رانیە‌و قەڵادزێ وەك حەلەبی كوردستان

هەندرێن شێخ راغب
  2020-08-18     1292

ئەم وتارە بۆ رۆحی (بەشیرو محمد)ی جوانەمەرگ پێشكەشە..
حەلەب شارێكی گەورەی سوریایە، بە سەبەتەی خۆراكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، یەكێك لە گرنگترین‌و مێژویترین‌و پیشەسازیترین شاری رۆژهەڵاتە، كەوتنی حەلەب مانای كەوتنی سوریاو تێكچوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
وێستگەی یەكەم: لە ئێستادا رانیە‌و قەڵادزێ بەتەواوی گوندو ناحیەكانیانەوە، ژمارەی دانیشتوانی (500000) نیو ملیۆن كەسە. پێكهاتەی خێزانی لەرێژەی تەمەنەوە وەك گەنج لەئاستێكی باڵادایە، بەپێی دواهەمین ئامار كۆمەڵگەی كوردی یەكێك لە گەنجترین كۆمەڵگای دنیایە، كە رێژەی پیری تەنها لە 5% ە. دەستی كارو وزەو توانای كاری زۆرە. رانیەو قەڵادزێ نەوەیەكی تازەی پێگەیشتووە كە تەواو گەنجەو خاوەنی هۆشیاری‌و بڕوانامەی زانكۆو پەیمانگایەو بەدوای هەلی ژیان و خواستەكانیەوەیە، كە وزەو توانای خۆی بخاتەگەڕ. نەوەیەك چی دیكە توانای گوێگرتنی حكایەتی نیە. 
وێستگەی دووەم: رانیەو قەڵادزێ: ناوچەیەكی گرنگی گەشتیارین، ئەگەر رێگا بدرێت بە خاوەن موڵك‌و دەوڵەمەندو سەرمایەدارەكان، دوور لە دەست تێوەردان، دەتوانن كەرتێكی هێجگار پڕ داهات بۆ ناوچەكە فەراهەم بكەن لەروی گەشتیاری و چەندین هەزار هەلی كار دروست بكەن. ئەمەش پێویستی بەوەیە بەزوویی نەخشەی بەستنەوەی كەركوك بە رانیەوە جێبەجێ بكرێت كە بەداخەوە لەسەردەمی مەلیكیەتەوە تاوەكو هاتنی عەبدولكەریم قاسم لە عێراق دژایەتی ئەم پرۆسەیە كراوە. لەئێستادا دەكرێت فشاری ئەوە بكرێت تونێلی كۆیە تەواو ببێت‌و بەزوویی جادەو رێگاوبانی نێوان كەركوك و كۆیەو رانیە تەواو بكرێت، بۆ ئەوەی گەشتیارێكی زۆری خواروو ناوەڕاستی عێراق بەلای خۆیدا رابكێشێت. مەرگە، قەندیل، شاورێ، هێرۆ، هەڵشۆ، ئاكۆیەتی، خۆشناوەتی، دەربەندی رانیە....چەندەها شوێنی گرنگی گەشتیاری هەیە كە تاوەكو ئێستا كەس دركی پێ نەكردووە، دەكرێ كاری جدیان لەسەر بكرێت و ببنە ناوەندی گەشتیاری. ئەمەش هەلی زێرین دەدات بە دەستی كار لەناوچەكە. 
وێستگەی سێیەم: كشتوكاڵ: دەڤەری راپەڕین، ناوچەیەكی زۆر دەوڵەمەندی كشتوكاڵە، دەتوانێت خاوەنی هەزاران باخ‌و میوەی جۆراو جۆر بێت، خاوەنی سەدان دۆنم سەوزەو بەرهەمەكانی تەماتەو خەیارو پیازو پەتاتەو ...هتد، بێت، ئاوو زەوی كشتوكاڵی بەرچاوی هەیە، خاوەنی زێیی بچوكە، خاوەنی سەدان گوندی پڕ كانیاوو زەوی باخدارییە. 
ناوچەی راپەڕین یەكێك لە كۆنترین ناوچەكانی بازرگانی توتنە، كاتی خۆی لە حەلەب‌و موصڵەوە بازرگانی گەورە دەهاتن توتنی رانیەو ناوچەكەیان دەكڕی، لە مەهابادو ئازەربایجانەوە دەهاتن بۆ كڕینی توتنی ناوچەكە، دوای راپەڕین ئەم سەروەتە بەرچاوەی داهات لەناوچوو. خەڵكی ناوچەكە شارەزاییەكی باشیان لە بەرهەم هێنانی توتن هەیە. دەكرێت ژیاندنەوەیەكی زۆر باشی باخداری‌و كشتوكاڵی‌و میوەجاتی لەناوچەكە ئەنجام بدرێت لەرێگای پڕۆژەی بچوك‌و مام ناوەند كە نەك سەدان بەڵكو چەند هەزار هەلێكی كار دەڕەخسێنێت. بیتوێن خاوەنی باشترین و خۆشترین جۆری گوڵە بەڕۆژەیە كە دەكرێت لەرێگای دورستكردنی كارگەی بچوك‌و مام ناوەند، داهاتێكی هێجگار باش بۆ ناوچەكە فەراهەم بكات، ئەوە جگەلەوەی دەتوانێت رۆنێكی تەندروست و بەرچاویش بەرهەم بهێنێت، ئێستا كارگەی بچوكی رۆنی زەیتونی لێیە كە خزمەتێكی بەرچاوی ناوچەكە دەكات. 
وێستگەی چوارەم: ئاژەڵداری: دەڤەری راپەڕین، لەروی بەخێوكردنی ئاژەڵەوە زۆر جێگای بایەخەو دەتوانێت زۆرترین بەرهەمی ئاژەڵداری هەبێت، ناوچەی كانی ماران‌و قەمتەران‌و گردجان هەر لەكۆنەوە بە هۆی بەخێوكردنی گامێش‌و رەشەوڵاخ، توانیویانە بەرهەمی زۆری گۆشت‌و شیرینەمەنی دابین بكەن، ئێستاش خاوەنی بازاڕێكی تایبەتن لە سەر رێگای سەرەكی رانیەو شارەكانی دیكە. شوێنێكی زۆر لەبارە بۆ بەخێوكردنی سامانی ماسی. كە دەكرێت لە پشدەرو بیتوێن سامانی ماسی زۆرترین داهات و هەلی كار بڕەخسێنێت. لەروی پەلەوەریش دەتوانێت خاوەنی سەدان شوێنی بەرهەم هێنان بێت. پێویستە كۆمەكی پڕۆژەی ئاژەڵداری بكرێت.
وێستگەی پێنجەم: حاجیاوا نمونەیەكی باڵا: ناحیەی حاجیاوا یەكێك لە پڕ بەرەكەتترین ناوچەیە، لەوەتەی ئەم كۆمەڵگایە دروست بووە، خاوەنی مەیدانی ئاژەڵ فرۆشی، مەیدانی چەك فرۆشی، مەیدانی دارو كەلوپەلی بینایە، خاوەنی سەدان كارگەی بلۆك‌و لم‌و چەووە، بازاڕێكی میللیە، خەڵكی ئەم ناحیەیە زۆر كاسب‌و سەركەوتون، دەكرێت وەك نمونەیەكی باڵا لەروی كەسابەتی میللیەوە سەیری بكرێت، كە هەتا بڵێی خاوەنی پڕۆژە‌و ئیش‌وكارن. حاجیاوا ئەزمونێكی دەوڵەمەندەو دەكرێت كەسانی ئابوری ناس و شارەزا توێژینەوەی تایبەتی لەسەر بكەن. لەدەڤەرەكە كۆمەكی گەشەكردنی ئەزمونی حاجیاوا بكرێت. 
وێستگەی شەشەم: ناوچەیەكی وەستاو: بازاڕی رانیە، هەمان بازاڕی پێش راپەڕینە، چەند سەد دوكانێك بەهۆی گەشەی دانیشتوانەوە زیاد كراون. بەڵام بەداخەوە دیزاینی بازاڕ كلاسیك‌و بێ تاقەت‌و بچوك‌و بەرتەسكە، دەبێت قەیسەری‌و بازاڕێكی گەورەی مۆدێرنی لێ دروست بكرێت، لانی كەم هەزار دووكانی باشی پێویستە، بەلام نەك بۆ فرۆشتن‌و ساغكردنەوەی كاڵای ئێرانی‌و توركی‌و چینی، بەڵكو دوكانەكان پیشەوەری‌و پیشەسازی بچوك بن. وەك درومان، وشك كردنەوەی میوە، لە قوتونان،دروستكردنی شیرنەمەنی، دروستكردنی جلی منداڵان، كەلوپەلی یاری، بەرهەمهێنانی وردە پێداویستی كە رۆژانە خەڵك پێویستی پێیەتی، كاری دەستی، شامپۆو سابون، ....هتد، ئەمە وا دەكات هەزاران هەلی كار دروست بكات. گۆڕانكاری لە بازاڕ‌و دروستكردنی ناوەندی پیشەوەری زۆر گرنگە. كە دەوڵەمەندەكان‌و بازرگانەكان دەتوانن بیكەن‌و تەنها حكومەت مۆڵەتی بدات‌و پشتیوانی بكات. 
وێستگەی حەوتەم: مەرزی كێلێ: قەڵادزێ خاوەنی مەرزی نێودەوڵەتی كێلێیە، لەنێوان ئێران‌و عێراق، ناوچەی موكریان‌و راپەڕین پێكەوە دەبەستێتەوە، ئەم مەرزە نێودەوڵەتیە چەند هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت، بۆیە گرنگە بەجدی كاری لەسەر بكرێت‌و بكەوێتە سەر خەتی خۆی. 
وێستگەی هەشتەم: كانزاكان: دەڤەری راپەڕین خاوەنی یەدەگێكی بەرچاوی زێرە، خاوەنی یەدەگی زۆری گۆگردو چەندین ناوچەی كانزاییە، بۆ نمونە گوندی قوڕەگۆ گۆڵێكی گەورەی گۆگردی لێیە كە تەنیشت شاری رانیەیە، بەپێی سەرچاوەكان زۆر شوێنی ناوچەكە نەوت‌و غازێكی زۆری لێیە، بۆیە كاتی هاتووە خەڵكی ناوچەكە خۆی پلانی بوژانەوەی ئابوری‌و بەرهەمهێنانی هەبێت‌و دەست لەناو دەست بە كردەوە كار لەسەر گەشەی ئابوری دەڤەری راپەڕین بكەن.
وێستگەی نۆیەم: كوێخای كۆڵان: لەئێستادا كە موچە نادرێت، بازاڕ وەستاوە، پارە نیە، هەلی دامەزراندن نیە، هەرێمی كوردستان دۆخی خراپە، ناكرێت نەخشە رێگای چارەسەرمان نەبێت، ئەوەی لەم وتارە باسم كرد بۆ ئەوە نیە بەنەفەسی شەخسی سەیری بكەین بەڵكو بەهەموان دەوڵەمەندی بكەین.. بەداخەوە بەشێك لە بەرپرس‌و كەسانی دەست رۆیشتوو لە ناوچەكە، تەنها كوێخای گەڕەكی خۆیانن، خاوەنی هیچ پلان‌و بەرنامەیەكی شاری‌و ئابوری‌و ئیداری نین، رێگاش نادەن كەسی بەتواناو خاوەن پڕۆژە‌و سەرمایەدار خزمەتی ناوچەكە بكەن، نە خۆیان دەتوانن هیچ بكەن، نە رێگاش دەدەن خەڵكی كار بكات، بۆیە رانیەو قەڵادزێ لەسایەی عەقڵی ئەم جۆرە كەسانە بوونەتە گوندێكی گەورە. گەنجان‌و كەسایەتی‌و چالاكوان‌و خاوەن پڕۆژەكان پێویستە پێكەوە (ئەنجومەنێكی مەدەنی) دروست بكەن‌و خۆیان خاوەنداریەتی لە شارو ناوچەی راپەڕین بكەن‌و لەوە زیاتر چاوەڕێی بەڵێن‌و دروشمەكان نەكەن كە حزبەكان بەردەوام دەیجونەوە. بەداخەوە سی ساڵە بە گوتاری حەماسی‌و قسەوقسەڵۆك‌و یەكترشكاندن و ناشیرینكردنی یەكتر هانی خەڵكی ناوچەكە دەدەن. رق‌و كینەو گاڵتەكردن بە یەكتر لەناو خەڵكی دەچێنن، بۆیە دوای ئەزمونی سی ساڵ نابێت چاوەڕێی بەشێك لەم خەڵكانە بین كە خۆیان چاك بكەن‌و دەستی خەڵك بگرن. هیوادارم ئەم وتارەم وەك دژایەتی بۆ هیچ كەس‌و لایەن‌و ناوەندێك ئاراستە نەكرێت، خۆم كوڕی ناوچەكەم و قسە لەسەر خۆم دەكەم ، حەقی ئەوەم هەیە پڕۆژەم هەبێت بۆ خەڵكی ناوچەكەم, 
سەرباری هەموو ئەمانەی لەدژایەتی خەڵكی رانیەو قەڵادزێ ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەڤەری راپەڕین هەر گوڵەباخە بۆن خۆشەكەی یەخەی نیشتمانە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×