منیش بەشانازییەوە دانی پێدادەنێم کە تاوانبارم

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2021-05-06     1017

من بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان دانیشتوم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەو دیموکرات و حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا دانیشتوم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەو حیزبەکانی تری رۆژاوادا دانیشتوم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

دانی پێدا دەنێم لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمەریکی و ئەڵمانی، لەگەڵ سەفیری ئەڵمانی و سەفیری سویدی و سەفیری نەرویجی و دیپلۆماتە ئیتالی و کەنەدەییەکاندا دانیشتوم و راشکاوانە باسی بارودۆخی کوردستان و عێراق و رەخنەو گلەییەکانی خەڵکی کوردستانم بۆ کردون، نەک هەر لەسەر شێوازی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراق، بەڵکو لەسەر سیاسەتی خودی خۆیان و دەوڵەتەکانیشیان.

دانی پێدادەنێم هاوڵاتی و ئاوێنە لە چوارچیوەی چەندین پرۆژەی هاوبەشدا هاوکاریی ماددییان لە رێکخراوە ناحکومییەکانی هۆڵەندا، ئەڵمانیا، نەرویج، دانمارک، ئەمەریکاو.. هتد وەرگرتوە کە زۆربەی ئەو رێکخراوانەش وەکو ئاشکرایە سەرچاوەی داهاتیان وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیانە.

دانی پێدادەنێم زۆرێک لەو رێکخراو یان دەزگا دیپلۆماسییانە بە فەرمی بانگهێشتی وڵاتی خۆیانیان کردوم و لە زۆر کۆنفرانس و کۆبونەوەی تایبەت بە عێراق و کوردستاندا بەشداربوم، کە ئەوان رێکیان خستوەو میوانداریی بەشداربوانیان کردوە.

ئەگەر دانیشتن لەگەڵ حیزب و تێکۆشەرانی پارچەکانی تری کوردستان و نوێنەری وڵاتانی خۆرئاوادا تاوانە، ئەوا من لێرەوە راشکاوانە دانی پێدادەنێم:

بە شانازییەوە تاوانبارم و ئامادەم بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە گەورانە لە ئەستۆ بگرم و لەپاڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانمدا لە بادینان لە کونجی زیندان توندکرێم!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×