بێکاریی کێشەیەکی ئابورییە، سەرەتای دەرکەوتنو پێناسەکردنی ئەم چەمکە وەك گرفتێکی ئابووریی، بۆ دوای شۆڕشی پیشەسازیی دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی پێناسەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، بەکەسێك دەوترێ بێکار، کە حەزی لەکارکردن بێتو هەوڵی بەدەستهێنانی بدات، بەڵام بەهۆی کێشەی ئابووریی یان هەر هۆکارێکی تر، ئیشی دەستنەکەوێت. شارەزایانی بواری ئابووریی، بێکاریی بۆ چەند جۆرێك دابەشدەکەن: بێکاریی ژێرخانیی، هەیکەلیی، قەناعەتکەر، ڕەوشتییو هاوردە. بێکاریی سلوکیی-ڕەوشتیی بەخراپترین جۆری بێکاریی دادەنرێ. ئەوەش بەواتای ئەوە دێت، کەسێك حەزی لەکارکردن نەبێتو گوێی پێنەدات، واتە هۆکارەکە زاتییەو بارودۆخ نەیسەپاندووە، بێکاریی ئیختیاریشی پێدەوترێ.
بێگومان، جۆری پەروەردە ڕۆڵی سەرەکی لەسەرهەڵدانی ئەو جۆرە گرفتەدا هەیە، سیستەمی پەروەردەو خوێندنی ڕۆژئاوا، هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی زانکۆ، کار لەسەر پێگەیاندنی کەسێکی ئیشکەرو ئەکتیڤ دەکەن. جگە لەوەش، فۆرمی ژیانی ڕۆژئاواییەکان، تاك وا پێدەگەیەنێ، هەر لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە بەرپرسیارییەتی بژێوی ژیان بگرێتە ئەستۆو خەمی کارکردن بخوات. قوتابییەك کە لە زانکۆ دەخوێنێت، ناچارە لەگەڵ خوێندنەکەی، لە ڕێستۆڕانتێ کاری سفرەچیی- سەرڤیسیی بکات. یان گەنجێکی ئەوروپایی چاوشینی قژزەرد، هیچ بەلایەوە شەرم نییە، بە گسکێکەوە کاری پاکردنەوەی شەقامەکان بکات.
جارێك مامۆستایەکی شۆخو شەنگی خاوەن بڕوانامەی زانکۆو ماستەر، لەکۆرسێکی شێوازی وانە وتنەوەدا، کاتێ پڕۆفایلەکەی خوێندەوەو خۆیناساند، وتی: کە زانکۆم تەواوکرد، حەزم لەبەخێوکردنی ئەسپ بو، بەدوای ئەو ئیشەدا گەڕام، لەفەرەنسا بۆ ماوەی ساڵێك ئەو کارەم کرد. ئایا لای ئێمەش، گەنجێکی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ، ئامادەیە ئەو جۆرە کارانە بکاتو بەلایەوە شەرم نەبێت؟ پەروەردەکردنی گەنج لەسەر ڕێزگرتنو خولیای کارکردن کاری لەپێشینەی ماڵو قوتابخانەو کۆمەڵگەن، تا بەهرەو تواناکانیان پەرەپێبدەنو کەسێکی ئەکتیڤو داهێنەر بن.
کاتی ئەوەیە قسە لەسەر ئەو پەروەردە سەقەتەی گەنجەکان بکەین، کە تووشی غورورو شەرمێکی نابەجێی کردوونو بەلایانەوە شەرمە هەندێ ئیشوکار بکەن. ئەگەر لەڕووی ئایینییەوە تەماشای ئەو گرفتە بکەین، ئیسلام هانی مرۆڤ دەدات بۆ ئیشکردنو ڕێزو بایەخێکی زۆری بە کارکردن داوە، لەزۆر جێگەدا کارکردن وەك عیبادەت تەماشاکراوە. بە پێچەوانەی ئەو خوێندنەوە هەڵەیەی کە کاك مەریوان وریا قانیع بۆ مرۆڤی باوەڕدار دەیکات، گوایە ئایین مرۆڤی تەمبەڵ بەرهەمدەهێنێ! کاك مەریوان دەڵێ، گوایە بەهەشت ئیشکردنی تیا نییەو مرۆڤ هە ر دەخواو دەخەوێو ڕادەبوێرێ. ئەوەش وا لە مرۆڤ دەکات کارنەکاتو بە تەمبەڵی دانیشێت!
سەیرە، ڕۆشنبیرێکی وەك کاك مەریوان تێڕوانینی لەو چەشنەی بۆ درووست ببێ! لە کاتێکدا ئەو ئاگای لەوەیە کە ئایینی ئیسلام چەندە بایەخو گرنگی بەکارکردن داوەو ڕێزی کرێکار دەگرێ. بێگومان، سیستەمی پەروەردەی لای ئێمە، چ لەماڵو چ لە قوتابخانه، سەقەتو لاوازەو ناتوانێ گەنجێکی ئەکتیڤو ئیشکەر بەرهەمبهێنێ. لەسەرو ئەوەیشەوە، سیستەمی سیاسیی کە سیستەمێکی خێڵەکیی ڕەیعییە، خەڵك فێری تەمبەڵیو کارنەکردن دەکاتو هەلی کارکردن ناڕەخسێنێ، تا لارەملی دەسەڵاتبنو چاویان لەدەستی حیزب بێت.
بەداخەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر بێکاریی لەکوردستان هەیە، بەڵام ئەگەر کرێکاری بەنگلادیشیو بێگانە نەبێت، شەقامەکان پڕدەبن لە خاشاك، کەسێك دەستناکەوێت ئەو کارە بکات! ئەگەر کرێکاری کوردستانی سووریاو ئێرانو عەرەب نەبێت بە زەحمەت کرێکارێکت دەستدەکەوێت. دەبینی زۆرێك لە گەنجەکان تا درەنگانێکی شەو خەریکی چاتو فەیسبووکن، یان لە کافتریایەك خەریکی نێرگەلە کێشانن، دەمی هەرکەسیش دەکەیتەوە بۆڵەبۆڵو گلەیی دەکاتو ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت.
ئەو دیاردەیەی لە کوردستان هەیە، دەکرێ وەك بێکاری سلووکی- ڕەوشتیی تەماشابکرێو دەچێتە خانەی کارنەکردنەوە. کارنەکردنو بێکاریی دو شتی جیاوازنو هۆکارو پێناسەکەشیان جیاوازە. کەسێك لە تەمەنی لاوی حەزو خولیای کارکردنی نەبێتو بەهرەو تواناکانی نەخاتەگەڕ، چۆن دەتوانێ ئایندەی خۆیو نیشتمانەکەی بنیاتبنێو پێشبخات.