توركیا بەدۆخێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، سیاسەت بە دەست جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنە، دەوڵەت بەدەست ئەكەپەی دەسەڵاتدارەوەیە، شەقامیش لەدەستی ئۆپۆزسیۆن. شارەوانی ئەستەمبوڵو ئەنكەرە لەدەستی جەهەپەی عەلمانی ئۆپۆزسیۆنە، دەوڵەتیش وەك دامەزراوەی دەسەڵاتداریەتی لەدەستی ئەكەپەی ئیسلامییە، هێزەكان لەتوركیا زۆر لەیەك نزیكن، هاوتەریب دەڕۆن. بۆیە هەرێمی كوردستان دەبێت بزانێت هەڵبژاردنەكانی داهاتوی توركیا حوكمی توركیا دەگۆڕن، ئایا ئێمە مامەڵە لەگەڵ كێ بكەین؟ بە بۆچونی من گرنگە مامەڵە لەگەڵ توركیا بكەین بەهەموو هێزەكانیەوە، بەڵام لەئێستادا نزیك بوونەوە لە ئەردۆغانی دەسەڵاتدار بە زیانی كوردە. دۆستایەتی ئەو لەگەڵ كورد گەیشتە خاڵی كۆتایی!.
عێراق دوو بەشە، بەشی یەكەمی لەدەستی شیعەكانو هێزە سیاسیەكانە، بەشی دووەمی لەدەستی خەڵكە، ئێستا رونو رەوان خەڵكو دەسەڵاتدار لەیەكتر جیابونەتەوە. هیچ پەیوەندیەكیان نەماوە. لەنێوان دوو ئاراستەی جیاوازی ناو عێراق كورد چۆن هەنگاو دەنێت؟ عێراق بەم جۆرە نامێنێتەوە، گۆڕانكاری روو دەدات، ئێمە دەبێت خۆمان بە وردی ئامادە بكەین، شەقامی عێراقی بەهێزبووە، خواستەكانی دەچنە ناو پاكێجی دەسەڵاتو دامەزراوەكان،ماڵی شیعەكان پەرتەوازە بووەو ئێستا شەڕی ناوخۆ دەكەن..لەیەكتر دەكوژن. كوردو شیعە بابەتێكی زۆر گرنگە دەبێت خوێندنەوەی تازەی بۆ بكەین، دوای داگیركردنەوەی ناوچە دابڕێندراوەكانو شەڕی ئابوری لەگەڵ هەرێم، ئیدی كورد نابێت زۆر دڵی بە شیعە خۆش بێت، زۆر دژی كوردن.
بۆیە بۆ هەرێم گرنگە هێزە سیاسیەكانی شیعە لاواز بن. شەقام بەهێز بێت. بەڵام سەركەوتنی شەقامی عێراقیش زیانی گەورەی بۆ كورد هەیە وەك هەمواركردنەوەی دەستور. كورد دەبێت دوو شەڕ بكات، یەكەم بودجەو موچە، دووەم كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان. ئەگەر كورد وەكو ساڵی 2003 خەریكی دروستكردنەوەی عێراقی نوێ بێتو شانی بداتە بەر، غەشیمە.
ئێران فشاری جددی لەسەرە، هەرێمی كوردستان دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بكات، وەزعی ئێران لەعێراق باش نیە، ئابوری باش نیە، ناوخۆی زۆر پتەو نیە، دەكرێت وەرەقەی كوردی لەگەڵ ئێران رێك بخرێتەوە، بەتایبەت لە سەودای ئابوریو وزەو گەمارۆكان. ئەگەر ئێران كۆمەكی كورد بكات لە هەندێ گۆڕانكاری ناوچە دابڕێندراوەكان، ئەوا دەشێ كورد لە بەغداد هەندێك دەست باڵی ئێران بگرێت. ئەگەریش ئێران نەهاتە پێشەوە، دەبێت خۆی لێ بپارێزی، چونكە ئێران دەتوانێت پەرژینی هەرێمەكەت ببڕێتو هێزی ئەوەشی هەیە! ناشێ ئێران نادیدە بگیرێت، بەڵام دەكرێت بۆ رێكخستنەوەی وەرەقەكانی لەناو عێراق، كورد سەودای خۆی هەبێت.
كورد لەسوریا سەركەوت، لەروی سیاسیو سەربازیو دبلۆماسی، بەڵام خاكی لەدەستدا، گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای كوردستان زۆر مەترسیدارەو جێگای قبوڵ كردن نیە، بۆیە دەبێت بەهەموو كورد روبەروی ئەم سیاسەتە ببینەوە. كورد خاوەنی ناوبانگی گەورەیە لەسوریا، بەڵام خاوەنی دان پێدانانی فەرمی نیە، خاوەنی كیانێكی ئارام نیە، مەترسی لەسەر كورد هەیە، دیمەشق وەك رێوی سیاسەت لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان دەكات. توركیا دەیەوێت قوتی بدات، ئەمریكاو روسیا لەشەرمی ڕوان ماونەتەوەو لەرۆژئاوان. مەترسی داعشیش وایكردووە حەزەرێك بكەن. هەرێمی كوردستان وەك قوڵایی ستراتیژی دەبێت سەیری رۆژئاوای كوردستان بكات، ئەگەر ئەوێ نەمێنێت نۆبەی هەرێمیش دێت. گرنگە هەرێمی كوردستان تەنها یەك شت بكات بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەویش هەموو كەناڵەكانی خۆی بخاتە كار بۆ ئەوەی لە دەستوری داهاتووی سوریا كیانێك ، ناوێك، شوێنێك، بۆ رۆژئاوای كوردستان هەبێت، ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە، بەو مانایەی هەرێمی كوردستان پێگەی خۆی لەم بابەتە لە رۆژئاوای كوردستان بەكاربهێنێت.
هەرێمی كوردستان لەناوخۆی خۆی چی دەكات؟ خەڵك چاوەڕێی زۆری خزمەتگوزاری هەیە، چاوەڕێی چاككردنی دۆخی ژیانو بازاڕی هەیە، چاوەڕوانیەكان زیاتر ئابورین، خەڵك لە كێبەركێی خراپی حزبەكان بێزارە، متمانە بە دیموكراسیو هەڵبژاردن نەماوە، دەسەڵاتداران ئەو قسانە دەكەن كە قسەی ئێستا نینو خەریكی نوێكردنەوەی دوێنێن، نەك قسەی سبەینێ بكەن. خەڵك هەم ژیانی دەوێت، هەم گۆڕانكاریەكی باش. ئەگەر دەسەڵاتداران باش خوێندنەوە بۆ ئەمە بكەن، شانسی باشیان بۆ دروست دەبێتەوە، ئەگەر خوێندنەوەیان بۆ ئەمە نەبێت، سەقامگیری سیاسی لەرزەی تێدەكەوێت، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر دۆخەكانی دیكە دەبێت، هەرێمی كوردستان چۆن بەرەو داهاتوو دەڕوات..
كورد لەهەرێمی كوردستان داوای دیموكراسیو كۆمەڵگای ئازاد ناكات، داوای گۆمەڵگای خۆشگوزەران دەكات، بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە كێ لەسەر حوكمە، چ پاشخانو فكرێك ئاراستەی دەكات، ئەوەی دەیەوێت، نەوتو غازو بودجەی شەفاف بێت، خاوەنی داهاتی مانگانەو كاسبی باشی خۆی بیًت، خەڵك كێشەی فكری نیە، كێشەی تەندروستیو نیشتەجێبونو كارەباو ئاوی هەیە، كێشەی فكرو دیموكراسی لە خاڵی دواوەن. سەیری كۆی قسەو لێدوانو هەڵوێستو ناڕەزایەتیەكان بكەیت، هەمویان داوای كۆمەڵگای خۆش گوزەران دەكەن، بەئۆپۆزسیۆنیشەوە!!، منیش هەمان داوام هەیە مەبەستم نیە بڵێم داواكردنی كۆمەڵگای خۆش گوزەران كارێكی هەڵەیە..
ئەگەر دەسەڵاتداران لە سەركەوتنی كۆمەڵگای خۆش گوزەران سەركەوتوو نەبن، ئەوكات ئەگەری جوڵانی شەقام هەیە. عێراقیەكانیش لە شەقامی تەحریر داوای نەمانی گەندەڵیو شەفافیەتو خزمەتگوزاری دەكەن، خواستێكی گشتییە. كەواتە كورد لەناوخۆی هەرێم لەبەردەم دووڕیانی كارێكی لەمجۆرەیە، یان بەرەو ئاراستەی سەركەوتن دەڕوات، یان بەرەو ئاراستەی خراپ، كە هەردوو ئاراستەكە لەبەردەممان وەستاون.