ململانێی دو بەرە لەئیستەنبوڵ
نالی پێنجوێنی
2019-06-25   1445
هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵی گەورەشاری تورکیا، ڕەمزییەتێکی تایبەتی هەیە. هەرحیزبێك هەڵبژاردنی ئەو شارەی بردبێتەوە، تموحی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرتاسەری تورکیای لا درووستبووە. چارەکە سەدەیەك لەمەوبەر، ئەستێرەی بەختی ئێردۆگانو حیزبەکەی هەر لەوێوە درەوشایەوەو بو بەفەرمانڕەوای تورکیا. ئیستەنبوڵ، ئەمجارە زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ ئێردۆگان لێدا. هۆکاری شکستی کاندیدی ئاکپارتیی لەقەڵای دەنگدەری خۆی ئەمانەن:
١-تۆخبونەوەی خیتابی ئایینیی ئێردۆگانو پارتەکەی خیتابە نیشتمانییەکەیانی کاڵکردبووەوە. هەر حیزبو لایەنێكی سیاسیی خیتابە ئایدۆلۆژییەکەی تۆخکاتەوە، ڕێ بۆ درووستبوونی دووبەرەیی خۆشدەکات، بەرەی ئیسلامییو عیلمانیی هیچکات لەبەرژەوەندیی ئیسلامییەکان نییە. لایەنگرو وەڵامگۆی خیتابە ئیسلامییەکە توێژێکی کەمە، خیتابی بەرانبەر، بەئاسانی توێژەکانی دیکە، لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە. پەتای ئیسلامۆفۆبیا لە جیهانو تەنانەت لەکۆمەڵگە ئیسلامییەکانیشدا تا ڕادەیەکی زۆر تەشەنەی کردووە. ئەوەش ڕێگە بۆ دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمییو نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
ئیسلامییەکان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە خیتابە دینییەکەیان ئەو ڕەونەقەی جارانی نەماوەو سیحری ڕاکێشانو کۆکردنەوەی خەڵک لێی لاوازبووە. کۆمەڵگە ئیسلامییەکان زیاتر پێویستیان بە حیزبی نیشتمانییە تاکو حیزبی ئیسلامیی. ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵدا کەمالیستو چەپو کوردەکان لەیەك بەرەدا کۆدەکاتەوە، دابەشبوونی دووبەرەییو دژایەتی ئێردۆگانو پارتەکەیەتی نەك بەرنامەو کارو پڕۆژەی هاوبەش. هەرکام لە حیزبو هێزەکان بگرێ، مەرحاباییو دۆستایەتییو لینکێکی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو دنیادا هەیە. ئاشکرایە، ئەمریکاو ئەوروپاییەکان ترسیان لە خەونی عوسمانیزمەنوێیەکانو خیتابە دینییەکەی ئێردۆگانو ئاکپارتیو بەرەوپێشچوونی پێگەی سەربازییو ئابووریی تورکیا هەیە، بە ئاشکرا دژایەتی خۆیانی بۆ دەردەبڕنو حەزبەسەرکەوتنی ناکەن.
٢-دەنگدانی لایەنگرانی هەدەپە بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی کاندیدی کەمالیستەکان، جگە لە دەنگدانێکی ئایدیۆلۆژییو هاوسۆزییو نزیکی باڵی چەپو باڵە مەزهەبییە عەلەویەکەی هەدەپەو جەهەپەیەو تۆڵەکردنەوە لە ئێردۆگانو پارتەکەی، نان بەقەرزدانیش نییە. هەڵوێستی کەمالیستەکانیش بەرانبەر کێشەی کورد، لای هەموو کەس ڕوونە، دیدی ئەوان ئەگەر لە ئێردۆگانو پارتەکەی خراپتر نەبێ باشتر نییە.
هەرچەندە ئێردۆگانو ئاکپارتیی پاشخانێکی ئیسلامییان هەیە، درووشمی برایەتیی ئیسلامیی بەرزدەکەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە دیدی لایەنگرانی خۆیانو کۆمەڵگەی تورکیی بۆ چارەسەرێکی عادیلانەی کێشەی کورد بگۆڕن. ئەوان لەسەرەتاوە بەڕووی کورددا کرانەوەو هەنگاویان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نا، بەڵام نەیانتوانی لەو دیدە تەقلیدییەی بۆ کوردو مافەکانی باڵادەستە دووربکەونەوەو هەنگاوی زیاتر بەئاراستەی چارەسەری بنەڕەتی کێشەکە بنێنو ئاشتییەکی هەمیشەیی بەرقەرار بکەن. دەکرێ ئەم شکستە ناچاریان بکات زیاتر بەڕووی کورددا بکرێنەوەو هەنگاوی جددی بۆچارەسەری کێشەی کورد بنێن.
٣- جەهەپەو هێزە نەیارەکانی ئێردۆگانو ئاکپارتیی، بەکاندیدکردنی گەنجێکی وەك ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، کە لەنەوەی نوێو دەموچاوی تازەو خوێنی تازەیە، گۆڵیان لە ئاکپارتیی کرد. کێشەی ئاکپارتییو ئێردۆگانو ئیسلامییەکان بەگشتیی ئەوەیە، ناتوانن لەنەوەی گەنجو نوێ کەسایەتییو دەموچاوی تازە بهێننە پێشەوە، زیاتر متمانە بە جیلی باوکە پیرەکان دەکەن. هەرچەندە بنعەلی یەڵدرم وەك ئەندازیاری پێشکەوتنەکانی تورکیای ئاکپارتیی ناوزەند دەکرێ، بەڵام ئەو پیاوە بیست ساڵ زیاترە لەسەرشانۆی فەرمانڕەوایی تورکیایەو دەموچاوێکی ناسراوەو سیحری ڕاکێشانی دەنگدەری بەتاڵبووەتەوە.