ڤایرۆسی كۆرۆنا، جیهان له‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان نزیك ده‌كاته‌وه‌ !

لوقمان غه‌فور
  2020-02-24     1160

له‌ئاكامی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جیهان به‌خێرایی نزیك ئه‌بێته‌وه‌ له‌خاڵی وه‌رچه‌رخان، و پسپۆرانیش ئاگاداری ده‌ده‌ن كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ به‌سه‌ر توانا به‌كارهاتووه‌كانی مرۆڤ، بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌ قورسه‌كان، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ كۆریای باشور باری نائاسایی راگه‌یاند و له‌ئه‌وروپاش، ئیتالیا و له‌ ئاسیاش، ئیران، دۆخێكی سه‌خت رووی تێكردوون.

دوای دڵنیابوون له‌ 79 هه‌زار و 365 كه‌یسی كۆرۆنا ڤایرۆس COVID-19 له‌ جیهاندا، پسپۆران جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ چۆته‌ حاڵه‌تی مۆڵه‌قه‌وه‌. چونكه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا، كه‌وتنی ژیانی سه‌ر رووی زه‌وییه‌. ئێستا 11 شاری باكوری ئیتالیا كه‌ 50 هه‌زار كه‌س تێیدا نیشته‌جێیه‌ دوو رۆژه‌ قه‌تیس ماون و ژیانیان به‌رووی شاره‌كانی تری ئیتالیا و ئه‌وروپا وه‌ستاوه‌. به‌شێوه‌یه‌ك پۆلیس هه‌ر كه‌سێك شاره‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت، ده‌ستگیرده‌كات، و غرامه‌ی ماددی ده‌كرێت. له‌ئاسیا ئێران 14 شار و شارۆچكه‌ خوێندنگه‌ و زانكۆكانی داخستووه‌.

وۆردد پۆل هانتێر مامۆستای پزیشكی له‌ كۆلێژی ئێست ئه‌نگلیا له‌ به‌ریتانیا، تیدرۆس گبرێسیس به‌رێوه‌به‌ری گشتی    WHO ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئیتر كاتی ئه‌وه‌نده‌ لێدوانی بێئه‌نجام نییه‌و كاتی كۆنترۆڵكردنی ده‌رده‌كه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی دنیا وێران بكات. هانتێر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون له‌ چین و زیادبوونی له‌ ئه‌وروپا به‌ده‌ستكه‌وت نازانێت بۆ رێكخراوه‌كه‌. زیادبوونی ژماره‌ی تووشبوون له‌ ئه‌وروپا نائارامییه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌. ده‌رباره‌ی ئێران-یش زانایان پێیانوایه‌ ئه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای ئه‌وه‌ی 23ی فێبریوه‌ری به‌ره‌سمی پاكستان و توركیا هه‌موو سنووره‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران داخست. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كه‌ ململانێی چه‌كداری تیایه‌. 

دكتۆر رۆبن تۆمسۆن توێژه‌ری ئیپێدیمیالۆژی له‌ زانكۆی ئۆكسفۆرد، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌  باسی ئیتالیا ده‌كات و ده‌ڵێت: "پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وروپا بیر بكه‌نه‌وه‌"، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ی تۆمسۆن له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ئۆردن هه‌موو هاتوچۆیه‌كی ئاسمانی له‌گه‌ڵ ئێران و چین و كۆریای باشور داخست. كه‌ دوور نییه‌ بڕیار بدرێت به‌داخستنی گه‌شتی ئاسمانی تێكڕای وڵاتان له‌گه‌ڵ ئیتالیا، به‌ڵام ئه‌ی چی له‌و سه‌دان مایل میترۆیه‌ی نێوان ئیتالیا و سه‌رجه‌م ئه‌وروپا ئه‌كه‌یت!.

لێدوانه‌كه‌ی 23ی فێبریوه‌ری، شی جین بینگ –ی سه‌رۆكی چین هیچی تیا نه‌هێشته‌وه‌ كاتێك وتی:"هێشتا ژیان له‌ چین تاریك و تنوك و پڕ گرێوگۆڵه‌" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و وه‌رزی كشتوكاڵ ده‌ڕۆن و ئه‌بێته‌ په‌كخستنی كه‌رتی كشتۆكاڵی وڵاته‌كه‌ی.

كۆتا ئه‌وه‌یه‌، دوا پێشهاته‌كان بۆ كۆریای باشور و ئێران و ئیتالیا سه‌خته‌، چونكه‌ ته‌نیا له‌ 24 سه‌عاتدا له‌ كۆریای باشور له‌ 602 كه‌یسه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ 763 كه‌یس و مردنیش بوو به‌ 7 كه‌س، له‌ ئێرانیش دوو كه‌سی تر مرد به‌مه‌ ئێران بووه‌ به‌ 8 كه‌س كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداو 43 كه‌سیش تووشبوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×