ڕۆژنامەنوس، خوێنو زیندان
عەزیز ڕەئوف
2020-04-21   855
یەکەم: لەساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ئەوانەی پیرۆزبایی لەڕۆژنامەنوسان دەکەن، هەر ئەوانەن زیندانیان هەیە بۆ ڕۆژنامەنوسانو هەر ئەوانەن کە تۆمەتبارن بەکوشتنی ڕۆژنامەنوسان.
دووەم: لەساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لەئێستادا دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەریو ڕۆژنامەنوسان لەخراپترین دۆخدایەو پێدەچێ ئەم فەزایە زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت.
سێیەم: هەم کابینەی نوێو هەم هەردو پارتی دەسەڵاتدارو گەنجە خاوەن پێگە ئەمنیو سەربازیەکان کورسی دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردووەو ئەگەری ئەوە هەیە دۆخی ڕۆژنامەنوسیو ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی هەم لەهەرێم و ڕاستر لە هەردوو زۆن خراپتر بێت.
چوارەم: کە سەرۆکی هەرێم باس لە مەترسیەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکا، ناڕاستەوخۆ دەیەوێ پێمان بڵێ کە دەمانەوێ سنورێک بۆ ئەم دۆخەی سۆشیال میدیا دابنێن و تەسەور دەکەم لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنترۆڵکردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا لەلایەن کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتەوە کە زۆربەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێن ببینین.
پێنجەم: هەر ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتووە، دنیایەک پارەو سامانی ئەم وڵاتە بۆ ڕژاندنی ژەهر لەشاشەکانەوە دەرخان دەکات. ئەوەی ترسی لەنوسینێکی فەیسبوک هەیە، دنیایەک شاشەی هەیەو ناتوانێ قەناعەت بەخەڵک بکات.
شەشەم: تا ئەم هێزانە زیندانیان هەبێت، شتێک بەناوی ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی بەدی ناکەین. تا هێمن مامەند لەزیندان بێت، بەیانو وتاری بەرپرسان سەبارەت بەپیرۆزبایی بێتام و بەتاڵ لەنوکتەیەک زیاتر چیتر نیە.