ده‌رده‌شه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كاك "رێبین هه‌ردی"

لوقمان غه‌فور
  2019-02-25     1791

ره‌نگه‌ چه‌ندین كه‌سی تر بێن و بتوانن قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن، به‌ڵام دواجار هه‌موو له‌ یه‌ك خاڵدا كۆده‌بینه‌وه‌ و ده‌ڵێین، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی 2009-2016 نییه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌رێباز و بووچون و هێڵه‌ گشتییه‌كانی خۆی لایدابێت، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌په‌له‌یه‌، كاری خێرا و ئه‌نجامی زۆری ده‌وێت، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌باتی په‌رله‌مانیدا یه‌كناگرێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی له‌م بزووتنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ دوای ساڵی 2014 ه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كرد، نه‌هاته‌دی!.


كاك رێبین هه‌ردی له‌رێكه‌وتنی گۆڕان و پارتی ناڕازییه‌! بۆچی و چۆن؟ له‌ دووتوێی نووسینێكدا روونیكردۆته‌وه‌، من لێره‌دا دژی قسه‌كانی نیم، بڵێم راسته‌ یان هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ و پۆینیتی سه‌ره‌كی نووسینه‌كه‌می تێدا كۆده‌كه‌مه‌وه‌، ده‌رده‌شه‌یه‌ یان هه‌ندێك سه‌رنج و تێبینییه‌ كه‌ ده‌شێت ئه‌ویش و زۆری تریش هه‌مان خه‌مخۆرییان هه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.


جا من له‌ دێری كۆتایی نوسینه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م كه‌ ده‌ڵێت:"هیوادارم من هه‌ڵه‌بم له‌ بۆچوونه‌كانم و ئه‌وان (مه‌به‌ستی سه‌ركرده‌كانی گۆڕانه‌) راستبن"، من كاك رێبین دڵنیاده‌كه‌مه‌وه‌ نه‌ تۆ هه‌ڵه‌یت و نه‌ ئه‌وان هه‌ڵه‌ن و نه‌ به‌ یه‌قین-یش هیچ لایه‌ك ڕاستن، هه‌ردوو لایه‌ن راستییتان لایه‌ و هه‌ریه‌كه‌تان به‌ دیدگای خۆیه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ئه‌ڕوانێت، به‌ڵام له‌وه‌ناچێت تا ئه‌م ساته‌ ئه‌و راستییه‌ بێته‌ به‌رچاوی زۆركه‌س كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی 2009 تا 2016 نییه‌ و هه‌ر بۆیه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئێستای بزووتنه‌وه‌كه‌ش له‌ئێستادا به‌هه‌مان ده‌روون و دیدگاوه‌ هه‌نگاویان بۆ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ ناوه‌، ئه‌گینا بڕوام نییه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌م رێكه‌وتنه‌یان كردووه‌ ئه‌وه‌نده‌ دڵیان به‌ پۆسته‌كان خۆش بێت زیاتر له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی 2104، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان له‌وه‌ گه‌یشتوون به‌ 12 كورسی په‌له‌مانه‌وه‌ هیچ ناكرێت، بۆیه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر ئه‌م دۆخه‌، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر له‌من بپرسن نه‌ك رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی به‌ڵكو چونی گۆڕان-م بۆ ناو حكومه‌ت زۆر زۆر پێ خراپه‌، كه‌ هه‌مان دیدگام له‌ ساڵی 2014 ش هه‌بوو بۆ چوونه‌ ناو حكومه‌ت و به‌ ده‌یان هه‌ڵسوڕاوی ئه‌و بزووتنه‌وه‌م وت.


بیرمه‌ ساڵی 2014 به‌رێكه‌وت برای به‌رێزم كاك كاوه‌ محه‌مه‌د-ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-ی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-م بینی كه‌ ته‌نیا رۆژێك دوای رێكه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی بوو، من پێم وت:"گۆڕان زیانێكی كوشنده‌ی به‌رده‌كه‌وێت، به‌م رێكه‌وتن و چونه‌ ناو حكومه‌ته‌! كارێكی زۆر خراپتان كردووه‌"، ئه‌ویش نه‌یشارده‌وه‌ و وتی:"منیش ته‌وقیته‌كه‌یم پێ خراپه‌، به‌ڵام ئه‌و براده‌ره‌(مه‌به‌ستی كاكه‌ نه‌وه‌ بوو) خۆی قه‌ناعه‌تی پێیه‌تی!"، راستیتان بوێت، ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان نه‌ما ئه‌مه‌ی پێنه‌ڵێم، من ئه‌وكات تووڕه‌تر بووم له‌گۆڕان بۆ چوونه‌ ناو حكومه‌ت وه‌ك له‌مجاره‌، به‌ڵام بۆ من ئێستا و ئه‌وساش و ده‌ خولی تریش بچێته‌ حكومه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ رۆژێك بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ كارم نه‌كردووه‌ تا دڵگران بم، ئه‌وكات ته‌نیا بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌خه‌می گشتییه‌وه‌ هه‌بوو.

 

جا هه‌قیقه‌تی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وكات بڕیاره‌كه‌ لای ره‌وانشاد خۆی بوو، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵا ئیعلامییه‌ی له‌دژ نه‌كرا، ئێستا مه‌سه‌له‌كه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست خه‌ڵكی تر و له‌گه‌ڵ كه‌ڵه‌كه‌بووی ناڕه‌زایی هه‌زاران هه‌ڵسوڕا و ناڕه‌زاییه‌كانی ناو گۆڕان له‌دوای كۆچی ره‌وانشاد-ه‌وه‌، بایه‌ته‌كه‌ بووه‌ به‌بابه‌تێكی میدیایی كه‌ گۆڕان و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش رۆژێك هه‌ڵسوڕاو و لایه‌نگری گۆڕان بوون قازانجی تێدا ناكه‌ن و به‌شێك لە ره‌خنه‌كان به‌رئه‌وانیش ده‌كه‌ون، ئه‌گینا من تووشی ئه‌ستۆنیش بووم و پرسیارێكم له‌كاك رێبین ئه‌وه‌یه‌ "ساڵی 2014 به‌كاكه‌ نه‌وه‌-ی وتووه‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی خراپه‌؟!" خۆ ئه‌گه‌ر باسی زه‌مه‌ن بكرێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و ده‌مه‌دا زۆر له‌ئێستا بره‌وی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وكات گۆڕان ئه‌یتوانی به‌ ئاره‌زووی خۆی شه‌قام بجوڵێنێت، ئه‌وكات هێزی مه‌عنه‌وی گۆڕان له‌وه‌دا نه‌بوو ته‌نیا 24 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه‌، هێزه‌ مه‌عنه‌وییه‌كه‌ له‌وه‌دا بوو كه‌ كاكه‌ نه‌وه‌ خۆی له‌ژیاندا بوو، بڕیار بڕیاری خۆی بوو.


ئه‌گه‌ر وه‌ك كاك رێبین پێشبینی ده‌كات، مه‌سه‌له‌ی رێكه‌وتنامه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ركوكینه‌ بێت دژی یه‌كێتی و تۆڵه‌ی ته‌زویر و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بێت له‌و ته‌قه‌كردنانه‌ی له‌گردی زه‌رگه‌ته‌ كران، ئه‌وا ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ بۆ 2014ش به‌هه‌مان شێوه‌ راسته‌، بۆ ئه‌وه‌ش ناچمه‌ ناو ورده‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2014 و رووداوه‌كانی دوای 17ی شوبات، به‌ڵام دۆخێك هه‌یه‌ كاك رێبین دركی پێكردووه‌، به‌ڵام نه‌یویستووه‌ له‌م نوسینه‌یدا جێگه‌ی كاته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای 2009 ه‌وه‌ ئه‌تمۆسفیرێكیی سیاسی وا دروستكرا و وایان چه‌سپاند له‌مێشكی خه‌ڵكدا كه‌ گۆڕان پێشره‌وی بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی ده‌كات و پارتیش پێشره‌وی به‌ سوڵتانیكردنی سیستمی سیاسی. من ئه‌وكات دژی ئه‌م ئه‌تمۆسفیره‌ سیاسییه‌ بووم و ده‌مگوت ئه‌گه‌ر رۆژێك ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ لاواز بێت ئه‌وا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ته‌نیا ره‌خنه‌ی هه‌ڵسوڕا و خه‌ڵكی دڵسۆزی خۆی ئه‌یسوتێنیت، ئه‌وه‌تا ئێستا ورده‌ ورده‌ ئه‌وه‌ ده‌بینین.


مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه‌ زۆر كه‌س به‌رووكه‌ش وه‌ریده‌گرێت و كاك رێبین-یش به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌ مه‌سه‌له‌ی باجی قورسی سیاسییه‌، ئه‌گه‌ر باجی هه‌ڵه‌ی سیاسی راست بێت، ده‌بوو پارتی یه‌كه‌م هێز بوایه‌ ئێستا گه‌وره‌ترین شكستی تۆماركردایه‌ له‌هه‌ڵبژاردن، ئه‌ی بۆ وا ده‌رنه‌چوو؟! له‌كوێی دنیا گونجاوه‌ نیوه‌ی خاكی كوردستان به‌هه‌ده‌ر بدرێت، كه‌چی له‌هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتوو بیت! به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باجی سیاسی-دا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان راست بوو كردویه‌تی له‌ پێشتر بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ پاشه‌كشێی كرد، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایی بوایه‌ ده‌بوو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ زۆرترین ده‌نگی بهێنایه‌. ئه‌وكاته‌ی كه‌ ریفراندۆم-یش كرا، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ نه‌یوێرا بڵێت نه‌خێر، هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا بوو بۆ نه‌یتوانی بلێت نه‌خێر، هه‌مان ئه‌و ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌یه‌ كه‌ ئێستا تێیكه‌وتووه‌، چوونه‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ی خراپه‌، ئۆپۆزسیۆن بونیشی ده‌دره‌، كه‌واته‌ له‌نێوان به‌رداشی دوو بڕیاردا بزووتنه‌وه‌كه‌ بێهێز و رۆحێكی لاوازه‌. چوونی ئه‌مجاره‌شی بۆ ناو حكومه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك وانه‌یه‌ك بۆ سوودوه‌رگرتن له‌رابردوو سه‌یربكرێت، ئه‌وا وانه‌یه‌كی بێكه‌ڵكه‌ و ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بوونیشی وه‌ك پێویستی ئێستا سه‌یربكرێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنبوونی 2014 ی زۆر پێویست تر بوو.


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دابه‌شبوونێكی سیاسی هه‌یه‌ كه‌ تا ئه‌و دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌ نه‌شكێت هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن سه‌ركه‌وتوو نابێت، كه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ی بادینان و سۆران-ه‌، ئه‌م دابه‌شكارییه‌ زیانی كوشنده‌ی له‌ پرۆسه‌ی گۆڕانكاری له‌كوردستان داوه‌، پشێوییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی بۆ ناوچه‌ی سلێمانی دروستكردووه‌، كه‌ ته‌نیا خه‌ڵكه‌كه‌ی زیانی پێگه‌یشتووه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م پشێوییه‌ سیاسییه‌ هێوربێته‌وه‌ ئه‌بێت گۆڕان كه‌مێك پشوو بدات. بۆ ئه‌وه‌ش گۆڕان ئه‌بێت بچێته‌ ئه‌و حكومه‌ته‌وه‌ كه‌من هێنده‌ پێم خراپه‌، هێنده‌ی چوونه‌ ناو حكومه‌تی ساڵی 2014 ، به‌ڵام هیچ رێگه‌یه‌كی تری له‌به‌رده‌م ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ نییه‌. باشه‌ ئێستا گۆڕان ئۆپۆزسیۆن نابێت، ئه‌وه‌ نه‌وه‌ی نوێ و یه‌كگرتوو به‌ڕه‌سمی ئۆپۆزسیۆنن، بۆچی ئه‌و هه‌موو روداوه‌ سیاسییه‌ رویانداوه‌ له‌شه‌ش مانگی رابردوو ئه‌م دوو هێزه‌ 100 كه‌سیان پێ نه‌هێنراوه‌ته‌ سه‌رشه‌قام، ئه‌ی ئیشی ئۆپۆزسیۆن چییه‌، هه‌ر قسه‌كردن بێت له‌ناو میدیاوه‌ ئه‌وا پێشتر میدیای ئه‌هلی ئه‌م ئه‌ركه‌ی كردووه‌ و حزبی سیاسی-مان ناوێت، له‌ماوه‌ی رابردوودا باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی داخران، به‌ ده‌یان گه‌نج له‌دهۆك له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی شیلادزێ ده‌ستگیركراون كه‌ به‌شێكیان رونه‌ لایه‌نگری كێن، بۆ خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌تییه‌كی سیاسی ئه‌م هێزانه‌مان نه‌بینی، بۆ رێگرییه‌ك ناكرێت، كه‌واته‌ من وایده‌بینم سه‌ركردایه‌تی ئێستای گۆڕان باش ده‌زانن كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ خراپه‌، به‌ڵام هیچ ده‌رچه‌یه‌كیان بۆ دۆخی كوردستان پێ نییه‌ وه‌ك هه‌موو هێزه‌كانی تر كه‌ ئێستا بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن، ته‌نانه‌ت من بڕوایه‌كی ته‌واوم لادروستبووه‌ ئه‌وكاته‌ی كاكه‌ نه‌وه‌ كوردستانی جێهێشت، جگه‌ له‌كاریگه‌ری نه‌خۆشی، هیچ چاره‌سه‌رێكی پێنه‌مابوو بۆ دۆخی كوردستان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دواده‌خست.


ره‌نگه‌ ئه‌م خاڵه‌یان كه‌مێك دوور بێت له‌ باسه‌كه‌ی كاك رێبین-ه‌وه‌ به‌ڵام به‌باشمزانی باسی بكه‌م، ئه‌گه‌ر باس له‌وه‌ش یكرێت گۆڕان ده‌بوو له‌بری رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێ بكردایه‌، ئه‌مه‌ رێك ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕووی یه‌كێتی ده‌بێته‌وه‌، بۆچی رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان جێبه‌جێ نه‌كرد. یه‌كێتی له‌دوای 2009 ه‌وه‌ خۆی به‌زامداری ده‌ستی گۆڕان ده‌زانێت، بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ له‌ هیچ هه‌نگاوێك تا سه‌ر له‌گه‌ڵی بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-یش خۆی به‌زامداری ده‌ستی نه‌وه‌ی نوێ ده‌زانێت بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ له‌گه‌ڵی دانیشێت، من ئێستاش و ئه‌وساش دژی دروستبوونی نه‌وه‌ی نوێ بووم له‌به‌رئه‌وه‌ی زیادبوونی ژماره‌ی حزب له‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ زیانی ژیانی سیاسی كۆتایی هاتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی ده‌یبینین، هه‌ریه‌كه‌یان گروپێكی لاواز كه‌ جگه‌ له‌ قسه‌ی میدیایی ناتوانن هه‌نگاوێك بنێن و ژیانی سیاسی بگۆڕن، كه‌ كاك رێبین ده‌زانێت خه‌ڵك گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ی چێژوه‌رگرتن له‌م قسانه‌ و ئیتر توانای گوێگرتنی نییه‌.


كاك رێبین له‌بڕگه‌یه‌كدا وایده‌ربڕیوه‌ كه‌ رێكه‌وتنه‌ی نێوان گۆڕان و پارتی درۆزنانه‌یه‌ و هیچ پابه‌ندبوونێكی تێدا نییه‌، ئه‌گه‌ر راستت بوێت، له‌ 1992ه‌وه‌ هه‌ر رێكه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان لایه‌نه‌كان كرابێت درۆزنانه‌ بووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ و پابه‌ندبوون به‌رێكه‌وتنه‌كانی پێشوو بوایه‌، ئێستا نێوانی حزبه‌كان پڕ له‌ئاشتی ده‌بوو و كۆمه‌ڵگه‌ش له‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانی ده‌بوو، كاك رێبین خۆشی ده‌زانێت، رێكه‌وتنه‌كان زۆركه‌میان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی-ن، یاخود له‌نیوه‌ی رێگه‌ تێكیان شكاندووه‌، یاخود پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌، نمونه‌ش زۆره‌، خۆشی ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی ده‌یان جار تاقیكراونه‌ته‌وه‌. كه‌واته‌ من وایده‌بینم، سه‌ركردایه‌تی ئێستای گۆڕان باش ده‌زانێت كه‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی هیچ گره‌نتییه‌كی نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌ جگه‌ له‌گومان لێی، ئه‌گه‌ر 30%ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ش جێبه‌جێكرێت پێیان باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی به‌ ئۆپۆزسیۆن بوونێكه‌وه‌ دانیشن كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ دوو ساڵی رابردوو یان چوار ساڵی یه‌كه‌می كاری سیاسی-یان باشتر نابێت، چونكه‌ ده‌زانن هیچ ده‌رچه‌یه‌كی تریان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌.


كۆتا قسه‌م بۆ ئه‌م وتاره‌ پێ نییه‌، چونكه‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چوونه‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی نیم، به‌ڵام هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكیشم پێ نییه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چی بكردایه‌ هه‌روه‌ك كاك رێبین كه‌ هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی پێ نییه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون چه‌كێكی هێنده‌ لاواز و تاقیكراوه‌یه‌ كه‌ به‌قازانجی گشتی نه‌هاتۆته‌وه‌ له‌ پێشتردا تا ئه‌مجاره‌ش په‌نای بۆ ببرێته‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×