كابرایەكی سەرئاسنی رم بەدەست، زرتە بۆرەیەكی رەزا قورس، لەبەردەمم قوت بۆتەوە، رمەكەی كێشا بە زەویداو حیتەی كردو گوتی: ئێوە حەیای منتان بردووە هەر شتێك بێت دەڵێن هۆلاكۆ بەزێن. لەمەودوا پێتان دەڵێم هۆلاكۆ كێیە؟ نەرمە قاقایەكم بۆی كردو پێم گوت: قوربان ئەوە سەردەمی خۆی بوو، ئێستا كوا ئێمە تاقەتی ئەوەمان ماوە، ئێمە ئێستا هەموومان سەرقاڵی دادگای پاریسین. بڕۆ بە رێی خۆتەوە ئەم هەموو لەشكرەت بۆ كوێ هێناوە، دەوری قەڵای هەولێرت گرتووە، هەزاران تیروكەوان و شیرو رمبازت هێناوە.
هۆلاكۆخان حیتەیەكی كرد و خۆی گرژكردەوە، ورتە ورتێكی كرد، تێم نەگەیشت. فەرمانی كرد، كوردێكیان هێنا بۆ تەرجومەی نێوانمان، كابرا كرمانجی باكور بوو، قسەی كرد، گوتم ئەمە نایخوا؟ هۆلاكۆ خان گوتی: بۆ. گوتم: ئەمە پەكەكەیە لێرە جێگای نابێتەوەو ئێمە قبوڵی ناكەین. ئەمجارە فەرمانی كرد كوردێكی دیكەیان هێنا، گوتم ئەمەش ناخوا، هۆلاكۆ خان گوتی: بۆ؟ گوتم یەپەگەیە لای ئێمە ئەمە ناخوا. ناچار دوای فەرمانی هۆلاكۆ خان، كوردێكی دەوروبەری قەڵایان گرت و هێنایان كە زمانی ئەم تەتەرو مەغۆلانەی فام دەكرد. كەوتینە قسە...
هۆلاكۆخان: سەربازەكانم بۆ شەڕی ئێوە هاتوون و كوا لەشكرتان؟
بەندە: قوربان هێزی حەفتا یان هێزی هەشتا؟ شەڕی تۆ لەگەڵ كامەیانە؟
هۆلاكۆ خان: هێزی حەفتاو هەشتا چیە؟ من لەشكری كوردم دەوێت؟
بەندە: قوربان ئێمە هێزی كوردیمان نیە، حەفتاو هەشتاو تایبەت و كۆماندۆو شتی وامان زۆرە، كامەت دەوێت بۆ شەڕ. هەشمانە تراكتۆری هەیە.
هۆلاكۆ خان: پێ دەچێت تۆ بێ ئاگا بیت، لەگەڵ بەرپرسی باڵای ناوچەكەتان قسە دەكەین.
بەندە: قوربان ناوچەی كوێ، زۆنی زەرد، یان زۆنی سەوز؟
هۆلاكۆ خان: سەوزو زەرد چیە؟ من ئیدارەی كوردی دەڵێم.
بەندە: قوربان بڕۆ بۆ سماقوڵی سەیتەرەكانیان بستێك لەیەك دوورە لەوێ دەزانیت باسی چی دەكەم.
هۆلاكۆ: ئەی كێ دەستە راستی ئێوەیە
بەندە: قوربان چەپ وراست لای ئێمە نەماوە، فكری چەپ و راست ههموويان خەریكی بەرژەوەندی شەخسین.
هۆلاكۆ خان: من ئهم شتانه نازانم یان تەسلیم دەبن، یان خەرجی و خۆراك و تفاقم دەوێت بۆ لەشكرەكەم.
بەندە: قوربان ئێمە بە چل رۆژ موچەیەك وەردەگرین، نیوەی زیاتر بۆ قەرزی ماركێت و عیادەو مۆلیدە رۆیشتووە، تفاق و خۆراكی تۆ بە ئێمە دابین ناكرێت.
هۆلاكۆ: موچە چیە؟ من بەشی لەشكرم دەوێت.
بەندە: قوربان موچە ئەو تۆپەیە لەسەری موچەخۆریان بەستووە، هەر لە بەغداوە تاوەكو مەنگۆلیای زێدی خۆت شەق شەقێنەی پێ دەكەن.
هۆلاكۆ: پێ دەچێت تۆ بێ رێزیم پێ بكەیت، خۆت لە داواكاریەكانی من دەدزیەوە؟
بەندە: قوربان حەدم نیە، بێ رێزیت پێ ناكەم راستیت پێ دەڵێم. تۆ بۆ شوێنێكی هەڵە هاتووی، ئەم رمبازی و تیروكەوانە دەمێكە تەواو بووە، هەتا زووە بڕۆ لێرە؟
هۆلاكۆ: بۆچی بڕۆم لێرە، من لە ئێوە ناترسم.
بەندە: قوربان لەبەر ئێمە نا، درۆنی توركی و ئێرانی زۆرە، با یەكێكیان ئەم سەرە ئاسنەت نەتەقێنێتەوە.
هۆلاكۆ: درۆن چیە؟
بەندە: هاااا هووو..قوربان درۆن ئەو فڕۆكە تازەیەیە كە دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو ئاسمانی كوردستان پڕیەتی. هەتا زووە ئەم قەرەباڵغیە لە دەوروبەری قەڵای هەولێر لابا، هەتا رم وتیرو كەوان و لەشكری بەڕێزتیان تەفروتونا نەكردووە.
هۆلاكۆ: برسیمانەو پێویستە ئێوە خۆراكی لەشكرم دابین بكەن، ئەگینا فەرمان دەدەم هێرش بكەن.
بەندە: قوربان ئێستا رەمەزانەو خۆراك زۆر گران بووە، چونكە ئێمە عادەتمانە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە بازاڕ دەفڕێت، هەناردەی نەوتیش راوهستاوە، بۆیە پارەی خۆراكی ئێوەمان نیە، بەرۆژوین ناشتوانین نانتان بۆ ئامادە بكەین، زۆر ببوورە.
هۆلاكۆ: ئێوە خەریكە دەهریم دەكەن. لەوە زیاتر بەرگەی ئەم وەڵامانەی تۆ ناگرم.
بەندە: قوربان سەبرێكت هەبێت، شاندی هەرێم لە بەغدایە، دەیەوێت بریارەكانی دادگای پاریس رابگرێت. ئەوكات بە ئاشتی یان بەشەڕ حاڵی ئێوەش یەكلا دەكەینەوە.
هۆلاكۆ: نەوتی چی و دادگای چی؟
بەندە: هاااا هووو..كوڕە توركیاو ئێران و عێراق و ئەمریكاو ئەوروپا سەرقاڵی مەلەفی نەوتی هەرێمن، بەس خەڵكی هەرێم ئاگای لێ نیە، ئەگینا باب و باپیری تۆش ئاگادارن. نەوت بڕوواو نەڕوات، دامەزراندن، پلەبەرزكردنەوە، هەلی كار، پێدانەوەی پاشەكەوتی موچە، دابینكردنی سوتەمەنی بۆ زستان، نرخی بەنزین، كرێی خانوو، نرخی دۆلار، موچە لەكاتی خۆی، كۆچی گەنجان، .....هتد، هۆلاكۆ ئارامی نەماو هاواری كرد، ئەمە چیە باسی چی دەكات ئەم چەنەبازەی نەفامە، بەهەموو هێزیەوە رمەكەی دەستی بەرزكردەوە لە سنگم بكوتێ و بمكوژێ.
خێزانم هەستە زوو بە ئەوە دەمێكە لە دەرگای دەدەن، بڕۆ بزانە كێیە؟
ها.دەرگا، رم، هۆلاكۆ، چی؟
خێزانم: ئەوە شێت بووی..گوتم دەرگایە..
ئەها، باشە..
لەبەر دەرگا: فەرموو كاكە.
پارەی مۆلیدە؟
چەندە؟
حەفتاوشەش هەزار دینارە؟
حەفتاو شەش هەزار!!!
ئەرێ بە ڕاست نرخی مۆلیدە زۆر بێ تام نیە..پارەی مۆلیدە لەسنور دەرچووە؟.