ژیان بە لاتی
شاناز ئیبراهیم ئهحمهد
2021-03-12   1030
نیگەرانیو ناڕەزایی دراوسێکانمان بەرامبەر بەنمایشکردنی پولێک لەکاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەرێم لەفڕۆکەخانەی هەولێر، شتێک نیە تووشی شۆکمان بکات و نوێ بێت، ئێمەی کورد دەمێکە لەگەڵ عەقڵییەتی ئینکاری و ڕەتکردنەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەین و ڕاهاتووین، قسەکانی کابرای باخچەلیش هیچ ئیعتبارێکی نیەو پێموایە زیاتر لەژێر کاریگەری ئەو سەمادو پەینەدایە کە لەباخچەکانیدا بەکاری هێناوە نەک بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی..
گرنگ نیە ناحەزانمان چی ئەلێن ، گرنگ ئەوەیە خۆمان چی ئەڵێین:
ـ پێویست نەبوو حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوە بەهیچ ووڵاتێک بدات لەسەر دروستکردنی ئەو پولە، چ جای ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی لاواز و ترسنۆکانە و شەرمنانەی وەک ئەوەی کە ووتەبێژەکەی حکومەت دای …!!
ـ دروستکردن و چاپکردنی پول هیچ کاتێک پێویستی بەڕەزامەندی دەرودراوسێ نەبووە و نیە، چ دراوسێیەکیش…!!
ـ نەدەبوو ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی سۆز و دەنگی خەڵک بەدروشم داوای سەربەخۆییان دەکرد، بەنیگەرانی و هەڕەشەی فاشیستەکان لەسەر دروستکردنی پولێکی کوردی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببن و هەروا ئاسان پاشگەزببنەوە، خۆ قەرار بوو ئەوانە دەوڵەتی کوردی دروست بکەن ..!!
ـ زۆرجار گوێمان لێ دەبێت کە دەوترێ تورکیا بۆیە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات ، چونکە پەکەکە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بیانووی هێرشکردن دەداتە تورکیا، ئەی ئێستا چی دەڵێن کە تورکیا دروستکردنی پولێکی بەنەخشەی کوردستانەوە لەشاری هەولێر و لەلایەن وەزیرێکی حکومەتی هەرێمەوە قبوڵ نیە و هەڕەشەی سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر هەرێمدا دەکات..! ئێ خۆ نەپاپا پەکەکەیەو نەدیزاینەری پولەکە جەمیل بایکەو نەوەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش لەپشکی پەکەکەیە ...؟!
ـ بڕوبیانوو مەهێننەوە و هەوڵمەدەن بەسود وەرگرتن لەکات و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانتان ، چاپکردنی ئەو پولە وەک هەڵەیەک بخەنە ئەستۆی (کەسێک)و بەبیانووی پاراستنی پەیوەندییەکانو ڕاگرتنی هاوسەنگی پولەکە ڕەتبکەنەوە، چونکە (خۆ گیڤ کردنەوەو بەهەڵە لەقەڵەمدانی چاپ کردنی ئەو پولە لەلایەن کۆمەڵێک سیاسی و سەرۆکایەتی کۆماری ووڵاتێکەوەیە کە ڕاست و هەڵە لێک جیاناکەنەوە ) و بەزاندی سنوری ووڵاتانی دراوسێ و بۆردومانکردن و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵک و خاکەکەمان و قەتڵ و عام و ئیبادەکردنی نەتەوەیەکیان پێ ڕاست و ڕەوایە ...!!
لەکۆتایدا با ئەم چەند دێڕەی باوکم لە (یادگارو هیوا) وەڵامێک بێت بۆ هەڵوێستی ئەوانەی نەیانتوانی پارێزگاری لەپولێکی کوردی و بەرگری لەنەخشەی کوردستانی گەورەو پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک بکەن...
ژیان بەلاتیو بێ دەسەڵاتی
هیچ درۆی نەبێ، سەد مەرگە ساتی
مرۆڤ بەدیلی بژی خۆشە، یان
بمرێ بۆ بەرزی خۆیو ووڵاتی