جیۆپۆلیتیک، دونیای چین
هەرێمی کوردستان لە دونیایەکدا دروست بووە و گەشەی
کردووە کە ئەمریکا بو بە تاکە زلهێزی دونیایی. رێکخستنەوەی هاوکێشە هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، بە قازانجی ئەمریکا، دوای
هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤییەت، فرسەتی بۆ
دروستبونی هەرێمی کوردستان رێک خست. هەرێمی کوردستان ٢٩ ساڵیش درێژەی کێشاوە، بە
باش یان خراپ، هەر لەم چوارچێوەیەدا. لە دوای یەکیەتی سۆڤیەت چین بە شێوەیەکی خێرا
گەشەی کرد تا ئەو ڕادەیەی کە ڕکابەری زلهێزی لە گەڵ ئەمریکادا بکات.
بەڕێوابەرایەتی ترەمپ، سیاسەتی دەرەوی ئەمریکای داڕشتەوە لە سەر بنەمای
کەمکردنەوەی مەسروفاتی ئەمریکا لەو ڕێکخراوانەی کە لیدەرشیپی دونیایی ئەمریکایان
لەسەر وەستابوو، هەر لە ناتۆو نەتەوە یەک گروتوەکانەوە بیگرە هەتا یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتە هاوپەیمانەکانی
و بەم دوایانەش ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی. ئەمەش شەرعیەتی لیدەرشیپی دونیایی
ئەمریکای خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
لە بەرامبەردا
سیاسەتی چێنییەکان زیاتر بەرەو دروست کردنی هەژمون لە سەر دونیا و ڕێکخراوە
دونیاییەکان ئاراستە کراوە لە سەردەمی سەرۆکایەتی چی ژینپین دا. قەیرانی کۆرۆنا
ڕەنگە زیاتر ئەم دوو مەیلە جیاوازە لە سیاسەتی ئەم دوو زلهێزەدا بەهێز بکات. لە
دونیای دوای کۆرۆنادا شانسێکی زۆر هەیە کە چین ببێتە لیدەرشیپی دونیا. لەم
گریمانەیدا هەندێک لە هاوکێشە جیۆپۆلیتیکەکانی دونیا دەگۆڕێت بە م ئەراستەیەدا.
هەرێمی کوردستان زۆر هەستیار ئەبێت بەم گۆڕانکارییە چونکە زادەی یەکەجەمسەر
بونەوەی دونیابوو بە قازانجی ئەمریکا. پرسیارەکە لە وەدایە، ئایا جێگەیەک بۆ
هەرێمی کوردستان ئەبێت لەو دونیا تازەیەدا ؟ ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی
هەیە بۆئەم گریمانەیە ؟
دونیای نەوتی هەرزان
پێش کۆرۆۆنا، وڵاتە ئەوروپییەکان ستراتیژی خۆیان دارشت
لە بەرامبەر ئەگەری کەم بونەوە و کۆتایی پێهاتنی نەوت و سەربەخۆییان لە بواری
ووزەدا. سەرمایەگوزارییەکی یەکجار زۆریان لە دۆزینەوەی سەرچاوەی ووزەی ئەلتیرنەتیڤدا
کردوە و ئەیکەن. هەر لەم چوارچێوەیدا، زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپی بەرنامەیان
هەیە کە لە سالێ ٢٠٤٠بەکارهێنانی ئۆتۆمۆبیلی ئەلەکتریک جیگەی ئۆمۆبیلی گاز و
بەنزین بگرێتەوە بە گەشتی و تەنانەت فرۆشتنیان قەدەغە بکرێت . قەیرانی کۆرۆنا ئەم
مەیلە بەهێزتر و خێراتر ئەکات. دونیای دوای کۆرۆنا، دونیای نەوتی هەرزان ئەبێت.
هەرێمی کوردستان ئەگەر ستراتیژێکی خێرا و بە توانا نەگرێتەبەر بۆ ئەو داهاتووە زۆر
نزیکە، ئەوە قەیرانێکی ئابوری درێژ خایەن ئێخەی هەرێمی کوردستان ئەگرێت !
دونیای باڵادەستی زانست
هەرچەندە ئێستاش دونیا دونیای زانستە بەڵام سەرمایەداری
دارایی فشارێکی گەورەی بۆ سەر زانست دروست کرد، بە تایبەتی لەم دە ساڵەی ڕابوردوودا.
بە هۆی ئازاد بوونی هەڵسوڕانی پارەو بانکەکان لە دونیادا، سەرمایە ئازاد بوو بڕوات
بۆ هەرشوێنێکی دونیا کە باجی کەمتر بێ. ئەمەش قاسەکانی دەوڵەتەکانی هەژارتر کرد و
بۆ پڕکردنەوەیان زۆرێک لە سەرمایەگوزاری لە بوارەکانی تری ژیاندا کەم کرانەوە و زانست و لێکۆڵینەوەش یەكیک بوون لەم
بوارانە. قەیرانی کۆرۆنا جارێکی تر کۆمەڵگا و دەوڵەتانی راچڵەکاند و گرنگی زانستی هێنایە
پێشەوەی پێشنۆرەکانی دونیای دوای کۆرۆنا. لە دونیای دوای کۆرۆنادا زانست ئەبێت بە
ماتۆڕی سەرەکی گەشەکردنی کۆمەڵگا، داهێنان و تەنانەت ئابووریش.
سیستمی
پەروەردە، زانکۆ و سەنتەرەکانی ڵیکۆڵینەوە
چاوگای زانستن. زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزی دواوەی ڕانکینی زانکۆکانی دونیاو تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشن و بەرهەمی زانستییان زۆر
کەمە. تەنها گەڕانێکی خێرا لە گوگڵ سکۆلار دا بەسە بۆ بینینی ئەم ڕاستییە. هەرێمی کوردستان ئەیتوا نی و ئەتوانێت سود لە
سەرمایەی مرۆیی زانستی هەرچوارپارچەکەی
کوردستان وەربگرێت بۆ بردنە پێشەوەی زانکۆکان و دامەزراندنی چەندین سەنتەری بە توانای لێکۆڵینەوە و داهێنان. بەڵام
تا ئێستا ستراتیژێکی بێلایەن و کارا نەبووە تا ئەم سەرمایە مرۆییە زانستییانە
کۆکاتەوە. تا ئێستا، ئەوندەی من بزانم، ڕیکخراوێک نییە کە زاناکانی کوردستان
کۆبکاتەوە و بەرەو دیالۆک بیانبەرێ بەم ئاستەدا. لە دونیای دوای کۆرۆناو نەوتی
هەرزاندا، کوردستان پێویستییەکی یەکجار گرنگی بە بردنە پێشەوەی زانست و داهێنان
هەیە تا بەرگەی ئاڵینگارەکانی ئەو دونیا تازەیە بگرێ.
دونیای گەڕانەوەی بەها باڵاکان
کوارەنتینە وەک و خەلوەتێک
مرۆڤەکانی لە دونیای سەرقاڵی دابڕی و ناچاری بە لەگەڵخۆبونی کردن. لە سەر ئا ستی
تاکە کە کەس پرسیاری لە سەر ژیان و بەهاکانی دروست کردوە لەم سەردەمەدا. لە پێش
کۆرۆنادا، هەژمونی زەبەلاحی ئابوری بەکارهێنان، تاکی ئەم سەردەمەی توشی گێژاوی زۆر
و قەرزداری بانکەکان کردووە. دونیای بەکارهێنان کۆمەڵە بەها گەلێکی داتاشرای و لە
خزمەت بەکارهێنانی زیاتری کەرەستە و کەلو پەلدا بۆ دروست کردوە و بەها باڵاکانی
ژیان، کە ئازای، خۆشەویستی و دادپەروەرین،
لاواز کردوە.
لە کوردستاندا، هەژمونی بەکارهێنان و کرانەوی
کوردستان بە ڕووی دونیادا بە و خێراییە و بە بێ دەزگای کوڵتوری و ڕیکخراوی پێویست،
تاکی زیاتر لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی تری
لەم بەهاباڵایانە دورخستۆتەوە و خزاندویەتیە قەیرانێکی توندی بە هاوە. بەبێ بە بەهێزکرنەوەی
ئەم بە ها باڵایانە، کۆمەڵگای دوای کۆرنا، ناتوانێ کۆمەڵگایەکی زیندوو، دینامیک و
داهێنەر بێ.