مامۆستا عەلی باپیر، خەڵک چی بکات؟
عەزیز ڕەئوف
2020-04-28   1191
لەچاوپێکەوتنێکدا مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی گلەیی لەخەڵک دەکا کە بێدەنگنو بەم دۆخە ڕازین. پێشتریش پارلەمانتارێکی ئەو پارتەو بەشێک لەگۆڕانەکانو ڕایەک کە خەریکە زۆر دەوترێتەوە بەوەی کە خەڵک بێدەنگەو ئەم دەسەڵاتە شایەنی ئەم خەڵکەیەو خەڵک لەگەڵمان نایاو بەم دۆخە ڕازیە.
سەرەتا من وەک چاودێرێک ئەم ڕایە دەنوسم و بە دەنگی بەرز دەڵێم ئەندام و لایەنگری پارتی و یەکێتی مافی ئەوەیان نیە بەشداری هیچ دایەلۆگێک بکەن سەبارەت بە هەر کردەیەک لە دۆخی ئێستادا چونکە نەهامەتی ئەم وڵاتە لە سی ساڵی ڕابردوودا لە ئەستۆی پارتی و یەکێتی یە و هەر ئەم دوو پارتە بەرپرسیارن تا پارتی ئۆپۆزسیۆن دروست دەبێت بۆ پارلەمان و متمانە دەبەخشتەوە بە کابینەکان و بەشداری ئەم دەسەڵاتە دەکەنو دەبێتە دەرشەق بۆ لەسەرپێوەستانی ئەم سیستەمە.
من پرسیار لە مامۆستا عەلی باپیر دەکەم: کەی پارتەکەی تۆ هاتە سەر شەقام تا خەڵک لەگەڵتان نەیا؟ ئێوە چیتان کردووە تا خەڵک لەگەڵتان بەشدار نەبێ؟ کەی یەک لەسەرکردەکانی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەخۆتانو لایەنگرو منداڵەکانتانەوە هاتنە سەر شەقام تا خەڵک لەگەڵتان نەیا؟
مامۆستای بەرێز، خەڵک هەستێکی بۆ دروست بووە کە ئەگەر بێتە سەر شەقام ئەوا ئێوە خۆتان بخەنە پێشەنگ و دواتر بە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات پۆست و پلە لە حکومەت وەرگرن وەک لە حەڤدەی شوباتدا کردتان.
مامۆستای بەڕێز، خەڵکی کوردستان بێدەنگ نیە، بەڵام دەزانێ پارتی سیاسی ڕادیکاڵ و ڕاستگۆی لە پشت نیە تا متمانەی پێ بکات. نە پارتەکەی بەڕێزت نە گۆڕان و نە یەکگرتوو و نە هیچ پارتێکی تری کوردستان شایەنی متمانەی خەڵک نین و دواین هەڵبژاردنی عیراق و کوردستان باشترین بەڵگەیە کە خەڵک پشتی کردۆتە ئەم مۆدێلە لە حزب و حوکمداری.
تۆ سەیرکە کچێک تەنورەکەی کەمێک بەرز بێتەوە ئێوە بەناوی ڕەوشت و ئەخلاقەوە هاوارتان پێ دەکەوێ، کەسێک نوسینێک یان کتێبێک لەسەر ئیسلام بنوسێت ئێوە دێنە سەر شەقام و هاوارتان لێ هەڵدەسێ، محەمەد مورسی لە مسر لەسەر کار لابرا ئێوە لەهەولێر هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانتان ئەنجام دا ، بەڵام دەی پێم بڵێ لەم هەموو پارتەی کوردستان کامتان بە ئاشکرا پێش خەڵک کەوتن بۆ سەرشەقام بۆ وەرگرتنی ماف و داخوازیەکانی خەڵک؟
من دەپرسم: چەند شەهیدماندا لە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات؟ کوا بکوژانیان؟ چیتان بۆ کردن لە پارلەمان و لەناو حکومەت؟ کام سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن ئامادە بوو بێتە ناو خەلک و بەشدار بێ؟ کوڕی کام بەرپرسی ئۆپۆزسیۆن هاتە ناو خەڵک؟ ئەم جۆرە لە جێهێشتنی خەڵک لە دوای حەڤدەی شوباتەوە هەست پێ دەکرێ کە خەڵک متمانەی نیە ئەم پارتە سیاسیانە لە نیوەی ڕێگە جێیان نەهێڵن.
خەڵکی کوردستان بێدەنگ نیە، لە خولی پێشوی پارلەمان بارتەقای ئەندامانی یەکێتی و پارتی خەڵک دەنگی بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دا، ئەمجارەش زۆرینەی خەڵکی کوردستان زۆر لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن هۆشیار تر بوون کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد و ئەوەش بەچاوی خۆیان پارلەمانێکی بێدەسەڵات دەبینن. جگە لەوەش فەرموو بپرسن بزانن برادەرانی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەت و پارلەمان چیان بۆ خۆیان و چیان بۆ خەڵک کردووە؟
لە ئێستادا دۆخی خەڵکی کوردستان لەوە خراپتر نابێ. ئەوانەی باس لە بێدەنگی خەڵک دەکەن فەرموو با خۆیان و پارلەمانتار و هاوسەر و منداڵەکانیان بێنە سەر شەقام، یان میکانیزمێکی تری دژ بەدەسەڵات لە کوردستان پیادە بکەن بزانە خەڵک بەشدار دەبێ یان نا؟ ئەگەر خەڵک بەشداری نەکرد و هەر بێدەنگ بوو ئەوکات پارتی سیاسی حەقی گلەیی لە خەڵک هەیە. چ کارەساتە حزبی سیاسی لە دەرەوەی خەڵک بیر بکاتەوە و باس لە خەڵک بکات.
هەموو دەزانین وەزیفەی پارتی سیاسی پێشڕەویکردنی ناڕەزاییەکانە، ئەوانەی گلەیی لە بێدەنگی خەڵک دەکەن فەرموو پێمان بڵێن خەڵک چی بکا؟