ڕەمزییەتی ئەمنەسورەکەی سلێمانی
نالی پێنجوێنی
2019-03-16   1467
ئەمنەسوورەکەی سلێمانیی، وەك ڕەمزێك بۆ ستەمو بەربەرییەتی ڕژێمی بەعسو سووکایەتیو بێڕێزیی بە مرۆڤو پێشێلکردنی مافەکانی، دادەنرێ. بێگومان، بە دیوەکەی تردا، دەکرێ وەك سێمبۆلێك بۆ گیانفیداییو ئازایەتی لاوی کورد و بەگژاچوونەوەی جەبەرووتی بەعس تەماشابکرێ.
ساڵانێکی دوورودرێژ، ڕژێمی بەعس ئەو سجنەی وەك جێگایەك بۆ ئەشکنجەدانو ملکەچکردنو تەسلیمبوونو زەلیلکردن بەکارهێنا، سەتانو بگرە هەزاران ئازادیخوازی کورد، چیرۆکی کەموێنەی خۆڕاگریو ئازایەتییان تۆمارکردو بەگژ ستەمی بەعسدا چوونەوە. لای فەرەنساییەکان قەڵای باستید- La Bastide لای ئێمە بەهەڵە پێیدەڵێن سجنی باستیل- وەك ڕەمزێك بۆ ستەمی ڕژێمی پادشایەتی دادەنرێ، ئازادکردنی قەڵاکەش بە یەکەم شەرارەی شۆڕشی گەورەی فەرەنسای هەژماردەکرێ، ڕۆژی ئازادکردنیشی کە دەکاتە ١٤ی یۆلیۆ، وەك ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا دانراوە. جێی خۆیەتی، ڕۆژی ڕاپەڕینو ئازادکردنی ئەمنەسوورەکەی سلێمانیی، وەك ڕۆژێکی پرشنگدارو مێژووییو نیشتمانیی بناسرێ. بێگومان، سێمبۆلییەتی ئەمنەسوورەکەی سلێمانیی لەهەموو ڕوویەکەوە لە قەڵای باستید گەشاوەترو شکۆدارترە.
ڕاپەڕینی شاری سلێمانیی، ڕۆژی ٧ی ئازاری ١٩٩١، سەرەتا لەگەڕەکی مەجیدبەگەوە دەستیپێکردو بنکەی پۆلیسی مکافحە دەستی بەسەردا گیرا، هەر ئەو ڕۆژە زۆربەی بنکەو بارەگاکانی ڕژێم ئازادکران. پیاوەکانی ڕژێم بۆ خۆدەربازکردن ڕوویان لە ئەمنەسوورەکە کرد، تا ڕۆژی دواتر لەوێوە شەڕیانکرد. مامۆستا ئەحمەدی کوڕەداوێی هاوڕێم، لە ڕێی خزمەکانییەوە کە چەکداربوونو هەڵوێستی جوانیان نواندو پاڵپشتی ڕاپەڕینو پێشمەرگەیان کرد.
جوتێ کڵاشینکۆفی پەیداکردبوو، ڕۆژی دواتر بڕیارمان دا بچین بۆ ئەمنەسوورەکە، کە گەیشتینە ئەوێ هێشتا تاقوتەرا، تەقەکردن مابوو. تەرمی دەیان ئەمنو موخابەرات لەوناوا کەوتبوونو خەڵكی داخلەدڵ تۆڵەیان لێسەندبوونەوە. هەبوو بەدوای سۆراخی گیراوەکاندا دەگەڕا. شڕەخۆرو هێزی ئاڕئاڕیش، چاویان لە تاڵانیی بوو. یەکێ لە ژێرزەمینەکان ئاگری گرتبوو، ویستمان فایلو دۆکۆمێنتەکان بپارێزین سوودی نەبوو. پێدەچو کەسانێ بە ئەنقەست ئاگریان تێبەردابێ تا سەرەداوی پەیوەندییان بەڕژێمەوە ئاشکرانەبێت.
دوای ٢٧ساڵ، پایزی ڕابردوو، مامۆستا کەمالی هاوڕێم، ئەویش وەك من ساڵانێکە لە غوربەتە، وتی بینای ئەمنەسوورەکە کراوەتە مۆزەخانەی ئەنفال، با سەردانێکی بکەین. کە چووینە ئەوێ، شریتی یاداوەرییەکانی مێشکم، زیاد لە چارەکە سەدەیەك بۆ دواوە گێڕایەوە، هەندێ یاداوەریو خەونی ڕۆژانی ڕاپەڕینم بیرکەوتەوە. ئێستا ٢٨ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا تێپەڕیووە، بەداخەوە هەندێ لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەسەڵاتدارنو بوونەتە بازرگانو پشتیان لە پرنسیپەکانی شۆڕش کردووە. زۆرێك لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین نەهاتونەدیو لە باربراون.
لەبری بنیاتنانی سیستەمێکی دێمۆکراسیی، عەقڵییەتی حیزبو خێڵو بنەماڵە باڵادەستە، گەندەڵیو ناعەدالەتیو نایەکسایی خەڵکی بێزارکردووە. ڕژێمی بەعس، دەستگای ئەمنو موخابەراتی بۆ چاوسوورکردنەوەو ئەشکنجەدانو کۆنترۆڕکردنو چاودێریکردنی کۆمەڵگە بەکاردەهێنا.
پارتییو یەکێتیی، هەمان دەستگایان بەنەفەسو فۆرمێکی حیزبیانەو بۆ هەمان مەبەست بنیاتنایەوە."نیلسۆن ماندێلا" کە لە نامەکەیدا بۆ شۆشگێرانی گۆڕەپانی تەحریر لە قاهیرە نووسیبووی- بنیاتنانی سیستەمێکی دێمۆکراسییو چەسپاندنی عەدالەتو یەکسانی، لە شۆڕشکردن دژ بە زوڵمو ستەم قورسترو دژوارترە- ئەو وتەیە پڕاوپڕ بەسەر پارتییو یەکێتییشدا دەچەسپێ. ڕاستە ئەوان دژ بە ڕژێمی بەعس شۆڕشیان پێکرا، بەڵام لە بنیاتنانی سیستەمێکی دێمۆکراسییو چەسپاندنی عەدالەتو یەکسانیدا شکستیان خوارد.