بەپارێزگابوونی هەڵەبجە جێی خۆشحاڵی هەموو کوردێکە، بەڵام گرنگ خزمەتکردنیەتی. لەو پارێزگایە، کارکردن لە زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەدا وەستاوە. حکومەتی هەرێم جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا دەکات و بەردەوامە لە سزادانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان.
سنوری هەڵەبجە لە ١١٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و ١٢ هەزار دۆنم باخی هەنار پێکهاتووە، کەچی هیچ ساردخانە و ناوەندێکی هەڵگرتنی هەناری تێدا نییە، ئەم ناوچەیە دەتوانرێت وەک سەبەتەی خۆراکی هەرێم لێی بڕوانرێت، ئەگەر حکومەت گرنگی پێبدات.
هەڵەبجە کە ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنیدا تێدەپەڕێت، لە هەولێری پایتەختەوە بەردەوام سزا دەدرێت. بودجەی پێویست بۆ نەخۆشخانەکانی خەرج ناکرێت؛ بەردەوام بەرکەوتەکانی کیمیابارانی شارەکە دەبێت بچنە دەرەوەی پارێزگاکەیان بۆ چارەسەر.
ئێستا کە بەغدا هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگای ١٩هەمینی عێراق؛ حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی داوە و چاوەڕێی پەرلەمانە دەنگی لەسەر بدات، گرنگترینیان بریتیە لە (قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە، دابینکردنی پارەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەڵەبجە، پێدانی پارچە زەوی بۆ بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، و پێدانی ٣٠ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی خانوو؛ ئەگەر ئەو پارەیە بەشی نەکرد، لە بانکە حکومییەکان پارەی زیاتریان وەک قەرز پێ دەدرێت).
ئەگەر حکومەتی هەرێم ئاستەنگ بۆ ئەم هەنگاوە و پێشکەوتنی هەڵەبجە دروستنەکات، ئەوا هەڵەبجە دەبوژێتەوە و خۆشگوزەرانی دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانەکەی.
پارێزگای هەڵەبجە پێکهاتووە، لە قەزای هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ و سیروان و بیارە، لەگەڵ تەوێڵە و بەمۆ؛ ١٢٠ هەزار کەسی تێیدا دەژین.
ئەوەی گرنگە بکرێت بۆ بوژانەوەی پارێزگای هەڵەبجە
١-دروستکردنی بەنداوێک لەسەر دەریاچەی سیروان، بۆ کۆکردنەوەی ئاوی تانجەرۆ و زەڵم؛ بۆ ئەوەی ببێت بە دەریاچەیەکی چوار وەرزە بۆخزمەتی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری. هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی بدرێت بۆ بنیادنانی پرۆژەی گەشتیاری لە کەناری ئاوی سیروان.
سەر بەنداوەکەش دەکرێت وەک پرد سودی لێببینرێت، کە دوری نێوان سلێمانی و هەڵەبجە بە ١٥ کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە.
٢-دروستکردنی ڕێگەیەک لە هەڵەبجەوە بۆ مەرزی سازان بە درێژایی ١٧ کیلۆمەتر و بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزەکە؛ مەرزی سازان دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ پەرەپێدان بەبواری بازرگانی و جوڵەی بازاڕ لە پارێزگای هەڵەبجەدا.
٣-هەڵەبجە خاوەنی دەشتی شارەزورە کە لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگە؛ حکومەت دەتوانێت هانی دروستکردنی چەندین کارگە بدات کە بەروبومە کشتوکاڵیەکان دەگۆڕن بۆ شەربەت و مرەبا و دۆشاو و زەیت و سابون و چەندین بەرهەمی تر.
دروستکردنی سایلۆیەک لە هەڵەبجە بۆ عەمبارکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی ساردخانە بۆ هەڵگرتنی میوەهات. هەروەها دروستکردنی کارگەی جگەرە و بوژانەوەی کێڵگەکانی توتن.
٤-دەکرێت چەندین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر گەڕاوەکەی خورماڵ دروست بکرێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست و بکرێت بەناوچەیەکی گەشتیاری پزیشکی.
٥-تەوێڵە و بیارە و ئەحمەدئاوا و شنروێ و ئاوێسەر و زەڵم و هاوار و عەبابەیلێ و وەزگێڵ و باوەکۆچەک لە جوانترین شوێنەکانی کوردستانن. دەکرێت حکومەت پەرە بە ڕێگاوبان و ئاو و کارەبای ئەم ناوچانە بدات و هانی وەربەرهێنان بدات بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاری.