كه‌س هه‌یه‌ گوێ بگرێ؟

هەندرێن شێخ راغب
  2019-03-10     1117

وڵاتانی چین، ژاپۆن(یابان)، كۆریای باكورو باشور، نه‌یانتوانی كێشه‌كانی نێوان خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ روی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ به‌ ئاسانی زلهێزه‌كانی وه‌ك ئه‌مریكاو روسیا بچنه‌ ناو قوڵایی سنورو سیاسه‌ت‌و كۆمه‌ڵگاكانیان، كه‌ جه‌نگی جیهانیش به‌رپابوو، به‌سه‌ختی باجیانداو ئێستاش به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌كارهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی‌و تاوانی هێرۆشیماو ناكازاكی بۆ نمونه‌ با سه‌یری بكه‌ین؟؟. ئێستاش بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ ژاپۆن هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا كۆریای باكور به‌هۆی ته‌نگه‌ژه‌ی چالاكیه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی له‌به‌رده‌م ئالنگاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدایه‌؟. 


دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌مان سیناریۆی زه‌مه‌نی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌می ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێزانه‌یه‌ كه‌ ناومان هێنان. دوو وڵاتیش تۆمه‌تباری سه‌ره‌كین له‌م بواره‌دا، یه‌كه‌میان رژێمی مه‌زهه‌بی‌و ئایدۆلۆژی ئێرانه‌، كه‌ ئاماده‌ نیه‌ گوێ له‌ هیچ داواكاریه‌كی دیموكراسی‌و كرانه‌وه‌و چاره‌سه‌ری عاقڵانه‌ وه‌ربگرێت، سوره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی تاك جه‌مسه‌ری خۆی. ده‌ستی خستۆته‌ ناو كاروباری ده‌وڵه‌تانی هه‌ر چوار ده‌وری خۆی، ئه‌مه‌ش ناوچه‌كه‌ی ئاوه‌ڵا كردوه‌ بۆ كێبه‌ركێی چه‌ك و جه‌نگ و به‌رزبوونه‌وه‌ی كێرڤی ناكۆكی نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب‌و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان. دووه‌میان سیاسه‌تی ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیایه‌، كه‌ بێ ئاگایی‌و تاك جه‌مسه‌ری سیاسه‌تی دیكتاتۆریانه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ داگیركردنی عه‌فرین گه‌یشته‌ لوتكه‌ی خۆی، ئێران‌و توركیا به‌س بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ره‌وای كورد چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ئاماده‌ی هه‌موو شتێكن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆمبی ئه‌تۆمیش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاقی بكرێته‌وه‌؟ كه‌ عه‌فرین داگیركرا ده‌رگای هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی زیاتری وڵاتانی چه‌ك فرۆش‌و زلهێز كرایه‌وه‌. بۆیه‌ ته‌واوی گه‌لانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی زۆر گه‌وره‌ن. كه‌ به‌داخه‌وه‌ كه‌س نیه‌ گوێی لێ بێت‌و له‌م قوڵاییه‌ تێ بگات. 


توركیا سیسته‌می موشه‌كی ئێس 400 له‌ روسیا ده‌كڕێت؟ ملیۆنان و ملیار دۆلاری هاوڵاتی توركی له‌قوڕگی منداڵه‌كانیان ده‌رده‌هێنێت بۆ كڕینیان؟ ئه‌گه‌ر له‌بری ئه‌وه‌ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات، ئاشتی بكات، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی دیموكراسی، به‌رامبه‌ر كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ نه‌رم‌و خاوه‌نی دیموكراسی‌و سیاسه‌تی ئاشتیانه‌ بێت، ئه‌وا یه‌كه‌م سودمه‌ند خۆی ده‌بێت، ئاسایش‌و ئارامی ناوه‌وه‌و سنورو ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌وكات بیانوو نابێت بۆ هیچ یه‌ك له‌ ئه‌ مریكاو روسیا به‌ هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت، بێنه‌ سه‌ر سنوری توركیاو ناوچه‌كه‌. ئه‌گه‌ر ئێران كێشه‌كانی خۆی له‌ناوه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات، بكرێته‌وه‌ به‌سه‌ر خۆیداو به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، هێنده‌ خه‌ریكی جه‌نگ و ململانێی سه‌ربازی نه‌بێت، پاره‌و داهاتی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ..ئه‌وكات كه‌س ناتوانێت به‌ ئاسانی سزای ئێران بدات؟ به‌دڵنیایه‌وه‌ ده‌ڵێم سیاسه‌تی خراپی ئێران‌و توركیا به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت، ئێره‌ ده‌بێته‌ بازاڕی یه‌كه‌می موشه‌كی پاتریۆت‌و ئێس 400 و موشه‌كی تۆماهۆك‌و ئێف شانزه‌و ....هتد، ده‌یان چه‌كی كۆمه‌ڵكوژو مه‌ترسیدارو ئه‌تۆمی. كه‌ئه‌وكات له‌بری ئه‌وه‌ی باسی هه‌زاران قوربانی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ین، ده‌بێت باسی ملیۆنان قوربانی بكه‌ین؟؟


سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیچ ناوه‌ندو گروپێكی گه‌وره‌ی سیاسی‌و رۆشنبیری‌و جه‌ماوه‌ری نیه‌، بتوانێت كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ده‌ست جه‌نگ و كوشتن‌و چه‌ك ده‌ربێنێت، به‌هاری عه‌ره‌بی بوو، ئه‌ویش كه‌وت. ئێستا له‌سوریا دۆزه‌خی راسته‌قینه‌ دروست بووه‌، ئه‌گه‌ر عه‌قڵیه‌تی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ نه‌گۆڕێت‌و گوێ نه‌گرن، دڵنیابن هێرۆشیماو ناكازاكی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×