بێدەنگیو تەور وەشێنێک لەپایتەخت
عەزیز ڕەئوف
2021-02-16   1189
ئەوەی دەگوزەرێ بەرهەمی بێدەنگیە، بێدەنگی خەڵک و شەقام و بێدەنگی هێزەکان. ئەوەی دەگوزەرێ یەکێتی و گۆڕان وەک پارتی بەرپرسن چونکە بەناوی دادگا و حکومەتەوە ئەم کردەوە بێحورمەتیە ئەنجام دراوە.
ئەوەی دەگوزەرێ بەرەو خراپتر دەڕوا ئەگەر سنورێک بۆ ئەم چەتەگەرییە دانەنرێ، تەوروەشێنێک لەو پایتەختە بەئارەزووی خۆی تەور دەوەشێنێت و خەڵک و هێزەکان و یەکێتی و گۆڕان وەک تەماشاکەرێکی سەرکز تەماشای تەوروەشێن دەکەن.
ترس لە کۆمێنتی سۆشیال میدیا و ترس لە گەنجانی بادینان و ترس لە مامۆستا و ترس لە ڕۆژنامەنوس لاوازی ئەم تەوروەشێنەیە کە ئەوەی بەهێزی کردووە دەستکی تەورەکەیە کە لە ئێستادا دەسکی ئەم تەورە یەکێتی و گۆڕانن و ئەوەی ئەم تەورەی بە تیژی هێشتۆتەوە بێدەنگی خەڵک و هێزەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن و سەرجەم چین و توێژەکانی ئەم دەڤەرەیە.
ئەم تەوروەشێنە نەوەستێنرێ، چاوەڕێی زیاد لە سیناریۆیەک و زیاد لە خوێنێک و دەرکەوتنی زیاد لە بەچکە تەورێک دەکرێ، ئەم تەوروەشێنە نەوەستێنرێ پرسیار دروست دەبێت کە چیتر خەتای پارتی نیە و پارتی بە ئاشکرا ڕوخساری ستەمکاری خۆی دەرخستووە و ئەوەی دەم و چاوی پارتی بۆیاغ دەکا بەدەرەجەی یەک یەکێتی و گۆڕانن کە لە حکومەت و پارلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم پۆستی گەورەیان هەیە و سەری خۆیان کز کردووە.
پایتەخت ڕۆژێکی ڕەشی بۆخۆی تۆمار کرد و ئەوەی ئەم ڕۆژە ڕەشەی وەک خۆی هێشتەوە پارلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و دادگان کە سێ هێزی سەرەکی بەشدارن. لە ئێستادا یەکێتی و گۆڕان لە چەورکردنی پەتی سێدارە بەرپرسن، ئەم دوو هێزە حەسحەسی بەردەرگای زیندانەکانی پارتین و ئەوەی ئەم سێ هێزە و دەسەڵاتیشی هێشتۆتەوە بێدەنگیەکی ترسناکە کە کۆی کۆمەڵگەی کوردی گرتۆتەوە.
تەوروەشێن نەوەستێنرێ سەری خۆی و کۆمەڵگەش لەگەڵ خۆیدا دەبڕێ، ئەم چەقۆکێشە نەوەستێنرێ جەستەی خۆی و کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا دەنێژێ. تەوروەشێن لە پایتەخت لە تاریکیەکەوە بۆ تاریکیەکی تر دەمانگوازێتەوە.دێوێکی شەل لەو پایتەختە گۆڕان و یەکێتی لەژێر باڵی وەستاون و ئەوەی ڕایگرتووە بێدەنگیە، بێدەنگیەکی ترسناک.
دەمی تەورەکە پارتیە و دەستکی تەورەکە یەکێتی و گۆڕانن.