چۆن پێگەی فەرمی لە واژووکردن بە قەڵمێکی سەوزدا کورتدەبێتەوە

نەوزاد جەمال
  2026-10-16   

رەنگە پێگە-ستاتۆس- پێشئەوەی پێدراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێت، واتایەکی میتافیزیکی هەبێت. ئەوانەی خۆیان لە هاوکێشەی هێز و تەون و سروشتی دەسەڵاتدا دەبینینەوە، دیوێکیتر پێگە ئەبینن.

دیاردەیەک کە جێی سەرنجە کورتکردنەوەی پلەوپایەکانی ناو دەزگا و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمە لە کورسی، ژوورێک، قەڵەمیک و دەرماڵە و هەندێک رۆتینی رۆژانەدا. واتە، کەسێک لە پێگەکەیەکدا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە(رێنمایی سنووری وەزیفی) لە راییکردنی ئەمری واقیعی رۆژانەدا چڕدەکاتەوە. بەوەش هێندەیتر دەسەڵات دەبێت بە شتێکی شکڵی.

یەکەم کەسێکیش کە هەست بە بێدەسەڵاتی خۆی بکات، هەر خاوەن پێگەکان خۆیانن. هەستێک کە تەنها لە سنوورداری دەسەڵاتەکانییانەوە نایەت. بەڵکو ئەنجامی ئەقڵیەتی خۆبێدەسەڵاتکردنە. لە قەناعەتێکەوە دەستپێدەکات کە هەموو پێگەدارێک خۆی بە بێهێز و بیدەسەڵات دەبینێت.

لەبەرئەوە، پتر چاوی لەسەر دیووی پشتەوەی دەسەڵاتە فەرمییەکەیەتی(نێوبانگ-پریستیژ- و بەرژەوەندییە مادیی و نامادییەکان). هەروەها هەستی بێدەسەڵاتی پاڵنەرێکە پێگەدارێک هەڵپەی چوونەنێو تۆڕی پەیوەندیی دەسەڵاتەوە بدات. چونکە باوەڕی وایە چەند لە تەونی دەسەڵات نزیکبێتەوە، پێویستە خۆی بە بەرپرسێکی سەرترەوە گرێبداتەوە.

پارادۆکسی پۆست و پایەش لەمەدایە؛ هیچ پەرەسەندن و پێشکەوتن لە پێگەکانی دەسەڵاتدا روونادات، تەنانەت ئەگەر یەکێک لە بەڕێوەبەرێکی گشتیەوە بکرێت بە وەزیریش. چونکە، پێگە قاوغێکە، کەسەکانیش دەستکێشێکی پەنجەکانی دەسەڵاتی سەرووترن.

 ئیتر ئەو توێژەی جومگە و پێگەکانیان لە دەستدایە هەمیشە دەسەڵات لە مانەوەی خۆیاندا وەک 'کەس'ێک کورتدەکەنەوە. ئەمە ئافەتێکی دامەزراوە و دەزگاکانی حکومەتە.

رەنگە پێکنەهێنانی حکومەت هەر بۆ ململانێ و ناکۆکی دووحزب لەسەر پۆستوپێگە نەگەڕێتەوە، بەڵکو مەیلێکی مەترسیدار کە رۆچووتە مۆخی ئیدارەی هەرێمەوە بریتییە لەوەی؛ مانەوە لە پێگەیەکدا، گەرەنتی بەردەوامی بەرژوەندی کەسییە.

 ئیتر هێشتنەوەی دۆخەکە(ستاتۆس-کۆ) دەبێت بە چەقی دەسەڵات و پێگەکانی. بەڵام ئەوانەی بە پۆست و پێگەکان توانیان شتێک بکەن، تەنها باشترکردنی ژیانی خۆیان بوو. ئیتر گۆڕینی دۆخەکە پێچەوانەی خواستەکانیانە.

 جگەلە سوودی سیاسی- نزیکبوونەوە لە ئەڵقەکانی تری دەسەڵات، پێگە داهاتی ئابووری و رەمزیشی هەیە. دەرفەتێکە پلەدارێک بچێتە نێو 'تۆڕی تەکنۆکراتی دەسەڵات'ەوە. لەوێشەوە دەرفەتی خۆبەرهەمهێنانەوە و مانەوەی مسۆگەربکات.

بۆیە، پۆستەکان ئەوەندەی سەر بە"جیهانی سەرەوە"ن، هێندە پلەیەکی کارگێڕی نیین. سیحری ئەو جیهانە وایکرد کە توێژەکانیتریش(مامۆستا، نووسەر و رناکبیر، رۆژنامەنووس و بکەرە خێڵەکی و نەریتییەکان هتد.) هەڵپەی نزیکبوونەوە بکەن.

کەسێک لە پێگەیەکدا بە قەڵەمێکی سەوز و بڕێک دەرماڵە و ئیمتیازی پێگەکەی(ئوتۆمبێل، سەفەر)یەوە، پتر ئامادەیی درووستکردنی رایەڵی لەگەڵ بکەرەکانی تۆڕەگەورەکەدا هەیە.

هەمیشە، لەچاوی پێگە و بەرژوەندییەوە سەیری ئەو کێشە و پرسانەی رۆژانە بەرەوڕووی دەبێتەوە نەک لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و رەوشتی و نیشتمانی و پرۆفێشۆناڵییەوە. ئیتر بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی بخاتە خزمەت کورسیەکەی، هەرگیز کورسی و مێزەکەی ناخاتە خزمەت چاکەی گشتی.

چونکە، پێیوایە ئەوەی پێی سپێردراوە، دیاریی و پێزانینە، بەراتە نەک ئەرک و بەرپرسیارێتی. لەبەرئەوەی زۆر ئاسانە هەموو شتێک بخاتە خزمەتی کورسیەکەی. هەرچی دەسەڵاتە فەرمییە رێپدراوەکەشە لە پێناو لەسەر کورسی مانەوەدا بەکاردێنێت.

لەبەرئەوە، راگرتنی هاوسەنگی بەرژەوندیی لەگەڵ هاوتۆڕەکانی نەک هەر گرەنتی مانەوەیە لە پۆستێکدا، بەڵکو ئەرکی نافەرمی تەریب بە پێناسە فەرمییەکەی دەڕووات. ئەمەش ئەو هاوپەیمانییەتە پیرۆز و نەووتراوەیە کە لە نێوان پۆستدارەکاندا هەیە!

سەیرنەبێت ئەگەر پێگەدارێک کە سەرەڕای دەسەڵاتە فەرمییەکەی، لە ترسی لە دەستچوونی پۆستەکەی بەکارنەهێنێت. وەک دەسەڵاتی لێپیچینەوە، سزا و هتد. سڕدەکات نەک لەبەرئەوەی پێی ناهەقییە، بەڵکو لەترسی لێکەوتەکانی. ئیتیر هەر خۆی بەکارهێنانی دەسەڵاتە قانونییەکە، بە هەڕەشە لەسەر پێگەکەی دەزانێت.

کەواتە، ئەو توانایەی کە دەبێت بەکاریبهێنێت تەنها بۆ قۆستنەوەی بەرژەوەندییەکانە. لەبەرئەوە خاوەن پێگەکان بێدەسەڵات و بێهێزن. چونکە، خۆیان دەسەڵاتە فەرمیی پۆستەکانیان سڕدەکەن. لەوە گەڕێ کە بە شایستەیی و ماندووبوون پێینەگەیشتوون، ئیتر دەسەڵاتی پێگەکەش وەک پێویست بەکارناهێنێنن.

ئیتر، هەموو هەوڵی بریتی دەبێت لەوەی چۆن دەسەڵات و هێزی فەرمیەکەی لە کۆمەڵە پەیوەندییەکی بەرژەوەندسازدا کورتبکاتەوە و لەوێدا وەک بوونەوەرێکی بێدەسەڵات رەفتار بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت دا
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×