پارتی قەت عاقڵ نابێ
عەزیز ڕەئوف
2020-04-07   1273
حکومەتەکەی بەناو براگەورە بەنیوەشەو هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوس. لەو هەولێرەی کە پڕە لەجوانی کەس دەنگی لێ نایا، ئۆپۆزسیۆنی کەواسوری بەر لەشکر بێدەنگی هەڵبژاردووە و خەریکی چەورخۆرییە لەگەڵ پارتی. ئەم سێ هێزە کە حکومەتیان پێکهێناوە بەرپرسن لەگیانی ڕۆژنامەنوسانو هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە.
دنیایەک میدیاو کەناڵتان بەپارەی نەوت دامەزراندووە، هێمن چی کردووە دەتوانن وەڵامی بدەنەوە، ئەم ترسەی پارتی لەیەک ڕۆژنامەنوسو هەڵکوتانەسەر ماڵی بەنیوەشەو دەیسەلمێنێت ئەم پارتو دەسەڵاتە پیاوی عاقڵی تیا نەماوەو لەدەنگە ئازاو ئازادەکان دەترسن. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئێوە ڕێوی دەرەوەو شێری ناوەوەن.
پاراستنی کیانی هێمن مامەند و هەر ڕۆژنامەنوس و هاوڵاتیەکی تری ئەم دەڤەرە لە ئەستۆی ئەم حکومەتە سێقۆڵیەدایەو هەر کردەیەکی نادیموکراسیانە و مافیائاسا پەڵەیەکی ڕەشە بەنێو چاوانی ئەم دەسەڵاتەوەو بەجۆرێک خەریکە هیچ پەڵەیەک بەدەم و چاوی ئەم مافیایانەوە دیار نەبێ و بەتەواوی ڕوویان ڕەش بوبێ.
ئەوەی یەک دەقە لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژیابێ تێدەگا هەڵکوتانی بەعسیەکان بۆ سەر ماڵەکان چەند ترسناکە، ئەم هێزە نەک هەر تەمسیلی بەعس دەکا، بەڵکو بەتەوای بۆتە بەعسی و یەکێتی و گۆڕانیش لەناو ئەم حکومەتە ڕۆڵی تەنفیزی و تەشریعی سەردەمی بەعس دەبینن.
ئەو بێدەنگیەی دوای ئەم کردە مافیاگەریە دەیبینین سەرەتای دروستبوونی حکومەتێکی پۆلیسی و سەرکوتکەرمان پیشان دەدات و ئەگەر عاقڵ نەکرێ سەری خۆی و هەموومان لەگەڵ خۆیدا دەخوات.
عەزیز ڕەئووف