هەرچەندە، پارتی یەکلایەنە چۆتە ناو بەرەی صەدر – حەلبوسی و بەو هەنگاوەش درزی نێوان هەردوو هێزە سەرەکیەکەی کوردستان فراوانتر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەرفەت بۆ رێککەوتنەوە و هەماهەنگی لەبەر دەستە.
کارایی و کاریگەریی سیاسیی کورد لە بەغدا بەندە بە یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی، نەک ژمارە و جۆری پۆستەکان. ئەو چەمکە بۆ کارایی و کاریگەریی هەر یەک لە پارتی و یەکێتیش هەمان مانا دەدا و بەندە بەوەی ئایا بەیەکەوە بەشداری کابینەی نوێ دەکەن یان بە جیاواز؟
ڕەنگە یەکێتی و پارتی رێکبکەونەوە، کە ئەوەش ڕێگا ڕاستەکەیە، بەڵام لە بارێکدا ھەردوولا تاک تاک و بە جیاواز ڕێگای بەغدا بگرینەوە بەر ئەگەری دروستبوونی لێکەوتەی نەخوازراوی ھەیە.
وەدەستهێنانی ئەو پۆست و ئەم پۆست بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن لە چاو پێویستی و بەرپرسیارێتی کاری هاوبەش لە بەغدا هیچ بەهایەکیان نییە.
لە رێکنەکەوتن هەموومان باج دەدەین، بەڵام بە ھۆکاری بەشداریکردن لە بەرەی صەدر - حەلبوسی ئەنجام و باجەکەی بۆ پارتی قوڕستر دیارن.
لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە، نەک سەپاندن و مەرج بۆ یەکتری دانان. کوردیش دەمێکە بەگفتوگۆ دەڵێ: دان و ستان.