پرۆفسۆری یاریدەدر، زانکۆی لۆریە، واترلو /کەنەدا
سەرۆکی ڕابردووی ئەمەریکاو کاندیدی ئیستای دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆنالد ترامپ، بەشێوەکارە جیاوازەکانی لەسیاسەت ناسراوە. بۆ نمونە ئەو بەشێوەباو نەریتی زمانی سیاسی قسە ناکات، ناووناتۆرە بۆ رکابەرەکانی دروست دەکات، بەقەدو باڵاو توانایی خۆی هەڵدەدات، زیادەرۆیی دەکات لەوەسفکردنی دیاردە کۆمەلایەتیەکان، تاد. وەنەبێت لایەنی بەرامبەریش ئەم کارانە نەکەن، بەڵام بەم زەقیەی ترامپ نایکەن، دیموکراتەکان بەزمانێکی سیاسی کەمپینی هەلبژاردنەکانیان بەرێوەدەبەن. شێوەکارو رەفتاری ترامپ کۆمەڵگای ئەمریکای بۆ دوو ئۆردوگا دابەشکردوە. ئەمە بۆ وڵاتێکی گەورەی وەك ئەمەریکا كێشەیەکی گەورە نییەو گوزەر دەکات. بەڵام لاسایی کردنەوەی ترامپ لەکوردستان بێ زیان نابێت.
لەئێستادا ئەوەی دەبینرێت بافڵ تالەبانی هاوشێوەی ترامپ هەڵمەتی هەلبژاردن لەکوردستان بەڕێوە دەبات. بافڵ هاوشیوەی ترامپ ناوناتۆرە بۆ رکابەرکانی دروست دکات، بۆ نموونە بەخەلك دەڵێ حوشترو بەغبەبەغەدار، بەخۆیدا هەلدەدات کە دەڵێ من شەش پاکم، زیادڕەویش دەکات کە دەڵێ حکومی پارتی دەڕوخێننین، تاد.
ئەم جۆرە لەکەمپین کە زمانی زبری تێدا بەکاردێت لای بەشیك لەجەماوەر خۆشەویستە. بەتایبەتی لەکۆمەڵگای کوردستان کە کێشەی زۆری هەیەو چارەکردنی کێشەش لەڕێگای توندوتیژی دیاردەیەکی نامۆ نییە. ئەو بۆ هەرشوێنك بڕوات ئاپورەی جەماوەر دەوری دەدەن. یەکێتی ڕەنگە لەم ڕیگایەوە چەند کورسیەك لەپەرلەمان زیاد بکات. بەڵام لەدرێژماوەدا ئەم جۆرە لەکاری سیاسی زەرەری گەورە دەگەێنێت بەیەکێتیو کوردستانیش.
گرنگە هەندێ لەم زیانانە روون بکرێتەوە:
١. لەئێستادا شتێك نەماوە بەناوی یەکێتی، ئەوەی هەیە بافڵە. بافڵ یانی یەکێتیو یەکتیش یانی بافڵ. ئەمە بۆ یەکیتیەکان کاریکی زۆر خراپە. هەموان دەزانن کاتێك چارەنوسی حیزبێك بەکەسێك دەبسترێتەوە داهاتوی ئەم حیزبە چۆن دەبێت.
٢. لەئێستادا کەس نازانێ یەکێتی بوون یانی چی جگە لەدژایەتی پارتی. ئەمەش بۆ ژیانی سیاسیو پرۆسەی دیموکراتزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان خراپە. لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی یەكێتی جگە لەهاتوهاوار شتێكی زیاتر نابیسترێت. بۆ نموونە چۆن فرسەتی کارکردن زیاد دەکەن؟ چۆن موچەی ماناگانە دابین دەکەن؟ چۆن پیشەسازی لەوڵات پێشدەخەن؟ چۆن شارەکانی کوردستان بەیەکەوە دەبەستنەوە؟ کوا وەردکاری ئەم پلانانە؟ سەرچاوەی پارەکەی لەکوێیە؟، تاد.
٣. لەداهاتودا کاری پەرلەمانو پێکهێنانی حکومەت زۆر زەحمەت دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ناجێگیری سیاسی کە خراپترین کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانو گەشەکردنی کوردستان هەیە.
٤. شێوەکاری بافڵ زیان بەکوردستانیش دەگەیەنێت. دابەشکردنی کوردستان بۆ دوو ئۆردوگا قوڵتر دەکات. لەکاتێکدا ناوچەکە چاوەڕوانی گۆڕانی گەورەیە، دابەشبوونی زیاتری هەرێمی کوردستان بۆ دوو ئۆردوگا، زیانی نیشتمانی قوڵی هەیە. پێویستە لەبیرنەکرێ لەنێوان میللەتانی ناوچەکە، تەنها سیاسەکانی کورد لەسەد سالی ڕابردوو شکستیان هێناوە لەوەی بەرژەوەندی نەتەوایەتیو نیشتمانی بخەنە سەروی هەمو بەرژوەندیەکی تر. ئەم هەڵمەتی بافڵە قلشتی نێوان حیزبە سیاسیەکانی کوردستان قوڵتر دەکات، بەم کارەش بەرژەوەندیە نیشتمانیو نەتەوەیەکانی هەنگاوێك دەچنە دواوە.
میژووی پەنجای ساڵی ڕابردووی کوردستانی عێراق، مێژووی کێشمەکێشی نێوان پارتیو یەکێتیە. قوربانی زۆرو جیاوازی کەمی لێکەوتەوە. ئومێدەکەم ئەم کێشەمەکێشە بگۆرێت بۆ دیبەتی سەردەمیانە. لەم هەڵبژاردنە پێویستە دەنگەدەر دەنگ بەحیزبێك بدات بۆ هەر بەڵێنێك دەیدات روونی بکاتەوە "چۆن" جێبەجێیدەکات.