بۆچی ڕه‌خنه‌ی ئێمه‌ بێ ئه‌نجام بو؟!

جوتیار شه‌ریف‌
  2018-12-27     2009
ڕه‌خنه‌ی تاک له‌ هیچ کوێی دنیادا بایه‌خی پێنادرێت، هاوڕێ یه‌زیدیه‌که‌م که‌ مافی مانه‌وه‌ی 3ساڵی وه‌رگرتوه‌ له‌ئه‌ڵمانیا له‌ هوتێلێک نێشته‌جێ بو که‌ پێی ده‌ڵین "یوگنتابێرگ" یان ماڵی گه‌نجان له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی له‌ نه‌بونی گه‌رمکه‌ره‌وه‌ی باش له‌ ژوره‌که‌ی و نه‌بونی ئاوی گه‌رم  گرتبو، خاوه‌نی ته‌لاره‌که‌ کۆنتراکته‌که‌ی کۆتایی پێهێناو ده‌ریکرد، له‌م ناوچه‌ش خانو شوقه‌ی کرێ زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌ست ده‌که‌وێت، ناچار ژن و پیاویکی پیر وه‌ک خێر هه‌وره‌بانه‌که‌ی خۆیان پێدا تا خانو په‌یدا بکات، ئه‌وانیش وه‌ک هاوکاری مرۆی ئه‌م کاره‌یان نه‌کردوه‌ به‌ڵکو وه‌ک خێرێکی دینی چونکه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ به‌توندی وابسته‌ی ئاینن!
هاوڕێ یه‌زیدییه‌که‌م هاته‌ لای من و پێوتم جیاوازی ئێره‌و لای خۆمان چیه‌ که‌ ناوێری ڕه‌خنه‌ بگری سزات ده‌ده‌ن وتی هه‌ستم کرد شاره‌وانیش پشتی خاوه‌نی ماڵه‌که‌یان گرتبو!، منیش پێموت له‌م سه‌فه‌ره‌مدا تێگه‌شتم له‌ هیچ شوێنێکی دنیا ڕه‌خنه‌ی تاک هیچ به‌هایه‌کی نیه‌ ڕه‌خنه‌ پێویسته‌ بۆ ئامانجێکی ڕون بێت فۆکه‌س بخرێته‌ سه‌ر یه‌ک شت یان دوان نه‌ک زۆرشت وه‌ پێویسته‌ ڕه‌خنه‌ به‌ کۆمه‌ڵ بێت نه‌ک تاک، ئه‌وه‌ی من لێی تێگه‌شتوم ئه‌وروپا ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ نه‌بو بۆیان کردین گوایه‌ هه‌مو که‌س ئه‌توانێ ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌مو شتێک بگرێت، نه‌خێر لێره‌ فێڵێکی تریان هه‌یه‌ بۆ کپکردنی ڕه‌خنه‌ی تاک، لێره‌ هه‌رکه‌س ڕه‌خنه‌ له‌زۆر شت بگرێت تۆمه‌تباری ده‌که‌ن به‌وه‌ی که‌سێکی نێگه‌تیڤه‌و ناتوانی جێگای خۆی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا بکاته‌وه‌ ده‌نا بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵک ئه‌م ڕه‌خنانه‌یان نیه‌ هه‌ربۆیه‌ به‌ که‌سێکی بۆڵه‌ بۆڵ که‌رو بێزارکه‌ر ناوی دێنن و فه‌رامۆشی ده‌که‌ن!
من نازانم ڕه‌خنه‌ له‌ کوردستان به‌مه‌به‌ست کرا  به‌ گه‌ڕه‌لاوژێی تاک و هه‌رکه‌س ئه‌بینی ئه‌بۆڵێنێت یان ڕاستێکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی تاکی کورد ته‌نها جوگرافیایه‌کی ته‌سک و بچووکی دیوه‌ تێناگات له‌وه‌ی هه‌ندێ کێشه‌ گشتگیره‌ تۆ ناکرێ ڕه‌خنه‌ی لێبگریت به‌ڵکو ده‌بێت کۆی ڕه‌خنه‌کانت له‌ ته‌نها خاڵێک یان دواندا کۆبکه‌یته‌وه‌، ده‌بو ڕه‌خنه‌ی ئێمه‌ له‌ کوردستان به‌کۆی ده‌نگ ته‌نها دو دواکاری بوایه‌، یه‌که‌م: داهاتی کوردستان چی لێ دێت؟ دوه‌م: بۆ دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیمان نیه‌ بۆ له‌ دادگاکاندا جیاوازی کوڕه‌ هه‌ژارو کوڕه‌ به‌رپرسێک ده‌کرێت، که‌ی ئه‌و دو خاڵه‌ چاره‌سه‌رکرا ئیتر گۆڕانکاری به‌دوای خۆیدا دێنێت، ئاخر ساڵانێکه‌ ئێمه‌ به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ کاره‌باو ئاو سه‌رقاڵ کراوین به‌ڵام وڵات نیه‌ کێشه‌ی ئاو و کاره‌بای نه‌بێت، ڕاسته‌ له‌ ئه‌وروپا کاره‌با ناکوژێته‌وه‌ به‌ڵامم نرخه‌که‌ی هێنده‌ گرانه‌ ناتوانی به‌دڵی خۆت سود له‌کاره‌با وه‌رگری نیوه‌ی گڵۆپه‌کانی هه‌ر ماڵیک هه‌ستیاره‌ و که‌ی که‌سه‌که‌ ئیشی به‌و جێگایه‌ هه‌بێت هه‌ڵده‌بێت و دوای ده‌کوژێته‌وه، پێش کڕینی هه‌ر ئامێرێکی کاره‌بای بیر له‌ نرخی ئامێره‌که‌ ناکه‌نه‌وه‌ بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ چه‌ند کاره‌با خه‌رج ده‌کات تا که‌متر خه‌رج بکات باشتره‌، که‌سیش بۆڵه‌بۆڵ له‌ گرانی کاره‌با ناکات چونکه‌ ده‌زانن پاره‌ی وڵاته‌که‌یان تاڕاده‌یه‌کی باش چۆن خه‌رج ده‌کرێ ده‌زانن دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌و پاره‌ی کاره‌با بۆ هه‌مویان یه‌کسانه‌، به‌ڵکو له‌ بری بۆڵه‌بۆڵ به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤدا ده‌گه‌ڕێن بۆ نمونه‌ ئه‌مساڵ له‌م ناوچه‌یه‌ی من له‌به‌ر گرانی پاره‌ی کاره‌با و خه‌رجی زه‌یتی گه‌رمکه‌ری ماله‌کانیان زۆربه‌یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زۆپای دار!
باشترین زۆپای دار که‌ زۆرترین ڕه‌واجی هه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌یه‌ که‌ له‌ ئایسله‌نداوه‌ دێت، ئاخر ئایسه‌له‌ندا زۆر سارده‌و ڕه‌نگه‌ هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌ بێت باشترین جۆر دروست ده‌که‌ن، دیواری زۆپاکه‌ له‌ دو پلێت پێکهاتوه‌ شله‌یه‌ک له‌نێوانیاندایه‌ له‌دوای کوژانه‌وه‌ی ئاگری زۆپاکه‌ش گه‌رمایی بۆ چه‌ند کاتژمێرێک ده‌دات، به‌پێی تیوره‌ی ڕه‌خنه‌گرانی لای خۆمان نابێ ئه‌ڵمانیا هاورده‌ی زۆپا بکات چونکه‌ خۆی وڵاتێکی پیشه‌سازییه‌ و پێویسته‌ زۆپاکانی ناوخۆ بفرۆشرێن، وه‌ک لای خۆمان ده‌ڵێن پێویسته‌ سنوره‌کان به‌ڕوی سه‌وزه‌و میوه‌ی ئیرانی و تورکی و سوری دابخرێت تا سه‌وزه‌و میوه‌ی خۆمان بفرۆشرێت، ئاخر ئه‌مه‌ لای هه‌ر خاوه‌ن بیرێکی ئه‌وروپی باسبکه‌م که‌ ڕه‌خنه‌گری ئێمه‌ داوای ژیانێکی باشترو پێشکه‌وتو ده‌کات بۆ خه‌ڵکی کورد که‌چی له‌ولاشه‌وه‌ داوای بازاڕو ئابوری داخراویش ده‌کات تێر پێده‌که‌نن !!!
ڕه‌خنه‌گرتن له‌وه‌ی تورو ساوه‌رو قه‌ره‌خه‌رمانیشمان له‌ تورکیاوه‌ بۆ دێت ڕه‌خنه‌ نیه‌ چونکه‌ ئه‌مڕۆ بازاڕی ئابوری ئینته‌رنێت و جیهانی هه‌یه‌و‌ و خه‌ڵک له‌دنیادا به‌دوای هه‌رزانترین کاڵا ده‌گه‌ڕێت ناکرێت تۆ ناوچه‌یه‌کی داخراوی ئابوری دروستکه‌یت ته‌نها ئه‌وه‌ی پێویستمانه‌ کۆنترۆڵی جۆری و سه‌لامه‌تی ژیانی هاوڵاتیانه‌ نه‌ک چه‌ندێتی، که‌ی داهات به‌یه‌کسانی دابه‌شکراو دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بو جوتیاری ئێمه‌ش ده‌توانێ له‌ نزیک کێڵگه‌که‌ی کارگه‌ی هه‌بێت و کێ به‌رکێی کاڵای تورکی بکات!
ئه‌ڵمانیا ناتوانێ ڕێگه‌ له‌ هاتنی به‌ لێشاوی شیرو به‌رهه‌مه‌کانی بگریت له‌ هۆڵه‌ندای دراوسێیه‌وه‌، نه‌ک هه‌رئه‌وه‌ به‌ڵکو له‌ ئابورییه‌ هاوبه‌شه‌که‌یاندا له‌زۆربه‌ی شاره‌کانی ئه‌ڵمانیا مارکێتی ئه‌کشنی هۆڵه‌ندی هه‌یه‌و هه‌روه‌ها له‌ هۆڵه‌نداش لیدڵی ئه‌ڵمانی و چه‌ندین مارکێتی تر هه‌یه‌،به‌ڵکو ئه‌وه‌ ئه‌و ئاسوده‌یه‌یه‌ که‌ تاک لێره‌ هه‌یه‌تی تاڕاده‌یه‌کی باش ده‌زانی داهاتی وڵاته‌که‌ی چی لێدیت و دادوه‌ری هه‌یه‌ بۆیه‌ جوتیاره‌ ئه‌ڵمانه‌کان له‌ بری داواکردنی داخستنی سنوری هۆڵه‌ندا به‌ڕوی شیری هۆڵه‌ندی کێبه‌رکێی ده‌که‌ن به‌وه‌ی ئه‌مان ده‌توانن شیر به‌ فرێشی به‌ ماڵان بگه‌یه‌نن !!!
به‌ڕای من گه‌ر بمانه‌وێت ڕه‌خنه‌ جێگا بگرێت له‌ ئێستادا ده‌بێ هه‌مومان پێکه‌وه‌ ته‌نها دو هاوار بکه‌ین؛ داهاتی کوردستان بۆ کوێ ده‌ڕوات؟! وه‌ دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیمان ده‌وێت !
ئه‌و ته‌خشان و په‌خشانکردنه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ زۆر وڵاتی دنیادا هه‌یه‌و هیچ جێکه‌وتێکی نیه‌ تۆ سه‌یری وڵاتێکی  داخراوی دینی و مه‌زهه‌بی وه‌ک ئێران بکه‌ن ئه‌وه‌ی لای خۆمان هه‌یه‌ به‌نیسبه‌ت ڕه‌خنه‌وه‌ زۆرینه‌ی له‌وێ هه‌یه‌و هیچ کاریگه‌رییه‌کیش له‌ گۆڕانی ژیانی خه‌ڵک ناکات، هه‌ربۆیه‌ فراوانکردنی  ڕوبه‌ڕی ڕه‌خنه‌و دابه‌شکردنی ڕه‌خنه‌ بۆ تاک به‌ تاکی کۆمه‌ڵگه‌ بێ به‌هاو بێ ئه‌رزشکرنی ڕه‌خنه‌یه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له‌کورستان ڕه‌خنه‌گریش مرۆڤێکی پاسیڤ و بیزراوه‌ !!! 
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×