موچە پێكوتەی(ڤاكسین) ئەم دۆخەیە

هەندرێن شێخ راغب
  2020-12-17     594
دوو گۆڕانكاری لەهەرێمی كوردستان رویانداوە، یەكەم ژمارەی دانیشتوان زیاد بووە، تواناو گەشەی مرۆیی هەیە، زۆرینەی گەنجە. دووەم پێداویستیەكانی خەڵك گۆڕاوە..لێرەدا هەردووكیان شی دەكەینەوە:
دەربارەی یەكەمیان: گەشەی خەڵك زیادبووە، ئەمەش وا دەكات شارو گوندو ناوچەكانمان زیاد بكەن، بەرامبەر ئەوە خواست لەسەر هەلی كار، بژێوی رۆژانە، هەبونی دەوام، دامەزراندن، چالاكی بازرگانی‌و كاسبی زیاد دەكات..ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەكەیت دوو كێشە بەرۆكی حكومەت دەگرێت: 1- كۆچكردن و رەو كردن بۆ هەندەران بەرز دەبێتەوە، ئەمەش كۆمەڵگاو حكومەت وزەیەكی زۆر دەگمەن لە دەستی كارو بەهرەو وزەو داهێنان لە دەست دەدات. 2- لەناوخۆدا دەبێتە گوشاری سیاسی‌و خۆپیشاندان و هەڵكوتانە سەر ناوەندەكانی دەسەڵات و دامەزراوەكانی حكومەت. دووەم: جۆری پێداویستیەكان گۆڕاون،ئەگەر ساڵان سەرۆك خێزانێك پێویستی بە كڕینی گوێ درێژو هەبونی خانویەكی قورٍ بوو بێت، ئێستا پێویستی بە ئۆتۆمبێلێكە لانی كەم بە دەفتەرێك دۆلارە، كارەبا، خانوی پڕ پێداویستی، ئەنتەرنێت، خۆراكی جۆراوجۆر، مۆدێلی پۆشاك، سەفەر، مۆبایل، ئاوی پاك، كۆڵان‌و شەقام‌و پارك‌و بازاڕی تازەو هاوچەرخ، ماڵی مۆدێرنی سەربەخۆ، بەكورتی پێداویستیە ماددیەكان جۆراوجۆرو رۆژانەن. بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر حكومەت هەندێك هەنگاو نەنێت قەیرانی سیاسی‌و سەقامگیری حوكمڕانی بەرۆكی دەگرێتەوە: هەنگاوی وەك: 1- دەبێت سەرچاوەكانی داهاتی شەفاف بن و خەڵك متمانەی بە شەفافیەتی داهاتەكان هەبێت. 2- خەرجیەكان نابێت زیاتر بن لە داهاتەكان. 3- باج و خەراج و خزمەتگوزاریەكانی سیاسەتێكی تۆكمەیان بۆ دابنێت و لەگەڵ داهاتی تاك وخێزان بگونجێت.4-جەستەی حكومەت گەورەتر بێت لە جەستەی حزب. 5-دیموكراسی و دەستورو قانون سیمای حوكمڕانی بێت و بە كردەوە بڕوای پێی هەبێت. 5-چەك و سەربازی نیشتمانی بن و نابێت شەڕە پەرۆی حزبی سیمای سەربازی بگرێتەوە.
ئێستا كوردستان گەورەترین قەیرانی دارایی سەختی هەیە لە بواری پێدانی موچە، كە مافێكی دەستوری و سروشتی و یاسایی هەر موچە خۆرێكە. كوردستان یان دەبێت چارەسەری ئەم ڤایرۆسە بكات لە جەستەی حوكمڕانی، یان روداوەكانی وەك سەید سادق دووبارە دەبنەوەو گەنج و مێرد منداڵی خێر لەخۆ نەدیوو، نامراد، بێ كارو بێ پارە و كوڕە هەژار دەبنە سوتماكی ئەم دۆخە نەخوازراوە. لای من هەموو دنیا دڵۆپێك لە خوێنی گەنجێك ناهێنێت، بەڵام ئەمە بە دروشم‌و بەیاننامەو راگەیەنراو نابێت، بەڵكو دروست كردنی كارگەیەك دۆزینەوەی هەلی كار بۆ سێ گەنج سەد دروشم‌و بەیاننامەو راگەیەنراو دێنێت.
هەرچی هەبێت، هەرچی روو بدات، چەندە تەنگەژەی دارایی‌و سیاسی هەبێت، هەرگیز كوشتن و تەقەكردن و رژانی خوێن چارەسەر نیە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بێت، براوەی كۆتایی ئیتلاعات و میت دەبن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×