2020 ساڵی قاره‌مانێتییه‌ بۆ ئه‌مریكا

لوقمان غه‌فور
  2020-01-05     845

بۆچوونێكی هه‌ڵه‌یه‌، ئێمه‌ له‌رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ خۆمان ببین به‌ به‌شێك له‌ میدیاكار و كاری میدیایی بكه‌ین ئه‌گه‌ر سه‌لیقه‌یه‌كی وردی رۆژنامه‌نووسیمان نه‌بێت یان خاوه‌ن ئه‌زمونێكی به‌هێز نه‌بین له‌میدیادا. جگه‌ له‌وه‌ی هیچ بۆ میدیا ناهێڵینه‌وه‌، نه‌شاره‌زایانه‌ و بێده‌ربه‌ستانه‌ مافی خه‌ڵكی تریش پێشێل ئه‌كه‌ین. قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی به‌شێكه‌ له‌و كاره‌ خراپه‌ی به‌رامبه‌ر مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت له‌ باشور.

ئاوێنە، لوقمان غه‌فور: ده‌سپێكی ئه‌م وتاره‌م به‌و دۆخه‌ خراپه‌ له‌سایكۆلۆژیی تاكی باشور ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ میدیا ئاماده‌گی نه‌ماوه‌ بۆیه‌ خه‌ڵك خۆی بووه‌ به‌به‌شێك له‌ میدیا، قسه‌كردنه‌كه‌شم نه‌ك وه‌ك ره‌خنه‌ و سه‌رزه‌نشتكردنی له‌وانه‌ی ره‌خنه‌ له‌ پارێزگاره‌كه‌ی سلێمانی له‌ باشوری كوردستان ده‌گرن. به‌ڵكو هۆكاری ئه‌و ئاتمۆسفیره‌ خراپه‌ی باشور باسده‌كه‌م كه‌ بۆ نه‌بوونی میدیای كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ده‌رخستنی گه‌نده‌ڵییه‌ گه‌وره‌كان. بۆیه‌ نامه‌وێت كه‌س شیكار و ته‌ئویلی ئه‌وه‌م بۆ بكات له‌سه‌ر وته‌كاتی پارێزگاری سلێمانی، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، له‌سه‌ر ونبوونی میدیایه‌ له‌ ئاتمۆسفیریێكی بارگاوی به‌ گه‌نده‌لی كه‌ وایلێهاتووه‌ تاكی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی نه‌زانانه‌ بێت یان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌ست بۆ سمپڵه‌ بێ به‌هاكان ده‌بات.

كه‌واته‌ ئه‌بێت پێشه‌كی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ میدیا سه‌رخه‌ین تا قسه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌ گه‌رمه‌كان بكات، ئه‌گه‌ر میدیایه‌كی عاقڵ و ژیر هه‌بێت. به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت تاكی باشور دركی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ میدیای كوردی به‌ تونێلێكی تاریكدا ده‌ڕوات، بۆیه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خۆی كه‌وته‌وه‌ گیانی خۆی و ورده‌ورده‌ دایه‌ڕنێت. یه‌كتری كه‌له‌پاچه‌ ئه‌كه‌ن بێئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن. بێمتمانه‌ییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێو یه‌كتردا دروستبووه‌، هه‌ركه‌س به‌رژه‌وه‌ندی حزب و تاقم و گروپی خۆی ئه‌وێت. هیچیان بۆ میدیا نه‌هێشتۆته‌وه‌ و ناشیانه‌وێت میدیا قسه‌یان بۆ بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك وه‌ك كاری شه‌خسی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ میدیا بدات، یان له‌په‌لوپۆی ئه‌خه‌ن یان به‌ گومانن لێی چونكه‌ تاكی باشور له‌گوماندا ئه‌ژی.

ئه‌گه‌ر كه‌سێك توانی فه‌یسبوكه‌كه‌ی بكاته‌ كه‌ناڵێكی میدیایی و میدیا كه‌ڵكی لێبینی، ئه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ خۆبه‌خشی و وه‌ك ئه‌وه‌شه‌ به‌ پاره‌ دۆنه‌یشنی (به‌خشینی) میدیا بكات. ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ بكه‌یت ئه‌وا هه‌ق نییه‌ ببین به‌ به‌شێك له‌و شه‌ڕه‌ ده‌روونییه‌ی كه‌ مێشكی كۆمه‌ڵگه‌ی باشوری كوردستانی كۆنترۆڵ كردووه‌.

ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: (2020، ساڵی قاره‌مانێتییه‌ بۆ ئه‌مریكا) ئه‌مه‌ ئه‌و دروشمه‌یه‌ كه‌ رۆژنامه‌ی گاردیان –چاپی ئه‌مریكا به‌رزیكرده‌وه‌ له‌ساڵی نوێدا. له‌ژێر ئه‌م دروشمه‌دا پێیوایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی دیاریكردن یان پیشاندانی رووداوه‌كانی وڵات بۆ نه‌وه‌كان، پێویسته‌ میدیایه‌كی به‌هێز و ئازاد هه‌بێت كه‌ پێشتر نه‌بووبێت. گاردیان ده‌ڵێت: "وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ 2020، ئه‌وا ئێمه‌ داوا له‌ خوێنه‌ره‌كانمان ئه‌كه‌ین له‌ئه‌مریكا پاڵپشتی راپۆرته‌ ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و كراوه‌كانی گاردیان بكه‌ن. یارمه‌تیمان بده‌ن كه‌ ئامانجی رۆژنامه‌كه‌مان كۆكردنه‌وه‌ی 1 ملیۆن و500 هه‌زار دۆلاره‌" تا روماڵی كاره‌كانی 2020 ی پێبكه‌ن.

له‌ماوه‌ی ته‌نیا چه‌ند رۆژی دوای ئه‌م ئاگادارییه‌وه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی خۆی گاردیان توانی 1 ملیۆن و 162 هه‌زار و 498 دۆلار كۆكاته‌وه‌ واته‌ هه‌مووی 350 هه‌زار دۆلاری ماوه‌ بۆ ئه‌و گۆڵه‌ی ئه‌یانه‌وێت به‌ده‌ستی بهێنن. لێره‌دا قاره‌مانێتی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی سه‌لمێنرا، خه‌ڵك ئیتر خۆی نابێت به‌ راڤه‌كار و شیكار و توانجده‌ر له‌سه‌ر روداوه‌كان. خه‌ڵك ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌ ئه‌سپێرێت به‌ شانوملی میدیا. ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ 2020 گاردیان ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌ی جێبه‌جێنه‌كرد ئه‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئاماده‌نین ساڵێكی تر دۆنه‌یشنی گاردیان بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و مافی قسه‌كردنه‌ی لێئه‌سه‌ننه‌وه‌ و به‌ پاڵپشتینه‌كردن سزای ئه‌ده‌ن.

كۆتا قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ باشور رووده‌ده‌ن له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بۆ نائاماده‌گی میدیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ خه‌ڵك تێر بكات له‌ رووی راسته‌قینه‌ی رووداوه‌كانی كوردستان. ئه‌گه‌ر میدیا، میدیای نیشتمانی بێت و بیتوانیایه‌ گه‌نده‌لی مه‌له‌فه‌ی نه‌وتی نیشانی خه‌ڵك بدایه‌ ئێستا ئاراسته‌ی قسه‌كردن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێچه‌وانه‌ نه‌ده‌بۆوه‌ و هه‌موو خه‌ڵك نه‌ده‌بوو به‌ میدیاكار و شیكار له‌سه‌ر رووداوێكی ئاوه‌ها. له‌ئه‌مریكا به‌شی زۆری خه‌ڵك تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ حه‌ز و خولیا و كاره‌ سه‌یر و خۆشه‌كانی رۆژانه‌ به‌كارده‌هێنێت، ئه‌وه‌شی سه‌ودای له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نه‌بێت، خۆی سه‌رقاڵ ناكات به‌ سۆشیال میدیاوه‌. یان ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌ركێكی ئاسان ئه‌كێشێت كه‌ ئه‌میش پاڵپشتیكردنێكی مه‌عنه‌وی میدیایه‌، كۆمێنت له‌سه‌ر هه‌واڵ ئه‌دات، شێری هه‌واڵه‌كه‌ ئه‌كات بۆئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵك بیبینێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×