لە نێوەندی کوردی قسەوباس دەکرێت سەبارەت بە سیاسەتی یان هەلوێستی دژە ئوردوگانی لە باکوری کوردستان. ئەم هەلوێستە گرنگە بۆ داهاتوی کورد لە هەمو پارچەکان، هەر بۆیە لێرەدا وەستەیەك لە ئاستی ئەم سیاسەتە دەکەین. هەوڵ دەدەین چوارخاڵ باسبکەین کە ڕەنگە تاکو ئێستا ئەم خاڵانە باسنەکرابێ یان بەروونی باسنەکرابێ.
یەکەم. ئوردوگان و ئەوروپا.
تورکیا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو بچیتە ناو یەکێتی ئەوروپا. بۆ ئەمەش تورکیا بەردەوام ڕیفۆرمی دەکرد لە یاساکان و ژێرخان و سەرخانی کۆمەلگا بە ئاراستەی بە ئەوروپایی بوون. کورد لە باکور پشتیوانی بەئەندامبونی تورکیا بوون لە یەکێتی ئەوروپا چونکی ئەمە بەقازانجی کێشەی کورد بوو.
ئوردوگان ئاراستەی بە ئەوروپا بوونی تورکیا و بوون بەئەندام لەیەکێتی ئەوروپای بەتەواوی هەلوەشاندەوە. لە ئیستاشدا کە دونیای بەرەو زیاتر لە جەمسەرێك دەروات، ئوردوگان ئەگەر لە دەسەڵات بمێنێت ئاراستەی بوون بەئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ یەکجاری لە گۆڕ دەنێت.
بەسەرکەوتنی ئۆغلۆ، ڕەنگە ئەم ئاراستە دژە ئەوروپی بوونە پێچەوانە بێتەوە. ئەمەش لە بەرژەوەندی کورد دایە.
دووەم. ئۆردوگان و ولاتانی هاوسێ
ئاکاپارتی و ئوردوگان لەسەرەتای بەکاربوونیان پلانی سفر کێشەیان هەبوو لەگەل وولاتانی دراوسێ. واتە، بەتەما بوون کێشەکانی تورکیا لەگەل هەموو ولاتانی دراوسێ بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن. کەچی حکومەتی ئاکپارتی ئەم کێشانەی نەك هەر چارەسەر نەکرد، بەلکۆ کێشەکانی تورکیا لە گەل دراوسێکان زیادی کردوە. تورکیا لە ئێستادا جگە لە سوریا ، عیراق ، ئێران ، لیبیا، تاد کیشەی هەیە، هەول دەدات دەست لە ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینیش وەردات.
بەسەرکەوتنی ئۆغلۆ و هاوپەیمانەکەی دەکری ئەم ئاراستەیە پێچەوانە بکریتەوە. ئەمش لە بەرژەوندی کورد دایە.
سێیەم. ئەم هەلبژاردنە دەکرێ خالی وەرچەرخان بێت لە کێشەی کورد لە تورکیا
لە سەرکەوتنی ئۆغلۆدا هەموان، بەتایبەتی هاوپەیمانانی ئۆغلۆ، دەزانن ئەم سەرکەوتنە بێ پشتیوانی کورد مەیسەر نەدەبوو. ئەم سەرکەوتنە لە ئەنجامی قوربانی کورد و پشتیوانی کورده لە ئۆغلۆ. ئەمە مانای ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی تورکیا حکومەتی بەپشتیوانی کورد پێك دێت. ئەمەش خاڵی وەرچەرخانە سەبارەت بە کێشەی کورد لە باکورد. کاریگەی ئەم سەرکەوتنە بۆ داهاتوش، هەتا ئەو کاتەی سیسستەمی سیاسی تورکیا بەو شیوەی ئێستا بێت، ئەوەیە کە هیچ بریارێكی سیاسی لە تورکیا نادرێت پێش ئەوەی حیساب بۆ دەنگی دەنگدەری کورد بکرێت. لە داهاتودا هیچ حیزبێك لە تورکیا حکومرانی ناکات بێ پشتیوانی دەنگدەری کورد.
قورسایی دەنگدەری کورد لە ژیانی سیاسی تورکیا ، بۆنموونە، هاوشێوەی قورسایی و گرنگی پشتیوانی کەنیسا لە کۆماریەکان و پشتوانی سەندێکاکان لە دیموکراتەکانی ئەمریکا بەرزدەبێتەوە دەردەکەوێت. بۆیە سەرکەوتنی ئۆغلۆ بەپشتیوانی کورد خالی وەرچەرخان دەبێت لە قورسایی دەنگەدەری کورد و هاپەیمانەکانی.
چوارەم. چارەی کێشەی کورد لای ئۆردوگان نییە.
ئوردوگان و حیزبەکەی هیچ پرنسیپێکیان نییە، ئەوان ئۆپۆرتونیستن واتە هەلپەرستن و وێلن بەدوای دەسەلات. ئوردوگان و ئاك پارتی ئامادەن لەگەل شەیتانیش هاوپەیمانی بکەن بەس بۆ ئەوەی لە دەسەلات بن. ئەوان تەنانەت ئیسلامیش نیین، چونکی لە ئیسلامیشدا ڕێورەسمێك هەیە بۆ چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەل شعوب و عەجـەمی. هەر بۆیە چارەی کێشەی کورد لای هەلپەرستەکان نییە.
هەر ریکخراوێك یان هاوپەیمانیەکی کوردی کە خاوەن پرنسیپ و دونیابینی بێت بۆ کۆتایی هێنان بەژێردەستەیی و پلەی دوویی کورد لە تورکیا و پێشخستنی هەمو تورکیا ناتوانێ جگە لە دژایەتی ئوردوگان هیچ هەلوێستێکی تری هەبێت. ئەمە جگەلەوەی هێزی کوردی تەنیا لە رێگای دژایەتی ئۆردوگان دەتوانی وەڵامی ئەم هەمو دەستدرێژیە بداتەوە کە کراوەتە سەر ئەندام، لاینەگر و سەرکردایەتی کوردی لە تورکیا .
لەبەر ئەم هۆیانەی باسمانکرد و هیتریش، ئاراستی سیاسەتی کورد لە تورکیا کۆتاییهێنانە بە ئۆردوگان، خۆزگە ئەمەش دەبیتە سیاسەتی هەمو کورد.