چین..ڤایرۆس‌و سیاسەت..

هەندرێن شێخ راغب
  2020-01-31     1043
من دكتۆر نیم، شارەزای زانستی پزیشكی نیم‌و مافی ئەوەم نیە قسە لەسەر ڤایرۆس‌و نەخۆشیەكی دیاریكراو بكەم. بەڵام دیوە بە سیاسی بوونەكانی ئەم بابەتە دەشێ رای لەسەر بدەین. چینی ئێستا بەرهەمی سەركەوتنی شۆڕشێكی چەپە، یەكێك لە سەمبولەكانی ئەم شۆڕشە (ماوتسی تۆنگ)ە، ئەم سەركردەیە كاریگەری لەسەر فكری بەشێك لە سیاسیە كوردیەكانیش داناوە. كاتێك دامودەزگای دەوڵەتیان وە چنگ كەوت، دنیا زۆر بە بایەخەوە لە قوڵاییەكانی نەدەڕوانی. دواتر دوو شۆڕش لە ناو چین راگەیەندرا، یەكەمیان شۆڕشی رۆشنبیری، دووەمیان شۆڕشی كشتوكاڵ. 

لەسەر ئەم دوو شۆڕشە ماوتسی تۆنگ‌و هاوڕێكانی خەڵكیان كوشتوە. واتە بەزۆر بووە. قبوڵكردنی ئەم دوو شۆڕشە ئیجباری بوو. دەسەڵات دەیگوت دەبێت هەموو هاوڵاتیانی چین بەشداری ئەم دوو شۆڕشە بكەن، رۆشنبیری‌و كشتوكاڵی.


بەرهەمەكەی دیارە كە ئێستا دەركەوت چین ئەژدیهای ئابوری جیهانەو تەختی دنیای سەرمایەداری خستۆتە لەرزەو كۆنتڕۆڵ ناكرێت. خاكی زۆرە، ئەگەر ملیارێكی دیكەش زیاد بكات لەخۆی دەگرێت. دنیا سێ بەش بێت بەشێكی خەڵكی چینە، یەك حزب حاكمە، حزبی شیوعیە. دەوڵەت چەپە. ئەمەش زۆر دژی رەهەندەكانی ئەمریكا‌و ئەوروپا‌و دنیای سەرمایەدارییە. ئەمریكا‌و ئەوروپای رۆژئاوا سەركەوتن لە روخانی یەكێتی سۆڤیەت. لە پاشەكشەی گەورەی فكری ئیسلامی لەناوچەكە. باڵە چەكداریەكەی ئیسلامی سیاسیان لەناوبرد. ئێستا یەك كۆسپیان لەبەردەم ماوە كە وڵاتی چینە. چین بە ئابوریەكی مەزن كە باكگراوندی دوو شۆڕشی لەپشتە، شۆڕشی رۆشنبیری‌و كشتوكاڵی. ئاسان نیە دەستەمۆ بێت. 

ئێستا دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، میدیای درۆزنی ئەمریكی‌و ئەوروپای رۆژئاوا، كەوتونەتە گیانی هاوڵاتیانی جیهان‌و دەیانەوێت چین وێران بكەن، وە بڕێكی زۆریش سەركەوتن، بەهەزاران گەشت‌و كۆمپانیا‌و كاری بازرگانیان لەچین پەك خست. دەیانەوێت جەنگی كۆرۆنا، وەك جەنگی ئابوری‌و سیاسی بەرامبەر چین بەكاربهێنن. لەكاتێكدا دەبێت بەمەترسی تەندروستی‌و پزیشكی‌و چارەسەری ئەم ڤایرۆسە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. لەئێستادا لەم جەنگە دەرونی‌و ڤایرۆسیە بەرامبەر چین سەردەكەون، بەڵام چین لەداهاتوو ناكەوێت‌و هەڵدەستێتەوە. 

تەنانەت گرفتی ئەمریكا لەگەڵ ئێران هەر ئەوەیە، ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران، چەپەكانن، ئەمریكا دەترسێت ئەگەر كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن، رژێمێكی مەیل چەپگەرا بێتە حوكم‌و ئەوكاتە ئێران ببێتە چینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش خزمەت بە ستراتیژی سەرمایەداری‌و بازاڕی ئازادی رۆژئاوایی ناكات. 

دنیای سەرمایەداری ناكۆكە بە ئایدۆلۆژیا‌و دین‌و مەزهەب، چونكە ئەمانە خزمەتی بازاڕو بازرگانی ئازادی ئەو ناكەن، جگە لە حالەتێك نەبێت كە بیانكاتە كەرەستەی بازرگانی‌و قازانج.. ئێستاش ئیسلام‌و چەپ دوو فكرن وەك یەك رووبەرووی دنیای سەرمایەداری‌و رۆژئاوا دەبنەوە  بەسەركردایەتی ئەمریكا. ئەم دوو فكرە لەجیاتی ئەوەی پێكەوە كاربكەن، میدیا‌و سیاسەت‌و پلانەكانی ئەمریكا‌و رۆژئاوا وایكردووە كە دژی یەكتربن‌و ئاگایان لە مونافیسە سەرەكیەكەی خۆیان نەبێت. 

بەهەرحاڵ، وڵاتی چین ئاسان ناكەوێت‌و جڵەوكردنی زەحمەتە، چونكە ئایدیای چەپ بۆتە ئایدیای بازاڕو فەرهەنگ‌و كاری دامەزراوەكان‌و هاوڵاتیان. وەك چۆن چینیەكان دەڵێن رۆژێك دێت كارێك دەكەین زمانی چینی ببێتە زمانی یەكەمی جیهان. 

هەرێمی كوردستان بازرگانیەكی زۆر لەگەڵ وڵاتی چین دەكات، بازاڕی ئێمە كاڵای زۆری چینی تێدایە. دەبێت هێمن تربین‌و ئاگامان لە بەرژەوەندی بازرگانی‌و بازاڕ‌و كارمان بێت. بەتایبەت لە ئاستی گوتار لە ئێستادا.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×