بێشەرمیش بەوڕادەیە؟
عەزیز ڕەئوف
2019-05-08   1353
یەکەم: ئەوەی ئەمڕۆ لەپارلەمانی کوردستان ڕویدا، بەمەهزەلەبونی ئەم دامەزراوەیەو بەڕۆبۆتبونی کۆی پارلەمانتارانی نیشاندا (ڕێژەیەکی کەمیان نەبێت). ئەوەی ئەمڕۆ لەپارلەمان ڕویدا پێمان دەڵێت کاری پارلەمانتاریو خەباتی پارلەمانی چ مەهزەلەو گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە.
دووەم: ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لەپارلەمان کردی جگە لەبێحورمەتیکردن بەدەنگدەرەکانی خۆیانو پشتکردنە خەونەکانی نەوشیروان مستەفاو درۆکردن لەگەڵ ویژدانی خۆیاندا هیچی تر نەبوو. دەنگدان بە (یەکەم: سەرۆکی هەرێم شەهادەی نەبێتو دووەم: سەرۆکی هەرێم دەست لەکاری حزبی نەکێشێتەوە) لەلایەن برادەرانی گۆڕانەوە هێندە عەیبە لەئێستادا وەک چۆن کوڕی ئەو نوخبەیەی دەسەڵات بیت شەرمە، گۆڕانخوازێکیش لەسایەی ئەم هێزەدا بمێنێتەوە دە هێندە مایەی شەرم و ڕووقایمیە.
سێیەم: دەرکەوت ئەوانەی لە هەڵبژاردن بایکۆتی دەنگدانیان کرد و بەشداری هەڵبژاردنی پارلەمانی کورستانیان نەکرد، زۆر لەنوخبەی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی کوردی هوشیار ترو بەئاگاتر و عاقڵترن. بەرەی بایکوت کە زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستانن بڕیارێکی زۆر عەقڵانی و ویژدانی و ئینسانیان داوە کە نەبوون بە بەشدار لەم گەمە سیاسیە بێتامەی کە ئێستا لە پارلەمانی کوردستان دەگوزەرێت.
چوارەم: دوای حەوت مانگ لەهەڵبژاردن و ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆست و سامان و بێدەنگی هێزەکانی تر لەم گاڵتەجاڕییە، مەرگی کردەی سیاسی لەکوردستان نیشاندەدات کە چۆن بەدەست هێزگەلێکی بەتاڵ و بەرژەوەندیخوازو بازرگانەوە دەناڵێنێت و دەسەڵات و پۆست و سامان بەبەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە لەخۆیانەوە بۆ منداڵەکانیان تاپۆ دەکەن و دەگوازنەوە.