بچۆ با تۆیش لای خێمەکە دەرکەوی!

نالی پێنجوێنی
  2025-02-06     240

مامۆستاو مووچەخۆران مافی خۆیانە بۆ پێنەدانی مووچەکانیان خۆپیشاندان بکەن و مانبگرن. دەسەڵاتێك مووچەی فەرمانبەرانی پێنەدرێ، دەسەڵاتێکی شکستخواردووە. کاتێك حکومەت بەهۆی گەندەڵی، بۆ بەرژەوەندی حیزبی و شەخسیی، بیانو بەدەست بەغداوە دەدات و کێشەو گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران درووست دەکات، باکی بە نەبوونی و ژیانی کولەمەرگی و برسیکردنی خەڵك نییە. لەولایشەوە، دەسەڵاتداران شاهانە دەژین و خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارن. ئەوسا باسی کوردایەتی دەبێتە چیرۆکێکی گاڵتەئامێزو پرسیاری جددی لەسەر شەرعیەت و مۆراڵی دەسەڵاتداران درووستدەکات..

مامۆستایان و هاووڵاتییانی ناڕازی مافی خۆیانە بچنەپاڵ خێمەی مانگرتووەکان و  هەڵوێستیان هەبێت. بەڵام کاتێك کەسانێکی دەسەڵاتدار، کە خۆیان و حیزبەکانیان هۆکاری درووستبوونی ئەو بارودۆخەن، بەیاننامەی پشتگیری بۆ مانگرتووەکان دەنێرن!. یاخود ئەو حیزب و چالاکوان و ڕۆشنبیرو هونەرمەندانەی لەبەرەی ستەمکارو مووچەدزان بوون و هەن، سی ساڵە خزمەت بەحیزبەکانیان دەکەن و لەکاتی هەڵبژاردن حاڵیان لێدێت و بانگەشە بۆ گەندەڵکارو شکستخواردووان دەکەن. چۆن ڕوویان دێت و تەریقنابنەوە کاتێك دەچنە ناو خێمەی مانگرتووەکان و بەیاننامەی پشتگیریان بۆ دەنێرن و چەپکەگوڵیان پێشکەش دەکەن!؟ یاخود بەخوێندنەوەی وتارو شیعری حەماسی خەریکی خۆنواندنن. ئەو جۆرە خۆدەرخستنانە، ناچێتە خانەی دژایەتی ستەمکارو داکۆکی لەستەملێکراو مافخوراوان. بەڵکو نیشانەی  دووفاقەیی و هەلپەرستین، ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەوانە کەسانی بێ شەرم و ڕیابازن.

جەمالەدینی ئەفغانی دەڵێت:

ئەو نەتەوەی بەنهێنی و لەپشتەوە قسە بەدەسەڵاتدارەکانی دەڵێت و لەبەرەوڕوو گوێڕایەڵیان دەکات شایستەی ژیان نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×