مامه‌ گیان

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
  2020-10-03     1189
سێ ساڵه‌ به‌خۆم ئه‌ڵێم به‌یانییەک له‌خه‌و هه‌ڵئه‌ستم و ئه‌بینم كه‌ له‌ژووره‌كه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ دانیشتوویت سەرقاڵی خوێندنەوەی ڕاپۆرتی زیادبوون و کەم بوونی ڕێژه‌ی ئاوی بەنداوەکان و ڕاپۆرته‌كانی تری سه‌رمێزه‌كه‌تی ، سێ ساڵه‌ ئه‌ڵێم ڕۆیشتنت ته‌نیا خه‌ونێكی تاڵ و ناخۆش بووه‌ و هه‌ر دێیته‌وه‌ ...
به‌ڵام گه‌وره‌م ، وا بوو به‌ سێ ساڵ‌ و نە ورته‌یه‌ک ، نە ده‌نگی پێكه‌نینێک ، نە خشه‌خشی ڕۆژنامه‌یه‌ک له‌ژوره‌كه‌ته‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ، سێ ساڵه‌ پیاڵه‌ چایه‌كت داوا نه‌كردووه‌ ، سێ ساڵه‌ بۆنی عه‌تره‌ خۆشه‌كه‌ت به‌ناو ڕاڕه‌وه‌كه‌ی ده‌باشاندا بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌ ، سێ ساڵه‌ و عه‌ینه‌كه‌كه‌ت هه‌ر له‌ شوێنی خۆیه‌تی ، قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت هه‌روا له‌سه‌ر ده‌فته‌رێک دانراوه‌ ، سێ ساڵه‌ گۆچان و ته‌سبیحه‌كه‌ت هه‌ستیان به‌گه‌رمی ده‌ستەکانت نه‌كردووه‌ ... 
خۆ نه‌شیەیتەوە ئه‌زانم كه‌ هه‌ر لێره‌یت ..!!
ئه‌زانم ، ئاگاداری وورد و درشتی هه‌موو شتێكیت ، ئەگه‌ر منیش پێت نه‌ڵێم دڵنیام كه‌ ڕه‌شه‌باكه‌ی شه‌وانی شار و په‌پووله ‌پایزه‌كان و فرمێسكی چاوی ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه‌ سه‌ردانت ئه‌كه‌ن هه‌موو ڕاستییه‌كانت پێ ئه‌ڵێن ، پێت ئه‌ڵێن كه‌ سێ ساڵه‌ شار كز و كه‌ساس و خامۆش و بێ كه‌سه‌ ، سێ ساڵه‌ خه‌ڵك برسی و بێ نان و ئاون ..!! سێ ساڵه‌ پرۆژه‌كانی شار وه‌ستاون ، شه‌قامه‌كان تاریک و پڕچاڵ و چۆڵین ، نه‌خۆشخانه‌كان بێ ده‌رمانن ، خوێندنگه‌كان وێرانن ، دار و ده‌رختی جه‌زره‌ وه‌سه‌تی شەقامەکانی شار ووشك و زەرد و بێ ئاون ، سێ ساڵه‌ ژیان لێرە وه‌ستاوە ، سێ ساڵه‌ عێراق كاول و هه‌رێم سه‌رلێشێواوه‌ ... 
ئه‌زانم پێیان ووتوویت كه‌ سه‌كۆی ئازادیه‌كه‌ت هه‌ر ماوه‌ ، به‌ڵام ته‌نیا گژوگیا ووشكه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری سه‌كۆكه‌ ئازادی ته‌وایان هه‌یه‌ كه‌قسه‌ی ناخیانی به‌وپه‌ری ئازادییه‌وه‌ لێ بكه‌ن ..!! دڵنیام پێیان ڕاگه‌یاندوویت كه‌ بیره‌ نه‌وت و مه‌سفامان زۆر زیادی كردووه‌ به‌ڵام نه‌ نه‌وت و نه‌ پاره‌كه‌شی دیار نیه‌ ...!! ئه‌زانم كه‌ باسی هه‌وڵی ڕوخاندنی گه‌ره‌كی شێخان و سابونكه‌ران و خانووە كۆنه‌كانی سلێمانیشیان بۆ كردوویت ...!!
ئه‌زانم پێرێ شه‌و كه‌ نمه‌ نمه‌ باران باری دڵخۆش بوویت و ئه‌شزانم كه‌ بۆنی خاكی ژێر نمه‌ی بارانه‌كه‌ت به‌لاوه‌ جیاواز بوو ..!! بۆنی بارانی ئه‌و شه‌وه‌ نه‌ بۆنی كاگڵی ژێر نمه‌ی باران بوو و نه‌ بۆنی خاكێكی تینوی دڵۆپه‌ بارانێک ..!! مامه‌ گیان‌ ئه‌وه‌ تێكه‌ڵه‌ی بۆنی خاكێكی تامه‌زرۆی باران و بۆنی پووش و په‌ڵاش و سنوبه‌ره‌ سوتاوه‌كانی چیای گۆیژه‌ و تاسلوجه‌ بوو ..
مامه‌ گیان ، هیچیتر ناڵێم هه‌مووی بۆ ڕه‌شه‌باكه‌ی شه‌وانی شار جێ ئه‌هێڵم با ئه‌وان پێت بڵێن با په‌پووله‌ پایزه‌كانی کە لەسۆران و بادینان و كه‌ركوك و به‌غدا و قامیشلۆ و عه‌فرین و كۆبانی و سنه‌ و مه‌هاباد و قه‌ندیل و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر و شه‌نگال و دووز و خانه‌قین و كامپه‌كان و ئامەد و وان و جزیره‌ …وە دێن پێت بڵێن چ باسە ..!! با هه‌وره‌ تریشقه‌كان باسی ئازاری ناخی كیژۆڵه‌ ئیزدیه‌كانت بۆ بكه‌ن …
من به‌ڵێنی خۆمم داوه‌ و هه‌رگیزیش كۆڵ ناده‌م ، دڵنیام كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی زۆرتر ئه‌بمه‌وه‌ به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌و به‌ڵێنه‌م كه‌ به‌ باوكم و خۆت و داده‌م داوە ..
یادت به‌خێر گه‌ورەم ، مام و برا و خاڵ و هه‌موو كه‌سم ...
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
۳/۱۰/۲۰۲۰
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×