پرسی تیرۆرکردنی مامۆستا هۆشیار، هیچی لەتیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامەحەمە، کاوە گەرمیانیی و شەهیدانی دیکەی قەڵەم و بەدژاچوونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی کەمتر نییە. دەکرێ بەهۆی پیشەی مەلایەتی و پێگەزانستیی و کۆمەڵاتییەکەیەوە کە مامۆستا هۆشیار هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراو ئەهلی مینبەرو وتاردان بووە، گرنگی و هەستیاری ئەو تاوانە زیاتر بێت. ئەو پرسە، پرسێکی گشتییەو پەیوەندی بە دێمۆکراسیی و مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕینەوە هەیە، ناکرێ وەك پرسێکی حیزبیی و لەچوارچێوەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتیەوە لەو پرسە بڕوانرێ، لەقاڵبی ململانێی سیاسیی و حیزبدا شرۆڤەو خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
بێگومان مامۆستا هۆشیار، لەسەر وتارەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و گەندەڵی دەسەڵاتداران شەهیدکراوە. هەموو ئەو پیاوکوژو بەڵتەجییانەی لەڕابردوودا بەو تاوانانە هەستاون، لەجێیەکی دیکەو لەلایەن کەسانی ترەوە دنە دراون، یاخود بەفەرمانی ڕاستەوخۆی هەندێ کەسی دەستڕۆیشتووی سەربەدەسەڵات ئەو کارەیان ئەنجامداوە. دواتر سیناریۆیەکی درۆیان بۆ هەندێکیان هەڵبەستوەو وەك تاوانبار بەخەڵکیان ناساندوون. وەك ئەو سیناریۆیەی بۆ سەردەشتی جوانەمەرگ درووستکرا !
بزووتنەوەی گۆڕان ئەوسا لەبەرەی گەلدابوو، داکۆکی لەئازادیی و مافەکانی خەڵك دەکرد، بەتوندترین شێوە دژی پێشێلکاری دەسەڵاتداران دەوەستایەوە. هەموومان بیرمانە کەناڵەکەی گۆڕان(تۆپخانەکە)و هەڵسووڕاو چالاکوانەکانی ئەو بزووتنەوەیە چۆن درێغیان لەڕسواکردنی بکوژانی سەردەشت عوسمان نەکردو لەقاویان دان. بەڵام بەداخەوە، ئێستا ئەو بزووتنەوەیە زۆر لەپرنسیپ و جەماوەرو کۆمەڵگەکەی دوورکەوتۆتەوەو ئاو بەئاشی دەسەڵاتدارو گەندەڵ و پێشێلکارانی ماف و ئازادییەکاندا دەکات! بەڕێز کوێستانخانی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سەر بەگۆڕان، خەڵاتی تیرۆریست و بکوژی یەکێ لەسێمبۆلە بەناحەق شەهیدکراوەکانی ڕێگای چاکسازیی و ئازادیی دەکات. ئەو کارە ناشیرین و نایاساییەی کوێستان خان بەهەرمەبەستێك کردبێتی، لە لایەکەوە دەستلەپشتدانی بکوژو تاوانبارانە. لەولایشەوە، ئازاردانی خانەوادەو کەسوکاری مامۆستا هۆشیارو ئەوانەیە کەداکۆکی لەئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسی دەکەن. بۆیە جێی خۆیەتی ئەو خانمە بەڕێزە، ئازایەتی ئەوەی هەبێت، داوای لێبووردن لەو کارەی بکات، ویژدانی خۆی ئاسوودەبکات و لەبری خەڵاتکردنی ئەو جۆرە تاوانبارە، داوابکات یاسای بەسەردا جێبەجێ بکرێ.