خوات لەگەڵ شۆڕەسوارەکەی ئیسلام‌و بیری نوێگەری

نالی پێنجوێنی
  2020-01-14     1116
دووشەممە، سیازدەی یانوەر(ڤێڵفرێد هۆمان-Wilfried Hofmann - کە دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ موراد هۆمان) دیبلۆماتکارو بیرمەندی گەوەی ئەڵمانیا خاوەنی کتێبی (Der Islam als Alternativeـ الإسلام كبدیل) لەتەمەنی 89 ساڵی کۆچی دوایی کرد. 

سێبتێمبەری ساڵی 1980، خەبەری موسڵمانبوونی هۆفمان قسەوباسی زۆری لێکەوتەوەو هەڵڵایەکی زۆری درووستکرد، بەهۆی پێگە دیبلۆماسییەکەی کە ماوەیەك بەڕێوەبەری بەشی زانیاریی ڕێکخراوی ناتۆو بوو، دواتریش سەفیری ئەڵمانیا بوو لەجەزائیرو مەغریب. 

خۆڕاگری‌و بەرەنگاربوونەوەی جەزائیرییەکان بەرانبەر داگیرکاری کۆلۆنیالی فەرەنسا لەلایەك و جوانیی هونەری ئیسلامیی هۆفمانیان کەمەندکێشکرد. ئیشکالییەت و تەناقزاتی بیروباوەڕی مەسیحییەتیش لەولاوە، هاندەری بوون تا لە ئیسلام نزیك بێتەوە و دەستبکات بە خوێندنەوەو موتاڵاکردنی قورئان.

دوای موسڵمانبوونی وەك ڕۆشنبیرێکی بوێرو بەتوانا، کتێبی (Der Islam als Alternativeـ الإسلام كبدیل)نووسی، هەر بەهەواڵی نووسینی کتێبەکە، ڕۆژنامە ئەڵمانیی و ئەوروپاییەکان هێرشێکی ناڕەواو زۆریان کردەسەر.

لەو کتێبەدا نووسەر بوێرانە، نەك هەر ڕەخنەی لە ڕۆژئاواییەکان گرت کە سیستەمی دێمۆکراسیی و سەرمایەداریی ڕۆژئاوا، وەك لوتکەی شارستانییەت ناوزەند دەکەن، بەڵکو ئیسلامی وەك بەدیلێك ناوزەندکردو وتی سەدەی بیستویەك سەدەی بوژانەوەی ئیسلامە لە ئەوروپا. 

ئەو دەڵێ "تەنها ئیسلام دەتوانێ ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ئەوروپاییەکان لەئەنجامی پشتکردنیان لە کەنیسەو ڕووکردنیان لە بێ باوەڕی بۆیان درووست بووە" پێش بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، هەر ئەوەندەی یەکێك لە دەستگاچاپەمەنییە دیارو ناودارەکانی ئەڵمانیا ڕیکلامی بۆ کتێبەکە کرد، ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی پڕوپاگەندەو ناوزڕاندن بووەوە. هەندێك بۆ ناشیرینکردنی دەیانووسی: لەمەولا، هەر خانمێك لەوەزارەتی دەرەوەو لەبەردەستی هۆفمان کاربکات، دەبێت حیجاب بپۆشێ! 

هەندێ نووسەرو سیاسیی ئەڵمانیاش پێش خوێندنەوەی کتێبەکە هێرشیان دەکردەسەری و دەیانوت "بۆچوونەکانی هۆفمان لەگەڵ دەستووری ئەڵمانیا یەکناگێتەوە" خواو ڕاسان کردی یەکێك لە ئەکادیمیا ناودارەکانی ئەڵمانیا، پێشەکییەکی بۆ کتێبەکە نووسی و وەسف و سەنایەکی باشیشی کرد. 

موسڵمان بوونی موراد هۆفمان دوای لێکۆڵینەوەو شەنوکەوێکی زۆرو بەراوردێکی گرنگ هات لەنێوان ئایینەکان و فەلسەفەی نوێگەری ڕۆژئاوا، هۆفمان تێڕوانینێکی فەلسەفی قوڵی بۆ ئیسلام هەبوو، ڕەخنەی لەو موسڵمانانە دەگرت کەلەبەردەم پێشکەوتنی ڕۆژئاوادا بەزیوون و شانازیی بەدینەکەیانەوە ناکەن، ئەو، ڕوو بەو کەسانە دەیوت " ئیسلام باشترین و گونجاوترین بەدیلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دنیای پۆست مۆدێرنەو هەزارەی سێیەم" لەڕووی ئەکادیمییەوە هۆفمان بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێناوەو دواتر دکتۆرای لەزانکۆی میونخ وەرگرتووە.

موراد هۆفمان لەیاداشتەکانیدا، فەلسەفەی ئیبن خەلدون بە هەریەك لە فەیلەسوفەکانی وەك نیتشەو هیگڵ و ڕۆسۆ بەراورد دەکات و تێبینی خۆی لەو بارەوە دەخاتەڕوو. 

ڕەخنەی ئەوەیش لەبیروباوەڕی مەسیحییەت دەگرێ کە وێنەی خوداوەند لەمرۆڤێکدا بەرجەستەدەکات کە حەزرەتی مەسیحە، بەڵام ئیسلام زاتی پەروەردگار لەسەرو ئەو قاڵب و چوارچێوانەوە دەدەنێ و مەفهومێکی یەکتاپەرستی و ڕووحانیی و باڵای پێدەبەخشێ.

ڕووحت شادو گۆڕت پڕ لەنوورو جێگەت بەهەشت بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×