میرکڵ: قەیرانی سەرکردە
سەردار عەزیز
2021-06-21   820
لە ١٧ی تەموزی ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هامبۆرگ، هێرلیند و هۆرست کاسنەر کچێکیان دەبێت و ناوی دەنێن ئەنگیلا. دایکی مامۆستای زمانی لاتینی و ئینگلیزیە و باوکی قەشەیە لە کڵێسای پرۆتسانت. لە تەمەنی سێ ساڵیدا خێزانی ئەنگیلا دەگوێزنەوە بۆ شارۆچکەی تێمپلین، کە بەشێک دەبێت لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، ئەوەی بە GDR ناسراوە، کە یانی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا، کە ناوێکی ئۆروێلیانەیە بۆ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی سۆشیالیستی.
ئەنگیلا لە هەناو گرژییەکانی سۆشیالیزم و پرۆتسانیزمدا گەورە دەبێت. بەپێی ماکس ڤیبەر ئەم دوو بەهایە پێکەوە نەگونجاون. ئەنجیلا لە زماندا زۆر باش دەبێت و سەرباری ئەڵمانی و ئینگلیزی ڕوسییەکی زۆر باش فێردەبێت و وەک خەڵاتێک بۆ ئاستی ڕوسییەکەی لە سەردەمی خوێندکاریدا سەردانی مۆسکۆ دەکات. لێرەدا چەندین بنەما دەبینین کە پاشتر دەبنە بنەماکانی کەسایەتی مێرکڵ، دانوستان و یارییکردن لە نێوان حەکایەتە گەورەکاندا بەبێ بوون بە هەڵگری هیچ بەهایەکی ئایدەلۆژی تایبەت. مامەڵەکردنی پراگماتیزیانە لە گەڵ جیاوازییەکاندا. توانای گفتوگۆ و پەیوەندی لە گەڵ نەیاراندا. ئەمە بە تایبەتی ئاماژەی پێدەدرێت لە توانای مێرکڵ لە پەیوەندی لە گەڵ کەسێکی وەک ڤلادیمێر پوتین بە زمانی خۆی. هەرچەندە شایانی باسە کە پوتین ئەلمانی زانەوە و کاری سیخوڕیی و دزی زانیاری کردوە لە سەرەتای کاریدا لە نێو کەی جی بی، لە شاری درێسدن.
مێرکڵ بە هیچ جۆرێک خاوەنی کاریزمانیە. نە کاریزماییانە جل لە بەر دەکات و نە کاریزماییانە دەدوێت. لە سەرەتای هاتنی بۆ ناو کایەی سیاسی، کێشەی ئەوەی هەبوو کە نەیدەزانی چی لە دەستەکانی بکات لە کاتی قسەکردندا. ئەم خەسڵەتانە ئەمرۆ لە بڕی ئەوەی ببنە بنەمای ئاسانکاری بۆ سەرکردەکانی دوای ئەو، لە ڕاستیدا بونەتە مایەی کێشەی گەورە. پێش ئەوە باسی ئەم کێشانە بکەین دەبێت باس لە چەند چەمکێکی فەلسەفی بکەین لەم بوارەدا. چەمکی یەکەم چەمکی دوبارەیە، چەمکی دوەم چەمکی دێوە.
ئایا دەتوانرێت مێرکڵ دووبارە بکرێتەوە؟ ئایا لاساییکردنەوەی مێرکڵ گەرەنتی سەرکەوتن دەدات؟ ئایا سەرکردەبون، پیادەکردنی کۆمەڵێک ڕێتم و ڕێسایە، گەر کەسێک پیادەی بکات ئەوا دەبێتە سەرکردە؟ یان سەرکردەبون تایبەتمەندی تاکێتی و تاقانەیە، هەرگیز دوو سەرکردە ناتوانن وەک یەک سەرکردە بن؟ لە ئاستێکی تردا، ئایا ئاگایی دووبارە وەها لە خەڵک دەکات کە ڕا بێن لە سەر کۆمەڵێک بنەما و خەسڵەت و چاوەڕانی ئەوە بکەن کە ئەوانیتریش بۆ ئەوەی ببن بە سەرکردە دەبێت هەمان شتەکان بکەنەوە؟ هەروەها ئایا سەرکردەبون بۆ هەموانە و تایبەت نیە بە کەسەوە؟
ئەمرۆ ئەڵمانیا بە دەست ئەم قەیرانانەوە دەناڵێنێت.
سەرەتا قەیرانەکە لەگەڵ Annegret Kremp-Karrenbauer ڕویدا. ئەو ئافرەتە لادێییەی کە ماوەیەک وەک مێرکڵی بچکۆلە بانگەشەی بۆ دەکرا، پاشان دەرکەوت ناتوانێت بەو کارانە هەستێت. وەک فاینانشاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکی درێژدا چەند مانگێک لەمەوپێش نوسیبوی، ئەوەی وەهای لێدەکات لە جێگایەکی دوورەدەست بیکات بە کەسێکی سەرکەوتوو، ڕەنگە لە بەرلین بە زیانی بشکێتەوە. ئانگرێت زوو هەستی بەم لاوازییە کرد، بۆیە بڕیاریدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی سی دی یو کاندید نەکات.
لێرەدا دێیینە سەر چەمکی دووەمی فەلسەفیمان ئەویش چەمکی دێو یان سپێکتەرە. جاک دێرێدا لە چەند جێگایەکدا، بە تایبەتی لەو کارە لە سەر مارکس بڕەوی بەم ئەم چەمکە دا. چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دێڕی سەرەتای مانیفێستی مارکس و ئنگلز. چەمکی دێو یان سپێکتەر، بۆ درێدا دەچێتە هەناو بوارێکی تری بەرفراوانی دونیا بینی ئەوەوە، کە ڕەخنەکردنی پرۆژەی مۆدێرنەیە. سپێکتەر یان دێو لە میانەی پرۆژەی عەقلانی ڕۆژئاوادا بە تەواوی کراوەتە دەرەوە و وەها دەبینرێت کە بەشێکە لە ناعەقڵانیەت و هیچ بایەخێکی نیە. لای دێریدا دێو کە لە نێوان بون و نەبوندایە، ڕاوەدوووی واقیع و دونیا دەنێت. لێرەوەیە کە چەمکی هانتۆلۆجی دەبێتە چەمکێکی کاریگەر لە دونیای فیکری نوێدا، ئەوەی کە لە پشت گۆڕەکانەوە دێت و ڕاوەدوی ئێستا دەنێت، ئەوەی کە نە سەر بە ڕابوردوە بە تەواوی و نە سەر بە ئێستایە.
کەسایەتی مێرکڵ ئەم دۆخەی لە کایەی سیاسی ئێستای ئەڵمانیادا دروستکردوە. ئەو بوەتە پێوەر، ئەوانیتری لێوە دەبینرێن و هەڵدەسەنگێندرێن. ئەمە بۆ سەرۆکی پارتی سەوزەکانی ئێستای ئەڵمانیا Annalena Baerbock
مایەی نەگبەتیی بوو. ئەنالینا ئافرەتێکی نیمچە لاوە، هەتا ئاستێکی زۆر، کەم ئەزمونە، و هەروەها بێ کاریزمایە. بەڵام چونکە مێرکڵ هەموو ئەمانەی هەبوو، ئەوا وەها دادەنرێت کە ئەم خەسڵەتانە کێشە نەبن. هەرچەندە ئێستا ئەنالیان بە دەست کۆمەڵێک قەیرانی زۆرەوە دەناڵێنێت، وەک گزییکردن لە سی ڤییەکەی، وەرگرتنی هەزاران یورۆ لە پارتەکەی بەبێ ئاماژە پێدانی و دەربڕینی وشەی نەشیاو لە کاتی قسەکردندا.
ئەمەیە وەها دەکات کە مێرکڵ، لە پاش ڕۆشتنی وەک دێوزەمەیەک بمێنێتەوە لە سیاسەتی ئەڵمانیدا، بە تایبەتی وەک پێوەرێک بۆ سەرکردەی داهاتوو.
بەڵام مێرکڵ کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو کە زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ پرۆسەی سەرکردەسازیی لە سیاسەتی ئەڵمانیدا. بۆ نمونە مێرکڵ خاوەنی هیچ ئایدیایەکی ڕەسەن نیە، هەمیشە ئایدیای ئەوانی تری دەکرد بە هی خۆی. بەڵام لە بەر بونی مێژویەکی باش لە پیادەکردن، ئەوا ئەڵمانەکان باوەڕیان پێدەکرد کە دەتوانێت بەرجەستەی بکات. بەمجۆرە مێرکڵ سەرکردەیەکی سەرکردە کوژە. ئەم خەسڵەتە لە سیاسەتی کوردیدا زۆر باوە. دەتوانین بڵێین کە خەسڵەتی هەرە سەرەکی هەموو سەرکردەیەکی کورد ئەوەیە کە چۆن سەرکردەی داهاتوو بکوژێت، نەک بە مانای جەستەیی. لە کاتێکدا ڕۆڵی سەرکردەی سیاسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بتوانێت سەرکردە بۆ دوای خۆی بەرهەم بهێنێت. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا سەرکردە دوبارە نابێتەوە، بۆیە لاساییکەرەوە نابێتە سەرکردە. ئەم پرسی دووبارەبونەوە لە کەیسی نەوشیروان مستەفادا زۆر ڕونە. هەموو ئەوانەی کە یار و نەیاری ئەوبون، زیاتر هەوڵی لاسایی یان دوبارەکردنەوەیان دەدا، لەبڕی تێگەیشتن لێی و بەرهەمهێنانەوەی بە پێی کات و شوێنی تایبەت. لاساییکردنەوە یان هەوڵدان بۆ دوبارەکردنەوە، بەبێ تێگەیشتن لە دۆخی گۆڕاو، کەسی لاساییکەرەوە لە بڕی ئەوەی بیکات بە کەسێکی درێژەپێدەر، زیاتر دەیکات بە کاریکاتۆری کەسە بنەڕەتییەکە.
ئەمە بەمانای ئەوەنیە کە ناتوانرێت سود لە ئەزمونی ئەوانیتر وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر تەنها هەوڵی لاساییکردنەوەی بدرێت بەبێ تێگەیشتن لێی، ئەوا سەرکەوتوونابێت.
سەرکردەی سیاسی دەبێت نەترس بێت. بەڵام کاتێک کە دەترسێت، ئەوا هەوڵی هەرە سەرەکی ئەوە دەبێت کە چۆن نەیارەکانی لابەرێت و هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات و هیچ ڕکەبەر و جیاوازێک نەهێڵێت. بە گشتی سەرکردەی سیاسی کورد لە جۆری ترساوەکانن. ئەوان ناتوانن ڕکەبەری فیکریی و گۆڕینەوە و سود لە جیاوازەکان ببینن. ئەوە هەر باسی ئەوە مەکە ئایا هیچ جیاوازێک لە دەوروبەریان جێگای دەبێتەوە. ئەمە قەیرانی بیرکردنەوەی گروپی دروست دەکات. لە ساڵی ١٩٧٢ ئەرڤینگ جانیس ئەم چەمکەی داڕێژا. مەبەست لێی ئەوەیە کە گروپێک لە ئەشهەدوبیلاکەر لە دەورەی خۆت کۆبکەیتەوە و دونیایەکی تایبەت یان بڵقێک دروست بکەیت کە جیاوازبێت لە دونیای ڕاستەقینە. زۆرجار ئەم دیاردەیە لە ناو دونیای کوریدا وەها دەردەبڕێت کە ئەوە خەتای سەرکردەکان نیە، بەڵکو خەتای دەوروبەرەکەیە. لە کاتێکدا سەرکردە خۆی بەرهەمهێنی دەوروبەرەکەیەتی.
هەرچەندە ئەلمانیا بۆ کوردی باشور باشە. بەڵام مێرکڵ زۆر تورک دۆستە. هەرچەندە ئەمە نابێت وەک شتێکی تایبەت بە ئەو بیبینین. ئەڵمانیا تورکیا وەک پانتاییەکی سودمەند بۆ بازرگانی دەبینێت، سەرباری بونی ڕەوەندێکی زۆری تورکی، تورکیا دۆست لە ئەڵمانیا. بۆ نمونە فەرەنسا تورکیا بە ڕکەبەر دەبینێت، بەڵام ئەڵمانیا تورکیا بە ڕکەبەر نابینێت. ئەمەشە وەهایکردوە کە سەرباری بونی کوردێکی زۆر لە ئەڵمانیا، کوردناسی و پێگەی کورد تیایدا لاوازە. زانکۆ و ناوەندە ئەڵمانییەکان زیاتر بایەخ بە تورکیا دەدەن و کورد پەراوێز دەخەن