان بۆ ئاوارەو دەربەدەرەکانمان خستۆتە سەر پشت.
پاش راپەڕین و ئازادبوونی هەرێمی کوردستان، بە هیوا بووین ئەگەر باشوور نەیشبێتە بنکەیەک بۆ ئازادیی بەشەکانی تری کوردستان، لانیکەم پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ ئەو هاونیشتمانییەی لە رۆژهەڵات وبەشەکانی تری کوردستانەوە پەنا بۆ هەرێم دێنن. بەڵام بەداخەوە، هەرێمی کوردستان بوو بە شوێنێک بۆ تیرۆرکردنیان، جا بە درۆن و سیخوڕی تورکی بێت یا سیخوڕو مووشەکی ئێرانی. تەنانەت گەیشتینە رۆژێک هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە بنکەو بارەگاکانیان هەڵکەندرێن و لە کەمپێکی دوورەدەست، کە زۆرتر لە زیندان دەچێت، توند بکرێن.
لەم شەرمەزارییەدا من وەکو هاوڵاتییەکی باشوور تەنها ئەوەم لە دەست دێ کە بەو خوشک و برا ئازیزانەم بڵێم:
داوای لێبوردنتان لێ دەکەم. من بێبەریم لەوەی دژی ئێوە دەکرێت.