کوردستان لەژێر هەژمونی فاشیزمی تورکیادا

د. شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین
  2021-12-21     544

... هەرێمی کوردستان لەهەمو ڕویەکەوە لەژێر هەژموونی ئێران و تورکیادایە، خۆی هەر دەسەڵاتی هەرێم درێژکراوەی ئەم دو وڵاتەیە و هەر ئەمانیش لە بەرانبەر بێزاری و توڕەیی جەماوەری کوردستان دەیانپارێزن و هۆکاری سەرەکی مانەوەیین. ئاشکرایە دەسەڵاتی تورکیا و فاشیزمی ئەردۆگان و داگیرکردنی کلتوری و سەربازی و ئابوری ڕۆبەڕۆژ لە پەرەسەندندایە، بەگشتی هونەر و مۆسیقا و هەتا شێوەی ژەنین و خواردن وەک شێوازی تورکی نمونەی باڵای لاساییکردنەوە و کاری بەشێکی زۆری میدیای بینراوی کوردستانە.

دوای دەستپێکی کارەکانی پێنجەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لەسلێمانی بڕیاربوو فیلمی (ژ بۆ ئازادی) نمایشبکرێت،فیلمی ژ بۆ ئازادی باسی بەرخودانی سوری ئامەد و کاولکاری ڕژێمی ئەردۆگان دەکات. بڕیاربو ڕۆژی شەممە کات ۱۱ شەو پیشانبدرێت، بەڵام لەبەرنامەی ڤیستیڤاڵ دەرهێنرا و پیشاننەدرا!! هەڵبەتە پێشتریش هەر لە سلێمانی فیلمی (۱٤ی تەموز)،کە دیمەنەکانی زیندانی ئامەدە، ڕێگەنەدرا پیشانبدرێت. ئەم ڕێگری و سانسۆرانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە تورکیا تاچ ئەندازەیەک هەژمونی هەیە و ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبات و هەولێری مسۆگەرکردوە ئێستا نۆبەی سلێمانییە، هاوکات دوبارەبونەوەی هەمان شێواز و سانسۆری سەردەمی بەعسە، کە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان پێش نمایش و بڵاوبونەوە دەزگای ئەمنی بەعس پشکنینی بۆ دەکردن و بڕیاری لەسەردەدان ئایا بۆ بڵاوبونەوە گونجاون یان نا؟

ئێستا و لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی و لەپایتەختی ڕۆشنبیری فیلمی تزاژیدیا و نەهامەتی و شۆڕشگێڕی و بەرخودان و واقیعی ژیانی باکوری کوردستان ڕێگەنادرێت پیشانبدرێت!! ئێستا جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی نییە و وەک ڕۆژ ڕونە ڕازیکردنی تورکیا و پاراستنی بەرژوەندییە ئابورییەکانی بنەماڵەکان کاری لە پێشینە و ستراتیژیانە. ڤیستیڤاڵی فیلمیش لەپەیامەکانی بەتاڵکرایەوە و بوە ڕۆتین و شوێنی نمایشی چەند بەرپرسێک، کە شەیدای وتاردانن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×