سەرنجی یەکەم: چەپی خۆنەخۆر بۆ چەکمەبۆر!
زاراوەی چەپ بۆ یەکەم جارلە گەرمەی شۆرشی فەرەنسادا بەکارھێنرا (1789-1799). لەکۆبونەوەکانی ئەنجومەنەگشتیەکانی ئەوکاتەی شانشینی فەرەنسا، ئەوانەی دژی ڕژێمی شانشینی بونو پشتیوانی دامەزراندنی ڕژێمێکی کۆماری پێشکەوتوخواز، لەسەر بنچینەی ھاوڵاتی بوونی یەکسان بون، لەبەشی چەپی ئەنجومەنکاندا دائەنیشتن. ئەوانەشی پشتیوانی شاو مانەوەی بەگزادەو شازادەکان و ڕەعیەت بون، وەکو نازناوو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، لەبەشی ڕاستی ئەنجومەنەکاندا دائەنیشتن. لەو کاتەوە ئەو بزووتنەوانەی کە داکۆکاری کۆمەڵگایەکی یەکسانن لەسەر بنەمای ھاوڵاتی بوون لەبەرامبەر کۆمەڵگایەکی نایەکسان لەسەر بنەمای نازناو، ڕەگەز یان جەندەر بەچەپگەرا ناو ئەبرێن. چەپگەراکان ھەوێنی دامەزراندنی ئەوکۆمەڵگایانە بونو ھەن کە ئێستا بەپێشکەوتو، ئازاد، دیموکراتو خاوەن سێرڤسی کۆمەڵایەتی جۆراو جۆر ئەناسرێنەوە.
دیارنەبوونی کۆمەڵگا دیدەییو دونیا دیدەیی چەپ لەکوردستانی باشور بەشێوەیەکی کاریگەر، لەدیبەتەکانی سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابوری، لەدەرەوەی وە یان لەناوەوەی ئۆرگانەکانی دەسەڵات، هێندەی ناجێگیری حوکومڕانی، گەندەڵی، ئابورییەکی فشەڵو ژێردەست وە نەبونی هێزێکی بەرگری سەرتاسەریو ناسیاسی، مەترسی دارە بۆ ئایندەی کوردستانی باشور.
چەپگەراکان ماتۆڕو ناوکی پتەوی خەباتی خەڵکی کوردستانی باشوربوون لەبەرامبەرتۆتاتالیتاریزم زۆرداری حکومەتەکانی ئێراقدا. چەپگەراکانی ناو پارتی، هەناوی پتەو و بڕبڕەی پشتی بەرەنگاریو ڕۆشنگەری ئەو پارتە بوون، تەنانەت لە کاتی شکستی ئەم پارتە لەسەرکردایەتیکردنی بەرەنگاری خەلکی کورداستان لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا. کۆمەڵەی رەنجدەران، لەتاریکترین دۆخی خەباتی خەڵکی کوردستانی باشور، بەرەنگاری نواندو جارێکی تر گوڕو تەوژمی دایەوە بە بەخەباتی خەڵکی کوردستان و مەیلی پێشکەوتوخوازی و یەکسان خوازی خەڵک.
لەگەرمەی کارەساتی جینۆسایدی هەرە دڕندەی سیستیماتیکی کورد بەناوی ئەنفالەکانو لەوپەڕی دڕندەیی فاشیزمی عەرەب، چەپگەراکانی کوردستانی باشور بەرەنگاریان نواند لەڕێگەی خۆ ڕێک خستن لەناو گروپ و دەستەی جیاجیادا، وەک و کارگەران، ڕەوتی کۆمۆنیست، یەکییەتی خەبات، دەستەو ئەوانی تر. ئەم دەستانە ڕوڵی سەرەکییان گێڕا لە شکاندنی ترسی خەڵک و ڕاپەرینی شکۆداری ساڵی 1991.
هێزو تەوژمی جەپگەرایی بە ڕادەیەک بەهێزو ڕێکخراو بوو کە توانی شورای خەلک لەچەندین گەڕەک و شوێنە جیاجیاکانی کوردستانی باشوور پێک بهێنێت و وەک ئەڵتەرناتیفێک بۆ ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سەربازی خەڵکی کوردستان لە دوای ڕاپەڕین، بیناسێنێت. بزوتنەوەی شورایی ئەکرا بکرێت بە هەوێنی بزوتنەوەیەکی گشتگیری چەپگەرایی درێژە کێش و بەردەوامی بدایە بە کارەکۆمەڵایەتییەکانی وە گەشەیان پێبدات، هەم وەک ئەڵتەرنەتیف بۆ پاشاگەردانی ڕێکخستنی کۆماڵایەتی خەڵکی کوردستان لەوکاتەدا، هەم بۆ هێشتنەوەی خەڵک وەک هێزیکی ڕێکخراوکە بتوانێت ڕێگە بەسات و سەودای پشت پەردەی حیزبەکانی کوردستانەوە لە گەڵ ئەم دەوڵەت و ئەودەوڵەتی ناوچەکە بگرێت.
هەڵەی کوشندەی بەشێکی گرنکی چەپ لەکوردستان لەئاوها کاتێکی هەستیاری کوردستانی باشوور، تێوەگلان بوو لە کێشمەکێشمە ناو خۆییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانو تەبەنی کردنی باڵێک، کە بە کۆمۆنیزمی کرێکاری ناسرا.
کۆمنیزمی کرێکاری بەرھەمو درێژکراوەی مێژووی جەپگەری لەکوردستانی باشوور نەبو . زادەی شکستێکی سترەکچەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانو هەڵچونو داچوونی تێٶری ئٶردووگایی بەشێکی ئەو حیزبە بوو بۆ دروستکردنی تاوانبارو بەرپرسیار لەداڕۆچوونی بەردەوامی ئەو حیزبە. تەبەنی کردنی ئەم ڕەوتە، بەشێکی گرنگی چەپی کوردستانی بەکۆمەڵەێک بابەتەوە خەریک کرد، کە خەم و خەیاڵی سەرەکی ئەو کاتەی خەڵکی کوردستانی باشوور نە بوو، هەر لەسەعاتکارو تێگەیشتن لەناسیۆنالیزمەو بیگرە تا ئەگات تەنانەت بە جێگەو ڕێگەی دینیش.
لەو کاتەدا، پێشنۆرەیی کاری چەپ بۆ سۆراخی ونبوو و ئەنفالەکان بوو، بۆ ئاوەدانکردنەوی گوندەکان و گەڕاندنەوەی شکۆو بەرهەم بۆ لادێییەکان بوو، بۆ سێرفسی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی شارەکان بوو، بۆ کردنەوەی سەنتەرو شوێنی گشتی وەک کتێبخانەو سەنتەری گشتی چالاکی و گەشەکردن بۆ پیاو ژن و گەنج و پیرەکان بوو تا مزگەوتاکان و بارەگاحیزببیەکان تەنها بەدیلێک نەبن بۆ ئەم پێویستیە کۆمەڵایەتییانە و بنچینەی گۆمەڵگایەکی قابیلی گەشەکردن و پێشکەوتن دامەزرێت، بۆ دامەزراندنی سیستمێکی فێربوون و خوێندنگەی شایستە و پێشکەوتو خوازبوو، بۆ داکۆکی کردن و دروستکردنی هێزێکی بەرگری بێلایەن لە خەڵکی کورستانی باشوور بوو، بۆ دانانی بنچینەی ئابووریەکی سەربەخۆو بەنرخاندنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بوو، بۆ دانانی دەستورێکی پێشکەوتوخواز و وە بۆ دەیان مەسەلەی تری ئاوها بوو.
كرۆکی چەپگەرایی لە خەبات کردنایە بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسانو پێشکەوتووخواز، بۆ بەرگریکردنە لەمافە کۆماڵایەتیو تەنانەت نەتەوایەتییەکانی خەڵک. چەپگەرایی لەبەرامبەر کۆمەڵگایەکی نایەکسانو زۆڵم و زۆردا ئەوەستێتەوە، جا بۆ هەر بەشێکی کۆماڵگا بێت، ژن، پیاو، کرێکار، مامۆستا، دیندارو بێ دین، سۆفی و دەروێش، میلەت، زمان، هتد. ئەگەر ئەمڕۆ لەکوردستانی باشوور چەپگەرایی لە بەرامبەر دیندا وێنا ئەکرێت، ئەوە بەرهەمی تەبەنا کردنی ئایدۆلۆژیایەکە، لەلایەن بەشێکی کەمی بەڵام قسە زۆری چەپ کە درێژکراوەی مێژوی چەپ، خەڵک و سیاسەت لە کوردستانی باشوور نەبوو. چەپ لەکوردستان ئەبێت ئیلهام لە مێژوی خۆیو خەڵکی کوردستان وەرگرێت تا جارێکی تر خۆی رێک بخاتو کاریگەری دانێ لە سەرڕوداوە کۆماڵەیەتی، سیاسی و ئابوورییەکان. خەڵکی کوردستانی باشوور پێویستی زۆری بە دونیا بینی چەپ هەیە لەم سەرگەردانییەی ئێستادا.