هه‌ینی, 10 ی کانونی دووه‌م , 2025

بۆچی سه‌رۆك تره‌مپ په‌نا ئه‌باته‌به‌ر تویته‌ر؟

لوقمان غه‌فور
  2019-12-22     997

سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ هه‌رچی بوێت له‌رێگه‌ی تویتێكه‌وه ‌رایده‌گه‌یه‌نێت كه ‌ئه‌مه‌ش وایكردووه ‌67ملیۆن و 800 هه‌زار فلۆوه‌ری هه‌بێت له‌ تویته‌ر، ئه‌م ژماره ‌پێوانەییه ‌زۆرێك له‌سیاسییه‌كانی دنیا و ته‌نانه‌ت سینه‌ماكار و ئه‌كته‌ره ‌به‌ناوبانگەكانی ئه‌مریكای سه‌رسام كردووه‌، چونكه ‌له‌ئه‌مریكا ته‌نیا ئه‌وانن ئه‌توانن رێژه‌یه‌كی زه‌به‌لاح له‌فلۆوه‌ر بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

كه‌سێكی وه‌ك سیڤن هارڤی پێشكه‌شكارو میدیاكاری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی و خاوه‌نی به‌رنامه‌ی فامیلی فیود كه‌ زیاتر له ‌10ملیۆن بینه‌ری رۆژانه‌ی هه‌یه‌، تا ئێستا 4 ملیۆن فلۆوه‌ری لەتویتەر هه‌یه‌. له‌تویتێكدا ده‌ڵێت: "ئە‌سته‌مه ‌بگه‌ینه‌سه‌رۆك تره‌مپ لە فلۆوه‌ردا، ئه‌وه‌ی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی جیا دەکاتەوه‌، مه‌سه‌لەی تویته‌".

رۆژنامه‌نووسان و سیاسییەکان به‌گشتی به‌كارهێنانی تویت له‌لایه‌ن سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه ‌به‌كارێكی باش نازانن و پێیانوایه ‌بۆته ‌هۆی شكاندنی شكۆی سه‌رۆكایەتی ئه‌مریكا. هه‌ندێكی تر به‌پێچه‌وانه‌وه ‌پێیانوایه‌ تاكه‌ رێگه‌یه ‌بۆئه‌وه‌ی كه‌ پەیامه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت به‌دنیا، چونكه‌ئه‌و له‌شه‌ڕێكی قورسدایه‌ له‌گه‌ڵ میدیای لیبرالدا. ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی سه‌نته‌ری پێو، ساڵی 2018 له‌راپرسییه‌كدا ده‌ریخست كه ‌76%ی ئه‌مریكییه‌كان تویتەکانی سەرۆک ئه‌بینن و ئه‌خوێننه‌وه‌.

خاتوو ئه‌ماندا كارپێنتێر له‌كتێبی (فریودانی ئه‌مریكا، بۆچی حه‌زمان لێیه‌ سه‌رۆك تره‌مپ درۆمان بۆ بكات) به‌وردی تیشكی خستۆته‌سه‌ر ئه‌مه‌و ده‌ڵێت: "ده‌شێت ترەمپ خودی خۆشی فریوبدات له‌سه‌رۆكایه‌تیكردندا. به‌زۆری له‌كاتی تویت-دا دەست به‌سه‌ر مێتافۆر(مه‌جاز)یدا ناگیرێت".

نووسه‌ر تویته‌كانی سه‌رۆك تره‌مپ-ی وه‌ك سه‌رچاوه ‌به‌كارهێناوه ‌بۆ لێكدانه‌وه‌و نووسینی كتێبه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت تێگه‌یشتنێكی وردی هه‌بێت به‌رامبه‌ر سەرۆک تره‌مپ و به‌كارهێنانی تویت له‌لایه‌ن سه‌رۆكەوه ‌باشتره ‌ئه‌م كتێبه‌ بخوێنێتەوه‌ئه‌وكات قسه‌بكات.كارپێنته‌ر خۆی له‌تویته‌ردا 128هه‌زار بەدواداچو(Followers) ی هه‌یه‌.

زۆربه‌ی جار كه‌ تره‌مپ قسه‌ده‌كات و تویت له‌سه‌ر شتێك ئه‌نوسێت، نیوه‌ی راست و ھەندێکی وانییە. بۆیه‌هه‌ر كاتێك میدیاكارێك یان سیناتۆرێك پێی بڵێت ئه‌م بابه‌ته‌راست نییه‌، هێرش ئه‌كاته ‌سه‌ر ئه‌و میدیایه ‌یان ئه‌و كه‌سه‌، پاشان ئه‌گه‌ڕێت به‌دوای به‌هانه‌هێنانه‌وه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر كاتێكیش هه‌ندێك كه‌س زانیان راست ئه‌كات له‌تویته‌كه‌یدا، ئه‌وا هه‌موو سه‌ره‌سه‌عاتێك له‌میدیادا هه‌وڵی روماڵكردنی ده‌دات و ستافی میدیاكه‌ی له‌كۆشكی سپی بۆ ئه‌و هه‌واڵه‌به‌گه‌ڕده‌خات.

رای پێچه‌وانه‌ش هه‌یه ‌به‌رامبه‌ر ئه‌م رایه‌ی کارپێنتەر، هاوارد كوارتز له‌كتێبی (شێتێتی میدیا، دۆناڵد تره‌مپ، رۆژنامه‌گه‌ریی و شه‌ڕ دژی راستی) روانینێكی تری هه‌یه‌و پێوایه‌ میدیا سه‌رۆك تره‌مپ-ی گۆشه‌گیركردووه‌، وه‌ك چۆن كاره‌خراپه‌كانی هه‌ڵه‌سه‌نگێنن، كاره‌ باشه‌كانی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی تێدایه‌ تووڕده‌ده‌نه ‌ده‌ره‌وه‌ی باس و هه‌واڵ و راپۆرته‌كانیان. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌پشت بكاته‌ میدیاو خۆی میدیایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌ڵبژێرێت كه‌ئه‌ویش تویته‌ره‌.

سەرۆک ترەمپ له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2016دا كه‌ گه‌یشته ‌كۆشكی سپی، جاری وا هەبووه ‌بۆ تویتێكی 10هه‌زار لایك و 5 هه‌زار وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌. کەچی ئه‌م رێژەیه ‌له‌مانگی ئەپرلی 2019 بووه‌ به‌زیاتر لە 250 هه‌زار لایك. بەپێی ڕاپۆرتێکی واشنگتۆن پۆستیش لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا مانگی ئەپرلی ئەمساڵ 11 ھەزار تویتی کردووە.

كوارتز له‌لاپه‌ڕه‌71 ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:"ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ به‌ئاراسته‌بردنی سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ بۆ درۆی رۆژنامه‌نووسی ناسروشتی.ده‌شێت گه‌وره‌ترین تاوان ئه‌و سوككردن و گاڵته‌جارییه ‌بێت کە زۆرجار میدیای لیبرال پێی دەکات. ئه‌گه‌ر ترس له‌قێزلێبوونه‌وه‌یه‌كی تێرو ته‌واو نه‌بێت ئه‌وا زۆر راپۆرتی درۆینه‌ی تر به‌رامبه‌ر تره‌مپ دزه‌پێده‌كراو ده‌ڕژێندرایه‌ناو كه‌ڵچه‌ری ئه‌مریكییه‌وه".

ره‌نگه ‌ئه‌م قسه‌یه‌ی كوارتز به‌شێك له‌راستی تێدا بێت، تره‌مپ له‌ئاكامی هەڵبژاردنەوه ‌بووه ‌به ‌سه‌رۆك. تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێشتر میدیای ئه‌مریكیم وه‌ك میدیایەكی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌ن ئه‌زانی، به‌ڵام له‌ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا ئێستا ئەتوانم به‌شی زۆری میدیاكان و لایه‌نگیریان یه‌كلابكه‌مه‌وه‌. ئێستا ناتوانم نه‌ڵێم سی ئێن ئێن ته‌واو یه‌كلابۆته‌وه‌به‌لای دیموكراته‌كاندا.

بۆئه‌وه‌ی دوورنه‌كه‌وینه‌وه ‌له‌باسه‌كه‌مان ده‌گه‌ڕێینه‌وه ‌سه‌ر به‌كارهێنانی تویته‌ر لای سه‌رۆك تره‌مپ كه ‌زۆربه‌ی شاره‌زایانی میدیا، له‌گۆشه‌نیگای خۆیانه‌وه ‌سه‌یری فریودانی سه‌رۆك تره‌مپ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ویش ئامانج لێی بریتییه‌ له‌دروستكردنی گومان له‌بیرەوه‌ری تایبه‌ت و پێشبینی و حه‌قیقه‌تی رووداوه‌كان له‌رێگه‌ی لێدوانی به‌رده‌وام له‌سه‌ر بایه‌تێك و ئاراسته‌گرتنی راستی و دروستی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌و نكۆڵیكردن لێی.

كاتێك سه‌رۆك تره‌مپ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌بیروڕاكانیدا، له‌رێگه‌ی له‌قكردنی ئارامی، بڕیاری ناشه‌رعی ئه‌دات له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك، بۆیه‌تویته‌ر لای ترەمپ پلانێكی تێرو ته‌واوه‌، به‌كاریده‌هێنێت بۆ قه‌ناعه‌تپێكردن و كۆنترۆڵكردنی زیاتری خه‌ڵك. كارپێنته‌ر ده‌ڵێت: "تره‌مپ كێشه‌كان ئه‌خاته‌ناو هۆشیاری گشتییه‌وه‌و گفتوگۆكردنی كێشه‌كانیش به‌رێگه‌ی گریمانه‌یی ده‌هێڵێته‌وه‌له‌میدیادا به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ خه‌ڵكی تر قسه‌ی له‌سه‌رده‌كه‌ن و له‌سه‌ری ده‌نووسن و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن. سەرەڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه ‌وایه‌یان نا، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی سه‌رچاوەكانی كه‌ توانای لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ناكرێت. كه‌ تویته‌ر یه‌كێكیانه‌".

پێموایه ‌تره‌مپ ئه‌گه‌ڕێت به‌شوێن كێشه‌یه‌كی سیاسی كه‌ كێبڕكێكاره‌كانی ئاماده‌گییان تێدانه ‌بێت كه ‌پێی بگه‌ن و تا ئه‌و كێشه‌یه ‌له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا سه‌رسوڕهێنه‌ر بێت. هه‌ربۆیه ‌سه‌رۆك تره‌مپ تویته‌كانی به‌زۆری له‌سه‌عات 6-9ی به‌یانیاندایه‌، به‌تایبه‌تی به‌یانیانی رۆژانی شه‌ممان كاتێك كه‌مترین هه‌واڵی دیكه‌هه‌ن، تا كاریگه‌ری هه‌بێت.

ره‌نگه ‌زۆرجار تێكڕای سیاسییه‌كان گوزارشتكردنیان له‌تیۆری پلانگێڕی-دا هەبێت، به‌ڵام رێگه‌كه‌ی نه‌زانن، هه‌رچی سه‌رۆك تره‌مپ-ه‌له‌رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ به‌كاریده‌هێنێت و سوودبه‌خشیش بووه‌ بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌كانی. به‌هۆی نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی هه‌قیقی بۆ پاڵپشتیكردن، ته‌نیاو ته‌نیا خزمه‌تی گه‌شه‌سه‌ندنی قوڵبوونه‌وه ‌له‌پلانگێڕی ده‌كات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×