ئه‌رێ شتێك هه‌بوو، ناوی "یه‌كێتی مامۆستایان بوو!"
لوقمان غه‌فور
2020-05-17   716
ساڵی 1998 بووم به مامۆستا، به‌ڵام به‌شێوه‌ی محازر. كاتێك له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌میره، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی بێخاڵ-ی كچان رێكه‌وتین وانه‌ی بۆ بڵێمه‌وه، ده‌مزانی كه ئه‌وه‌ی به نیازم خۆمی بۆ ته‌رخان بكه‌م نه‌ك ژیانم دابین ناكات به‌ڵكو ژانه‌سه‌ری زیاتره، به‌ڵام پسپۆرێتییهكهم وابوو ده‌بوو ببم به‌مامۆستا.
به‌رێوه‌به‌ره‌كه پێی وتم وانه‌ی دینار و 250 فلس وه‌ره‌گریت، ئه‌ویش له‌كاتی خۆی نییه، ده‌شێت دوو مانگ دواتر یان سێ مانگ دواتر وه‌ریگریت. كاره‌كه ناچاری بوو، به‌ڵام ئه‌بێت جدیش بم، چونكه نه‌وه‌یه‌ك چاوه‌ڕێی ده‌ستی منه. له‌هه‌مانكاتدا تێگه‌یشتم ئه‌م پیشه‌یه له بنه‌ڕه‌ته‌وه سوك كراوه.
دواتر ساڵی 1999 هه‌وڵی دامه‌زراندنم دا، پسپۆرییه‌كه‌م (فیزیا) بوو پێویستییه‌ك بوو بۆ زۆربه‌ی خوێندنگاكان و له زۆر خوێندنگاكانی كوردستان مامۆستای فیزیا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو ئه‌بوو واسیته‌یه‌كم هه‌بوایه ئه‌وكات دامه‌زرام.
هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كم ته‌واو كرد بردم بۆ به‌رێوه‌به‌رێتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی كه‌چی له كاتی تۆماركردن، خانمێكی به‌رێز فایل و وه‌ره‌قه‌ی توڕدا، وتی: كوا، پشتگیری "مه‌ڵبه‌ند".
زۆر توڕه بووم، به تووڕه‌یی وتم: "ئێ خۆ من ناچم كۆبوونه‌وه‌ی حزبی بكه‌م ئه‌چم وانه به چوار خوێندكاری داماوی ئه‌و قه‌زا و ناحیه‌یانه ئه‌ڵێمه‌وه!"
دیار بوو كه‌س ئه‌م وه‌ڵامه‌ی نه‌دابۆوه، وتی: "ده‌بڕۆ ئه‌وه فایله‌كه‌ت، ته‌عین ببه". خۆ قسه‌كه‌ی ئه‌و ته‌واو بوو، تا ته‌زكییه‌ی مه‌ڵبه‌ندم نه‌برد دانه‌مه‌زرام. ئه‌مجاره‌ش تێگه‌یشتم به ئاره‌زوو ئه‌م پیشه‌یه سووككراوه.
كه بووم به مامۆستا، سه‌یری یه‌كه‌م مووچه‌م كرد نزیك 5 دینار له مووچه‌كه‌م براوه، له خاتوو سێوه خزر به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی تابینی كچان-م پرسی، ئه‌مه چییه بۆ بڕدراوه؟
وتی: ئه‌وه نه‌سریه‌یه بۆ ئه‌ندام بوونی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان.
وتم: ئێ من ئه‌ندام نیم.
وتی: ئه‌ندام نیم نییه، بویت به مامۆستا ئه‌بێت ئه‌ندام بیت و ئیلزامییه، له‌په‌روه‌رده‌وه ئه‌و پاره‌یه‌ی لێدهرهكهن و ئه‌ینێرن بۆ یه‌كێتی مامۆستایان.
ئه‌مجاره‌ش زانیم ئه‌م پیشه‌یه به‌ئاشكرا ئه‌تك ئهككرێت.
من نازانم ئێستا ئه‌و بڕیاره ماوه یان نا بوون به ئه‌ندام ئیلزامییه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ئه‌زانم كه یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ماوه و هێشتا نه‌ڕوخاوه، هه‌رچۆن بێت مامۆستایانی خۆپیشانده‌ر داوای مووچه ئه‌كه‌ن تاكه رێكخراوێكیش نوێنه‌ری ئه‌وان بێت یه‌كێتی مامۆستایانه.
سه‌رئه‌نجامی ئه‌م قسانه ئه‌وه‌یه له‌دوای ئه‌و زنجیره خۆپیشاندانه‌ی كه ساڵانی رابردوو، ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ش كرا، مادام خۆپیشاندانی مامۆستایان بووه به كه‌ره‌سته‌ی ململانێی نێو حزبه سیاسییه‌كان و یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان كه سه‌ندیكایه‌كه بۆ داكۆكیكردنی مامۆستایان ده‌نگ و نوزه‌ی نه‌ماوه، ئه‌وا به هه‌زاران مامۆستا دهستگیركرێت جگه له هه‌ناسه ساردی بۆ مامۆستایان هیچ سوودێكی نییه و له بنهڕهتییشهوه ماده‌م كردیان به كاڵایه‌كی سیاسی، دڵنیایی ئه‌ده‌مه مامۆستایان یه‌ك هه‌نگاو مافیان ناڕواته پێشه‌وه.
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی مامۆستایان، داكۆكیكار بوایه ئه‌وا بێ هیچ سڵكردنه‌وه نوێنه‌ره‌كانیان پێش خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌وتن و ئه‌و كارته‌یان له‌ده‌ستی حزبه‌كان ئه‌سوتان.
بۆیه ئه‌مجاره‌ش تێگه‌یشتم ئه‌م پیشه‌یه له‌لایه‌ن یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانه‌وه سوككراوه.